کاڵکان: قسەکردن سوودی نییە، پڕۆسەکە هەنگاونانی پراکتیکی دەوێت

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دووران کاڵکان باسی لەوەکرد لە بابەتی پڕۆسەکەدا لێدوان و قسەی ئەرێنی دراوە، بەڵام هەنگاوی پراکتیکی نەنراوە و دەستنیشانی کرد بۆئەوەی پڕۆسەکە وەرچەرخێتەسەر چارەسەری پێویستە هەموو کەسێک بە بەرپرسیارێتی هەستێت.

دووران کاڵکان

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دووران کاڵکان بۆ مەدیا خەبەر تیڤی قسەیکرد و پەویوەست بە ئاستی ئێستایی پرۆسەکە هەڵسەنگاندنی کرد. چاوپێکەوتنەکەی دووران کاڵکان بەم شێوەیە:

"مانگ و نیوێک بەسەر بانگەوازی ٢٧ ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ تێپەڕی. چاوەڕێ دەکرا کە هەلومەرجی رێبەر ئاپۆ بگۆڕێت. لەم ڕووەوە، چ شتێکی تازە هەیە؟

پێش هەموو شتێک سڵاو لە بەرخۆدانی مێژوویی ئیمراڵی و ڕێبەر ئاپۆ دەکەم. بەداخەوە گۆشەگیری لە ئیمراڵی بەردەوامە. هیچ زانیارییەکمان پێ نەگەیشتووە کە هیچ گۆڕانکارییەکی جددی کرابێت. وەک ئێوەش وتتان مانگ و نیوێک تێپەڕی. ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازێکی مێژوویی کردبوو کە سڵاوی لە هەموو کەسێک کردبوو. چاوەڕوان دەکرا کە پێشکەوتن و گۆڕانکاری پراکتیکی لەم ڕووەوە بکرێت. بەڵام ڕەوشێکی وا نییە. گۆشەگیری لە ئیمراڵی بەردەوامە، سیستەمی گۆشەگیری و قڕکردن لەئیمراڵی بەردەوامە. ڕێبەر ئاپۆ هەلومەرجی ژیانێکی ئازاد و کاری ئازاد نییە. دەگوترا لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەمە ڕوودەدات. هەروەها لە بەرنامەی پێشوودا وتمان و سەرنجمان بۆ ئەوە ڕاکێشا. بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەدا. تا ئێستا هیچ. لە لایەکی تریشەوە گفتوگۆ لە ئارادایە، لەسەر بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، سەبارەت بە ڕەوشی ئیمراڵی.

زۆر شت شرۆڤەن، یان بۆ ئامانجی جیاواز دەخرێنەڕوو. ئەوەندەی ئێمە دەزانین و تێدەگەین، دوای ئەوەی بە پراکتیکی وەڵامی بانگەوازەکە نەدرایەوە، ئەمە مشتومڕێکی جددی و قەیرانی لێ کەوتەوە. ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی پارتەکەمان بە ڕوونی هەڵوێستی خۆمان دەربڕیوە. گوتمان، ئەم کارە بەم شێوەیە ناکرێ. ئێمە پێمان وایە هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆش هاوشێوەیە. هەندێک دەیانگوت: "نەیویست لە نەورۆزدا پەیام بدات"، بەڵام وا نەبوو. بەپێی هەڵسەنگاندنی ئێمە، ڕێبەر ئاپۆ بۆ تێکنەچوونی ڕەوشەکە هەڵوێست نیشان دەدات و لە ئیمراڵی ڕەوشێکی قەیراناوی هەیە. دەگوترێت، بە ڕاگەیاندراو و دیداری دوایی، ئەم ڕەوشە قەیراناوییە نەماوە. وایە یان نا، تا ئێستە هیچ زانیارییەکی ڕوونمان نییە. بەڵام خواستراوە، ڕەوشێکی ئەرێنی بە ڕای گشتی پیشان بدرێت.

بێگومان پێویستە ناوەڕۆکی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ تاوتوێ بکرێت. هەمووان دەتوانن بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە سیستەمی ئیمراڵی و سەبارەت بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد دەرببڕن. بەڵام نابێ بگوترێ 'لە فڵان کەسم بیستووە کە ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی وتووە'. بە واتایەکی تر نابێت کەس بەناوی ڕێبەر ئاپۆوە قسە بکات. پێویستە مرۆڤ ئاگاداری ئەم بابەتە بێت. ئەم ڕەوشە بەدحاڵیبوون دروست دەکات. تەنانەت ڕەنگە هەندێک بیانەوێت ئەمە بەڕێوەببەن. گرنگە مرۆڤەکان لەم بابەتەدا وریا بن. لە لایەکی دیکەوە ڕێبەر ئاپۆ ئەو ئەرکەی کە لەسەر شانی بوو جێبەجێی کرد، تەنانەت لەوەش زیاتری کرد. بەڕاستی هەمووان سەرسام بوون. ڕوانگەی گشتی ئەوە بوو کە ئەو شتە چاوەڕواننەکراوەکانی ئەنجامدا، ئەوەی کە نەدەکرا بە ئاسانی ئەنجام بدرێت، ئەنجامیدا. ڕاگەیاندراوی لەم جۆرە هەبوون. ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو کەسێک وردتر و باشتر، ڕاگەیاندراوێکی بۆ چارەسەر خستەڕوو.

بێگومان ئەمە گرنگ و واتادار بوو. بەڵام نابێت مرۆڤ چاوەڕێ بێت هەموو شتێک لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە چارەسەر بکرێت و بڵێت بە ڕاگەیاندراوەکانی ڕێبەر ئاپۆ هەموو شتێک چارەسەر بوو. نابێت چاوەڕوانییەکی وەها هەبێت. ئەم پرسە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە نەئافرێندراوە. لەپشتەوە پرسی کورد هەیە. ئەم پرسە لەلایەن سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری نێونەتەوەیی و دەوڵەتی کۆماری تورکیاوە ئافرێندراوە. بە نکۆڵیکردن لە کوردان، بە دەسپێکردنی هێرشی پاکتاو، بە قڕکردنی کوردان ئەم پرسە ئافرێندراوە. بە دوژمنایەتی کوردان، سیاسەت و زیهنیەتێک کە حیساب بۆ کوردان ناکات و هەوڵی لەناوبردنیان دەدات، ئەم پرسە ئافرێندراوە. ئەمە بنەڕەتی پرسەکەیە. ئەمەش لەسەر بنەمای توندوتیژی بوو. بۆیە چارەسەری پرسەکە لێرەوە دێت. ئەوانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن، ئەوانەی سەد ساڵ و دوو سەد ساڵە کۆمەڵکوژی و قڕکردن دژی کورد دەکەن، دەبێت دەستبەرداری ئەم سیاسەتە و ئەم زیهنیەتە بن. ئەوانەی تەنانەت مافێکی بچووکی هەبوونی کورد قبووڵ ناکەن و دەیانەوێت لە ناویان ببەن، دەبێت دەستبەرداری ئەم کارە بن. ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە ئەم ڕاستییەیان ئاشکرا کرد. خستیانە بەردەم هەمووان. ڕێبەر ئاپۆ وتی: "من ئەم کێشە و پرسەم نەئافراند، ئەوانیتر ئافراندیان . هاتەپێشی من. هەمووان دەیانبینی، بەڵام پەردەپۆشیان دەکرد. من نەمدەتوانی وەک ئەوانیتر لەم پرسە نزیک ببمەوە. من لە شوێنێکی نادیارەوە نەهاتم و بڵێم لێرە پرسێک هەیە. هەروەها بۆ چارەسەرێک خەبات دەکەم". هەر بۆیە ڕێبەر ئاپۆ خەبات دەکات و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ دەکات. بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بە تەنیا ناتوانێ لە تورکیا ئاشتی بەدی بهێنێت.

شەڕ و ئاشتی لە چەند لایەنێک پێکدێت. بە یەک لایەن نابێ. ڕێبەر ئاپۆ زیاتر لە ٣٠ ساڵە هەوڵێکی بێ وێنە دەدات بۆ ئاشتی، بەڵام بە تەنیا چارەسەر ناکرێت. ئازادی و دیموکراسی بەم شێوەیە بەدی نایەت. بە هەوڵی یەک کەس نایەتە دی، دەبێت هەمووان بەشداری بکەن و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانی هەمووان. بۆیە نابێ بگوترێ 'ڕێبەر ئاپۆ چارەسەر دەکات، ئەو چارەسەری کرد، چارەسەر دەبێت، بەسە' و نابێت ئەو جۆرە چاوەڕوانیانە لەناو کۆمەڵگادا بڵاوبکرێنەوە. دروستکردنی ئەم تێڕوانینە هەڵەیە. کۆمەڵگای کورد، ژنان و گەنجانی کورد بەتایبەتی، دەبێ زۆر ئاگاداری ئەم ڕاستییە بن. دەبێت باش بزانن کێ بەرپرسیارە لەم ئەرکە و چۆن چارەسەر دەبێت، ئەرک دەکەوێتە ئەستۆی کێ، بەتایبەت بزانن چ ئەرکێکی تێکۆشان دەکەوێتە ئەستۆی خۆیان و جێبەجێی بکەن.

ئەم ڕەوشە وا دەخوازێت کە هەڵمەتی نێونەتەوەیی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی بەرفراوان بەڕێوەببرێت. لەسەر ئەم بناغەیە لە ڕۆما کۆنفڕانس و کۆبوونەوە و گفتوگۆ بەڕێوەچوو کە ئەمەش گرنگ بوو. هەروەها پێشهاتەکان هەڵسەنگێندرا. هەروەها ئەوەی کە پێویستە لەمەودوا بکرێت، باسی لێوە کرا. سڵاو لە هەموو ئەو کەسانەی کە بەشدار بوون لەو هەوڵەدا. بەڵام دەبێت زیاتر فراوان بکرێت و بڵاو بکرێتەوە و جێبەجێ بکرێت. پێویستە هەڵمەتی ئازادیی نێونەتەوەیی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی بەرفراوان و بەردەوام لە هەموو گۆڕەپانێکدا، لە چوار پارچەی کوردستان و لە هەموو گۆشەکانی جیهان بەڕێوە بچێت.

لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆدا بانگەوازی کۆنگرەش هەبوو. ئەمە بەشێوەی بەرفراوان تاوتوێ دەکرێت. وەک موخاتەبی ئەم بابەتە، ئێوە چ دەڵێن؟

بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بە ناونیشانی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە ٢٧ ی شوبات، بەڕاستی ناوەڕۆکێکی قووڵ و مێژوویی بوو. زۆر واتادار بوو. کاریگەری لە هەمووان کرد. بەزۆریی کاریگەرییەکی ئەرێنی کرد. هەندێکیش بە نەرێنی کاریگەربوون، دژی وەستانەوە. هەندێکیش بەتوندی تۆمەتبارکردنیان دەست پێ کرد. بەڵام کاریگەری ئەرێنی زیاتر بوو. بۆچی؟ چونکە هەموو کەس نەیدەتوانی ئەم بانگەوازە بکات. هەنگاوێک بوو، هەموو کەسێک نەیدەتوانی بیهاوێژێت. هەروەها ئەرک و بەرپرسیارێتی بە هەمووان دەبەخشێت. بانگەوازەکە تەنها لە هەندێک کەس یان هەندێک شوێنی دیاریکراودا سنووردار نەبوو، هەموو کەسێکی ئەم دونیایەی لەخۆگرتبوو. بۆیە کەس ناتوانێت بڵێت ئەم بانگەوازە بۆ من نەبووە. تەنانەت ستەملێکراوترین کەسەکانیش بەهۆی بارودۆخی خۆیانەوە، بوونە موخاتەبی بانگەوازەکە. چونکە ئەم سیستەمە چەوسێنەرە لە ئەنجامی زیهنیەت و سیاسەتی پاکتاوکردن و قڕکردنی کورد بنیات نراوە. بۆیە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان هەموو ئەمانە دەگرێتەوە. تێکۆشانێکی وەها کاریگەرە. تەنانەت ئەگەر هەمووان لە یەک ئاستدا نەبن، بەڵام هەمووان بوونە موخاتەبی بانگەوازەکە.

وەک تەڤگەر، دەستبەجێ وەڵاممان دایەوە. لە ١ ی ئادار، ڕاگەیاندراوێکمان بڵاوکردەوە و هەڵوێستمان نیشاندا. ئاگربەستمان ڕاگەیاند. گوتمان ئەگەر هەلومەرجی گونجاو بڕەخسێت، ئەمە شیاوی جێبەجێکردنە. گوتمان لەڕووی ناوەڕۆکەوە بەتەواوی بەشداردەبین، بەگوێرەی ئەوە مامەڵە دەکەین. بۆ ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو، دووپاتمان کردەوە، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ لە هەلومەرجی ئازاددا ژیان و خەبات بکات. بۆچی؟ چونکە تەنها لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە دەتوانرێت کۆنگرە بگیرێت. ئەو بڕیارانەی دەخوازرێت لە کۆنگرە بدرێت، تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەم بڕیارانە بدات و بیانخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەگەر نا، نە لەنێو تەڤگەرەکەمان و لە دەرەوەش، هیچ هێز و کەس و دامەزراوەیەک ئەو توانایەی نییە. چونکە لەناو تەڤگەرەکان، بەڕێوەبەریی ئێمە، هەموو میکانیزمەکانی دیکە لەسەر شەڕ بنیات نراون، تەنیا دەتوانن شەڕ بکەن. ئەوانەی لە دەرەوەی ئێمەش هیچیان پێ ناکرێت، دەڵێن "با پەکەکە کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە ببەستێت". جیهان یەکی گرت بۆ نەهێشتنی پەکەکە، بە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێک، پەنا بۆ هەموو ئامراز و شێوازێک، پشتگوێ خستنی پێوەرەکانی ئەخلاقی، ٤٠ ساڵە هێرش دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێک بەدەست بهێنن. ماوەی ١٠ ساڵە لەسەر بنەمای 'پلانی چالاکیی لەناوبردن' هێڕش نەماوە نەیکەن، نەیانتوانیوە ئەنجام بەدەست بهێنن، نەیانتوانیوە سەرکەوتن بەدەست بهێنن. ئەوان ناتوانن هیچ بکەن. ئەوان نەیانتوانی پەکەکە لەناوبەرن. نەیانتوان بەردەوام بن لە نکۆڵیکردن لە کورد. بۆیە جگە لە ڕێبەر ئاپۆ کەس ناتوانێت ئەو بڕیارانە بدات یان جێبەجێی بکات.

ئێمە لەپشت ئەم دیدگا و ڕاگەیاندراوەین. هێشتاش لەجێی خۆیەتی. ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێپەڕی، ئێمە هەندێک هەڵسەنگاندمان کرد، بەڵام بەهۆی گرنگی و ناوەڕۆک و زەحمەتییەکانی پرسەکە، بۆ ئەوەی دەرفەت بە پراکتیک بدەین، درێژەمان بە پرۆسەکە دا. ڕاگەیاندراوەکانمان بۆ ئەمڕۆش لەجێی خۆیاندان. لەم ڕووەوە، هێشتا شتێکمان پێ نەگەیشتووە نیشانی بدات کە ڕێبەر ئاپۆ کۆنگرەمان پێ دەبەستێت. ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند کە پێداگرە، ئێمە ئەوەمان بینی. ئێمە لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەوەین. بەڵام هێشتا ڕەوشی ئیمراڵی بۆ ئەمە نەگونجاوە.

زیاتر لە مانگ و نیوێک تێپەڕی. گۆشەگیری بەردەوامە، هیچ گۆڕانێک بۆ ژیان و کاری ئازادی ڕێبەر ئاپۆ نەڕەخساوە. سیستەمی ئیمراڵی هەڵنەوەشاوەتەوە. ڕێبەر ئاپۆ ناتوانێت چاوی بە کەس بکەوێت. دەربارەی کۆنگرە دەرفەتی کارکردنی نییە. ئەگەر بە پراکتیکی ئەم دەرفەتە بڕەخسێت، پرۆسەکە باشتر بەڕێوەدەچێت. ئەگەر بەڕاستی دەسەڵات و لایەنەکانی دەوڵەت دەیانەوێت ئەمە بکرێت، ئەوا ئەو هێزەی کە دەڵێت دەیکەم بوونی هەیە، دەبێت ڕێگەی بۆ بکاتەوە، دەرفەتی پێ بدات. ئەویش بڕیارەکەی جێبەجێ دەکات. بەڵێنەکەی جێبەجێ دەکات. پرسەکەش چارەسەر دەبێت. ئەگەر ئەوەی بەڕاستی دەخوازرێت  چارەسەرێک بۆ پرسەکە هەبێت، دەتوانرێت بەم شێوەیە چارەسەر بکرێت. بەپێچەوانەوە، ئەگەر بڵێن ئێمە سیستەمی ئیمراڵی جێبەجێ دەکەین، سیستەمی گۆشەگیری و دیلبوون بەردەوام دەبێت، هاوکات  پێویستە تا ڕادەیەک پێویستییەکانی ئەو بانگەوازە جێبەجێ بکرێت، ئەوە ڕوونادات. لە پراکتیکدا ئەوە ڕوونادات. ئێستا دەوترێت کە ئەرێنییە، هەنگاوی پراکتیکی دەگیرێتەبەر، شاندی ئیمراڵیش ڕایانگەیاندووە کە گۆڕانکاری لە هەلومەرجی ئیمراڵی دەکرێت، کاری یاسایی دەکرێت، مافی هیوا جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش بە یاسا مسۆگەر دەکرێت. ئێمە بە تەواوی نازانین ئاست و ناوەڕۆکەکەی چییە. بەڵام ئەگەر بەڕاستی ئەمە بێت و ڕێبەر ئاپۆ دەرفەتی بەستن و بەڕێوەبردنی کۆنگرەی بۆ بڕەخسێت، ئەوا پرۆسەکە بەرەوپێش دەچێت.

لای ئێمەوە کێشەیەکی ئەوتۆ نییە، بەپێچەوانەوە، بەردەوام ئاسانکاریمان کردووە. ئەوەی ماوە دەکەوێتە سەر شانی دەسەڵات و هێزەکانی دەوڵەت. ئەوەی ماوەتەوە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی ئەم پرسەیان ئافراندووە و ئەم سیستەمە توندەی گۆشەگیری بەڕێوەدەبەن. ئەوان هێشتا موماتەڵە دەکەن. گوتیان چوارچێوەی یاسایی نییە. لە یاسای ئەوروپادا هەبوو، جێبەجێکردنی یاساکانی ئەوروپا لەسەر یاساکانی تورکیا، فەرزە. لە پراکتیکدا دەیانتوانی بیکەن، لەماوەی سێ ڕۆژدا دەیانتوانی هەمواری یاساکان بکەن. دەزانین شتێک نییە کە نەتوانرێت بکرێت. بەڵام هێشتا نەیانکردووە، موماتەڵە دەکەن، دوای دەخەن. ئەگەر وەها بێت و پرۆسەکە بگەیەنن بە بنبەست، خۆیان بەرپرسیار دەبن.

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆککۆمار کۆبووەوە. نزیکایەتیی دەوڵەت و دەسەڵات بەرامبەر پرۆسەکە چۆنە؟

ئەو کۆبوونەوەیە زووتر ڕاگەیەندرا. دوای ماوەیەکی زۆر، دوای ٢ هەفتە، کۆبوونەوەکە بەڕێوەچوو. مەسەلەی ئەوەی کە ئایا ئەم کۆبوونەوەیە دەکرێت یان نا بووە بابەتێکی گەرم، چونکە زۆری پێ چوو. بەڵام دواجار کۆبوونەوەکە ڕوویدا. بێگومان دیداری سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ شاندی ئیمراڵی دەم پارتی گرنگە. ئێمە بە گرنگمان زانی، بە مانادارمان زانی. لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانیش کۆبوونەوە، لەگەڵ سەرۆکی پارتەیاکنی دیکە کۆبوونەوە، لەگەڵ لایەنی جۆراوجۆر کۆبوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە لەگەڵ سەرۆک کۆمار کە موخاتەبی سەرەکی دەوڵەت و دەسەڵاتە، بەشداریکردنی سەرۆک کۆمار لەو ئاستەدا گرنگ بوو. ئێمە بە گرنگ و ماناداری دەزانین. دیمەنەکانیش بڵاوکرانەوە. لێدوانەکانیش ئەرێنی بوون، هەمووان پێی کاریگەر بوون. بەڵام لە بەرنامەی پێشووش گوتمان، هیوا و چاوەڕوانییەکان زۆرن، قسە هەیە، بەڵام کردار نییە، هەنگاوی کرداری نییە. ئێستە لێدوان و قسەی ئەرێنی و دڵخۆشکەر هەن، نازانین لە پراکتیکدا چۆن دەبێت. بەڕاستی هیچ لەبارەی ناوەڕۆکەکەی نازانین. ئایا بڕیار لەسەر چەند شتێک دراوە، هیوا و چاوەڕوانییەکان باسکراون، ئەنجامەکانی چۆن دەکەونە پراکتیکەوە، هێشتا هیچ نازانین. بەهیواین ئەرێنی بێت و پرۆسەکە بەرەوپێش ببات.

ئایا موماتەڵە و مەشغوڵکردن هەیە؟

نازانین. لێدوانەکان دەڵێن، موماتەڵە و مەشغوڵکردن نییە. بەڵام هێشتا قسەن. کاتێک پراکتیک هەبوو، دەتوانرێت هەنێک شت بوترێت. بێ پراکتیک، قسە بەس نییە. ناتوانین بەگوێرەی قسەکان هیچ بڵێین. کۆبوونەوە گرنگە، لێدوان و ڕاگەیاندراو گرنگە، بەهیواین پراکتیکیش درێژکراوەی ئەمانە بن، ببنە مایەی چارەسەر. بەڵام دەبێت ڕای گشتی و بەتایبەت ڕای گشتی کورد و ڕای گشتی دیموکراتیک و ژنان و گەنجان بزانن، ئەمانە تەنها لە ئاستی قسەن، لە ئاستی هیوا و چاوەڕوانین. نابێت وەک کردار سەیربکرێن. ڕەنگە هەڵەتێگەیشتن هەبێت، لەپشتی ئەوە شەڕی تایبەت هەبێت. ناچارین هەموو لەبەرچاو بگرین. ناتوانین خۆمان فریو بدەین. دەبێت هەموو شتێک بەباشی هەڵبسەنگێنین. دەکرێ بگوترێ 'کۆبوونەوەی ئەرێنیی هەن، لێدوانی ئەرێنیی هەن، ئەی بۆچی قسەی پێچەوانەی ئەمە دەگوترێ؟' ئێمە لەم ڕووەشەوە هۆکاری خۆمان هەیە. بیانووەکانمان چین؟ یەک؛ شەڕ بەردەوامە. هێرش بەردەوامە. فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندیمان، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ڕۆژانە هێرشەکانی سەر گەریلا و ئەنجامی هێرشەکان ڕادەگەیەنێت. ٥ شەهید لە زاپ، ٢ شەهید لە گارە. ڕۆژانە نزیکەی ٥٠٠ بۆ ١٠٠٠ بۆردوومان ڕوودەدات. چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنرێت، فڕۆکە بۆردوومان دەکات. جارێکی تر سڵاو بۆ بەرخۆدانی گەریلاکانمان. بە ڕێز و خۆشەویستی و سوپاسگوزارییەوە شەهیدانی ئەو هێرشانە بیردەهێنمەوە. لەم هەلومەرجەدا مافی پاراستنی ڕەوا لە بەرامبەر هێرشەکان گرنگ و مانادارە. کەس ناتوانێت لەم بارەیەوە شتێکی جیاواز بڵێت. بەڵام ئەمە چۆن دەبێت، دەزگایەک کە دەڵێت تێکۆشانی چەکداری بوەستێت، چەک دابنرێت، هێرشی سەربازی ئەنجام بدات و شەڕ بەسەر بەرامبەرەکەیدا بسەپێنێت؟ ئەوکات داوای چەکدانان چەندێک متمانەپێکراوە؟ ئەمە جێی گفتوگۆیە. ئەگەر وایە، ئەم هێرشانە بۆچی هەن؟ ئەگەر هێزێک هێرش بکاتە سەر هێزەکەی تر کە ئاگربەستی ڕاگەیاندووە، ئەگەر چەک دابنرێت، ئەوکات چی بەسەر ئەو مرۆڤانەدا دەهێنێت کە چەکیان داناوە؟ ئێمە نەفام و منداڵ نین، با کەس هەوڵی فریودانمان نەدات. نەوەک هەر هێرشی سەربازی دەسەڵات، هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگە و گۆڕەپانی سیاسەتیش. باسی هێرشی قڕکردنی سیاسی دەکرێت. لە گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیکدا ئەم هێرشە بەردەوامە. لایەنی کۆمەڵایەتی جیاواز و ڕێکخراوی دیموکراتیک دادەخرێن. زیندانەکان پڕکراون. هێرش دەکرێتە سەر ئۆپۆزیسیۆن. فشار و هێرش بۆ سەر جەهەپە و پارتەکانی تر هەیە. هەڤاڵ قەرەسوو گوتبووی، زیهنیەت و سیاسەت و نزیکایەتییەک نەتوانێت تەحەمولی ئۆپۆزیسیۆن بکات، چۆن دەتوانێت دیموکراتیک ببێت؟ چۆن دەتوانێت دەوڵەت و کۆمەڵگە دیموکراتیک بکات؟ بە ڕێگەی دیموکراتیک پرسەکان چارەسەر بکات؟ ڕێی تێ ناچێت. ئەگەر خۆی دیموکراتیک نەبێت، ناتوانێت دیموکراسی بنیات بنێت، کێشەکان بەڕێگەیەکی دیموکراتیک چارەسەر بکات. بۆیە بەڕاستی دەسەڵاتی ئێستەی ئاکەپە_مەهەپە، ئەم پرۆسەیە و دەرفەتەکانی ئەم پرۆسەیە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتەکەی بەکاردەهێنێت. بە هەموو جۆرێک هێرش دەکات. دادگا و یاسا وەک چەکێک بەکاردەهێنێت.

بەم نزیکایەتییە دیموکراسی بۆ تورکیا. زیهنیەتێک تورکیا دیموکراتیک نەکات، ناتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات. ئەوانەی کە ناتوانن پرسی کورد چارەسەر بکەن، سیستەمی ئیمراڵی ناگۆڕن، ناتوانن بەشداری ئەو پرۆسەیە بکەن کە ڕێبەر ئاپۆ دەستنیشانی کردووە. ئەمە ڕوونە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو کۆبوونەوەی دەرەکیش هەیە. بۆ نمونە لەگەڵ عێراق کۆبوونەتەوە. تاکە ڕۆژەڤ 'تیرۆری پەکەکە، بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی پەکەکە'یە. ئایا ئێوە لەگەڵ پەکەکە ڕێککەوتن دەکەن؟ دەتانەوێت پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. ئەگەر ئەمە ڕاستە، بۆچی بە جیهاندا دەگەڕێن ، سەردانی عێراق، ئێران، ئەوروپا دەکەن، ڕێکەوتنەکانی دژ بە پەکەکە مۆر دەکەن؟ ئەمە بۆ چییە؟ هیچ گۆڕانکارییەک لە زیهنیەت و سیاسەتدا نییە. دژایەتی کورد، نکۆڵی لە کورد، لای دەسەڵات بەردەوامە. ئەمە لە هەموو شوێنێک بەردەوامە. هەوڵی ئەوە دەدەن کورد تەنانەت مافێکی بچووکیشی نەبێت، هەروەها دەیانەوێت کورد لەناوببەن.

بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکەن. هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و هەوڵەکانیان لەسەر سوریا ئاشکرایە. لەو کاتەوە تا ئێستە قبووڵکردنی هەبوون و مافی کورد نەبووە. هیچ کەسێک ناتوانێت بەم شێوەیە بەدوای ئەم پرسانەدا بکەوێت کە ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی پێدەکات. بەکورتی بەڵێ کۆبوونەوە هەیە، هەندێک لێدوانی سیاسی هەیە، بەڵام لەڕووی زیهنیەت و سیاسەتەوە هیچ گۆڕانکارییەکی جددی نابینرێت. دەوڵەت باخچەلی سەرەتا هاتەپێش و داوای کرد کە ڕێبەر ئاپۆ بێتە ئەنقەرە و لە پەرلەمان قسە بکات. وتی، دەکرێت ڕووبدات. بەڵام لە ئاستی قسەدا مایەوە. بەڵام هێشتا زیهنیەت و سیاسەتی دەسەڵات نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی هەبوون و مافە دیموکراتیکەکانی گەلی کورد قبووڵ بکات. بە زیهنیەتی دژایەتی و دوژمنایەتی کورد، دەتوانرێت چی بکرێت؟ هەڵبەتە تەنها قڕکردن دەکرێت. وەها پرۆسەکە بەڕێوەنابرێت. بەڵێ لێدوانی گەشبینانە هەن، بەلامانەوە گرنگن، هیوا و چاوەڕوانی هەیە، دەڵێن هەنگاودەنێن، بەڵام هێشتا مەشغوڵکردنە، پراکتیک نییە، کاتێک مرۆڤەکان بەڕوونی لە هەموو ئەمانە دەڕوانن، پرسیار دەکەن: چی هەنگاوێک دەنێن؟ لە پراکتیکدا چی دەکەن؟ کەس بەباشی نازانێت و تێ ناگات. ڕەوشێکی نادیار و تەمومژاویی بەردەوامە.

گفتوگۆی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت. هەندێکی دیکە ڕوونی بکەینەوە. ئۆپۆزسیۆن و ڕاگەیاندن چۆن ئەم پرۆسەیە هەڵدەسەنگێنن، هەڵوێستیان چییە؟

هەندێک گفتوگۆی گرنگ هەیە. نابێت مرۆڤ زۆر بێ هیوابێت، نکۆڵی نەکات لێیان. هەندێک بازنەی دیمورکراتیک، تەڤگەرەکانی ژنان و گەنجان، وە بازەنە چەپ و سۆسیالیستەکان، لە دەرەوە و ناخۆدا، بەڕاستی هەندێک گفتوگۆی گرنگ لە ئارادایە. لەگەڵ گفتگۆکردن لەسەر رەوش و مافەکانی ڕێبەر ئاپۆدا، سیستەمی قڕکردن و گۆشەگیری ٢٧ ساڵەی ئیمراڵی و پرسی کورد، هەبوونی گەلی کورد و بەدەستخستنی مافە دیموکراتیکییەکان گفتگۆ دەکەن. ئەم گفتوگۆیانە گرنگن، ئەمە ڕاستییەکەیە. چارەسەریش لێرەوە دێت. گەر شتێکی لەم جۆرە نەبێت ئەوا چارەسەریش نابێت. بەڵام هەندێک مشتومڕیش لە ئارادایە، بەڕاستی مرۆڤ سەری لێی سوڕدەمێنێت. مرۆڤ ئەوەندە بیرتەسک، شۆڤێنی و نەتەوەپەرست بێت؟ مرۆڤ ئەوەندە نەتەوەپەرست، دەسەڵاتخواز و بەڕژەوەندیخوازبێت؟ هەندێک مشتومڕ بەهیچ شێوەیەک پەیوەندنی بەڕاستی تورکیاوە نییە. لە بەرژوەندیخوازی خۆیاندان، لە نێو شەڕی بەرتەسکی دەسەڵاتدارییدا ئایندەی تورکیا لەناودەبەن. کێشەکان قورستر دەکەن. ئەمانەیە ڕێگری لە دیموکراتیکبوونی تورکیا و ئازادی کوردان دەکات، ئەم شتانەن. سەریان لێ تێکچووە. ڕوون نییە چیان ئەوێ. تەنها ئەمانە دەبینرێت؛ دووژمنی ڕێبەر ئاپۆن، دووژمنی پەکەکەن، خراپەیان لێ دەبارێ. هەر ئەمەیە و هیچی تر نییە.

مرۆڤ ناتوانێت لەگەڵ ئەم جۆرانەدا چی بکات. پێویستە مرۆڤ ڕاستی تورکیا، ناوچەکە و جیهانیان بیربهێنێتەوە. ئێوە چی دەڵین، چی دەکەن؟ هیچ بەرپرسیارێتییەک هەڵناگرن،  ئێوە سواری ئەسپی دەوڵەت بوونە و دەڵێن، چیمان بوێت ئەوە دەکەین. بەڵام ئەو دەوڵەتەی سواری بوونە دەخزێ، لە لێگەڕینی ئەوەدایە چۆن دەتوانێت سبەی خۆی ڕزگار بکات. لە دۆخێکی ئاوا مەترسیداردایە. هیچ ئاگایەکییان لەمانە نییە. هیچ کێشە و دەردێکییان لە مانەوەی دەوڵەت نییە، هیچ کێشەیەکیان پەیوەست بە داهاتووی وڵاتەوە نییە. ژیانی دیموکراتیک، مافەکانی مرۆڤی کۆمەڵگە کێشەیان نییە. تاکە دەردیان بەرژەوەندییە بەرتەسەکەکانیانە. دۆخێکی ئاوا بەرژوەندیخوازە، کە دۆخێکی زۆر نالەبارە.

پێویستە ڕەخنە بکرێن و دووربخرێنەوە. لە لایەن ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیشەوە مشتومڕی لەم جۆرە هەیە. دەسەڵاتداری فشاری لە جەهەپە کرد، بەڕێوەی دەبات. بەڵام جەهەپەیش نەیتوانی خۆی لەمە ڕزگار بکات. پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە هیوا و چاوەڕوانییە ئەرێنییەکانیان دەربڕی. بەڵام هەنگاو نانێن، ناتوانن پرۆژە پێشکەش بکەن، ناتوانن سیاسەت بئافرێنن. نموونەیەک، نەیانتوانی وا لە پەڕلەمان بکەن کارەکانی بکات. ڕێبەر ئاپۆیش سەرنجی دەخستەسەر پەڕلەمان، ئێمەیش بە گرنگمان بینی، گوتمان ئەم کارانە بە گۆڕانکاری یاسایی ئەنجام دەدرێت، لە ئاستی سەرەتادا ئەو دەزگایەیی کە چارەسەری دێنێتەئاراوە پەڕلەمانە. ئەوانەی پەڕلەمان ناچار بەکارکردن دەکەن ئەم پارتانەن. چەندین پارت لە پەڕلەماندا فراکسیۆنیان هەیە. یان پەڕلەمانتاری خۆیان هەیە. دەتوانن لە پەڕلەماندا کاربکەن. بەڵام جەهەپە ماوەیەک باسی ئەوەی دەکرد، پرۆژەیەک ئامادە دەکەین لەسەر دیموکراتیکبوونی تورکیا و چارەسەرکردنی پرسی کورد. گوتیان پێشکەشی پەڕلەمانی دەکەین، کەچی هیچ شتێک نەبوو. هەڵبەتە گرنگ بوو. هەنگاوی لەم جۆرەی نەنا. تەنها باسی نادڵنیایی و بێ باوەڕییان بە دەسەڵات دەکەن، نیگەرانییەکانیان دەرەبڕن، ڕەخنەی دەسەڵاتداری دەکەن. باسە، با ئەمەش هەبێت، گەر بەڕاستی دەتانەوێت لە دژی ئەم دەسەڵاتە تێبکۆشن، ئەوا کاتێک تێکۆشانتان مانادارە کە بتوانن پرۆژەی چارەسەری پێشکەش بکەن. سوودی نییە، تەنها بە ڕەخنەکردن ناتوانن دەسەڵاتداری لاواز بکەن، بەڵکو دەسەڵاتداری بەهێزتر دەکەن. بۆیە لە کارکردنی پەڕلەماندا، لە ئافراندنی پرۆژەدا هەنگاوی جددیان نەناوە. هیچمان نەبینی. دەڵێن، ناتوانرێت بکرێت، قسە ئەرێنییەکانی دەسەڵاتیش ڕەتدەکەنەوە. لە دۆخێکی لەو شێوەدان. بەم شێوەیە نابێ. گەر بە ڕاستی ڕەخنەی دەسەڵاتداری دەکەی، فشار، هەژموونخوازی و هەڵوێستە دژە دیموکراتیکەکانی ڕەخنە دەکەی، لەو کاتەدا لەسەر دیموکراتیکبوون کاربکە، پەرە بە دیموکراسی بدە، هەنگاوی بۆ بنێ، پرۆسە بئافرێنە، لە پێناو دیموکراتیکبوون پەڕلەمان ناچار بەکارکردن بکە. بەڵام لەم بابەتەدا هیچ پراکتیک نەکرا. ئەمەش دەبێتە هۆکاری بەرتەسکبوون، کۆتایپێهێنان. بەم شێوەیە لە پێش چارەسەری کێشە هەنووکەی و مێژوویەکانی وەک پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیا دەبیتە ئاستەنگ. یان ئەم چارەسەر لە ململانێی تەسکی دەسەڵاتدا گیردەخوات، بەم شێوەیە خۆی لە هێزی چارەسەری دووردەخاتەوە. ئەمە دۆخێکی باش نییە. پێویستە هەموو کەسێک خۆی لە نزیکایەتی لەم جۆرە بەرتەسک، دەسەڵاتخواز و بەرژەوەندیخواز دوورخاتەوە.

نابێت چارەرسەکردنی پرسی کورد، دیموکرایتکبوونی تورکیا لە نێو حساباتی بەرتەسکی دەسەڵاتدارییدا گیربکرێت. نابێت بە بەرژوەندنی بەرتەسکەوە هەڵسەنگێندریت. دەسەڵاتداری بەم شێوەیە هەڵیدەسەنگێنێت. ئاکەپە بەم شێوەیە هەڵیدەسەنگێنێت، لەسەر ئەم بنەمایە هێرشەکانی دەکات. کاتێک وەک دەسەڵاتداری بجوڵێییتەوە، تۆ ناتوانیت بگەیتە دەسەڵات. ئەوکاتە دەبێت پەرە بە دیموکراسی بدرێت. دەبێت بەڕاستی ئۆپۆزسیۆن ببێتە ئۆپۆزسیۆنێکی دیموکراسی، وردە وەردە ببیێتە بۆ دیموکراتیکبوونی تورکیا ببیتە خاوەن پراکتیکێکی لەوجۆرە کە پەڕلەمان ناچار بەکارکردن بکەی. هەنگاو بنێ. بانگەوازی ئێمە بەم شێوەیە. گەر بەمشێوەیە بن ئەوکاتە کاریگەر دەبن، قسەیان مانای ئەبێت، دەتوانن سیاسەتەکانی دەسەڵاتداریش مەحکوم بکەن. پشتگیری کۆمەڵگەش دەستدێنن، بە بەشداری هەموو کەسێک چارەسەر دەکرێت. بانگەوازیمان لە هەموو کەسێک بەم شێوەیە. گەر ئۆپۆزسیۆن ئەمە بکات، ئەوا سەرکەووتوو دەبێت، بەدەر لەمە نابێت.

لە ناوچەکەدا ڕووداوی جددی ڕوودەدەن، کە کاریگەری لەسەر کوردان و تورکیایش دەکات. لەبەرئەوەی ناچەکە دیزاین دەکرێتەوە. لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا دۆخی کورد و تورکیا چۆن دەبێت؟

بابەتێکی گرنگی بەرفراوانە. دۆخی دەسەڵاتداری کە لە پێناو بەرژەوەندی خۆییدا هەموو شتێک دەکات، نزیکایەتی ئۆپۆزسیۆن کە ناتوانێت لە ڕووی بیرکردنەوە و سیاستەوە دەسەڵاتداری تێپەڕێنێت، نیشانەی ئەو دۆخەیە کە کۆتایی بە تورکیا دێنێت و لە دۆخێکی ئاوا چارەنوسسازدا ڕووبەرووی مەترسییەکانی دەکاتەوە. ئەوەی مەترسییە ئەمەیە. شتەکانی دیکە لەبەرچاوە. ئاستی شەڕی سێهەمی جیهانیی، ترەمپ هاتەوە سەر حوکم، باسی شەڕی بازرگانی کرد، شەڕی دەستپێکرد. لەگەڵ چیندا لە ململانێدایە، لەگەڵ ڕووسیادا پەیوەندی داناوە. لەگەڵ ئێراندا کۆدەبێتەوە. لەگەڵ هەموواندا لە ئاستی جیاوازدا لە کۆبوونەوەدایە. ئیسرائیلیش لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە دەرکەوت و سووریا بووە ناوەندنی بنەڕەتی و ململانێکان. ڕوودانی ئەم دۆخە لە سووریادا بەمانای ئەوە دێت شەڕەکە گەیشتووەتە سنووری تورکیا. گوتمان، نۆرەی تورکیایە. دۆخی قوبرس لە ئارادایە. یانی ڕێگەی نوێی وزە لە هندستانەوە دەسپێدەکات و دەگاتە یۆنان، بە دەریای سپی ناوەڕاستدا تێپەڕدەبێت، لە دەوری ئەو ڕێگەیە سەرلەنوێ ڕێگەی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونیاددەنرێتەوە. ئیدی ئەو سیستەمەی کە شەڕی یەکەمی جیهانی دایمەزراندووە هەڵدەوەشێتەوە، کۆتای بە ستاتۆخوازی دەوڵەت-نەتەوە دێت، کۆتایی بە سیستەمەکانی دەوڵەت-نەتەوە دەهێندرێت، لە گۆڕەپانی عەرەبییدا تێکچوو، لەگەڵ ئێرانیشدا کارکردن لە ئارادایە، کۆبوونەوە دەکەن، سیستەمی ئێران بە گوێرەی خۆی هەوڵدەدات چارەسەری بێنێتەئاراوە. ئەم سیستەمە ئەو سیستەمەیە کە تورکیایشی لە ناودایە. داوا لە تورکیاش دەکەن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قبوڵ بکات لە ژێر هەژموونگەرای ئیسرائیلدا قبوڵ بکات، تەسلیمی ئەمە ببێت. پێشتر گوتمان، لە نێو سیستەمەدا دوو ڕێگە لە پێش تورکیادایە؛ یان ئەوەتا شەڕ بکات، یان ئەوەتا تەسلیم ببێت. بەدەر لەوانە ڕێگەی سێهەمین، ڕێگەی ڕێبەر ئاپۆیە. ڕێگەی دیموکراتیکبوونی تورکیایە لەسەر بنەمای ئازادی کوردانە. ئەم ڕێگەیە تورکیا یەکگرتوودەکات، هێزی دیموکراتیکی نیشان دەدات، ئەو ڕێگەیە تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکاتە پێشەنگ، دەیکاتە وڵاتێکی مۆدێل، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیهانی ئیسلامی لە دەوری کۆدەبنەوە. بێگومان بە کۆتایهێنان بە ستاتۆخوازی دەوڵەت نەتەوە، ئەڵتەرناتیفی مۆدێرنێتەی دیموکراتیک دێتە ئاراوە. سیستەمی دیموکراتیک، چارەسەری دیموکراتیکی دەئافرێنێت. لە ئێستادا گوایە سەریان لە ڕێبەر ئاپۆ داوە، بانگەوازی کرا، داواکرا چارەسەری بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ بێت، بەڵام نزیکایەتییەکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە کە لە ڕووی لۆژیک و سیاسەتەوە وەڵامی هەموو ئەمانە بداتەوە. پراکتیکی بەرتەسکی بەرژوەندیخوازی دەکەنە بنەمای خۆیان. وەک ئەوەی هەندێک فرتوفێڵ دەکەن. نە بە گوێرەی پێشنیارەکانی ڕێبەرێتییە، بەڵام بە گوێرەی خۆیان پەیوەندی دادەنێن و وادەزانن بەمشێوەیە سەردەکەوون. ناتوانن سەرکەوون. لە هەموو جێگەیەک کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن، لە نێو لێگەڕیندان کە بتوانن بە سوودوەرگرتن لە دەرفەتەکان پەکەکە لەناوبەرێت،لانیکەم هەڕەشە دەکات و هەوڵدەدات لەگەڵ ئیسرائلدا ڕێککەوێت. ئاگامان لەمەیە. پێویست بە ڕوونکردنەوەی زۆرتر ناکات. گوتمان، تێکۆشان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا گەیشتووە بە خاڵێکی بنەڕەتی. گەیشتووە بە ئێران و تورکیا. کوردستانیش لە ناوەندی ئەمەدایە، کوردان هەیە. کارکردنی سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەی ناوچەکە گەیشتووەتە ئەم ئاستە.

ئەم دۆخە کاریگەی لەسەر هەمووان دادەنێت، کاریگەری لەسەر کوردستان و هەموو گەلانی تورکیا و ئێرانیش دادەنێت. لەبەرئەوەی کوردان لە سیستەمی پێشوودا بە کەڵکی خۆیان نەهاتن، سەدەیەکە پارچە دەکرێن و قڕکران. ئەم دۆخە هیچ نەبێت هەندێک دەرفەت و دەرفەتی هەنگاونان دەئافرێنێت. مەترسیشی هەیە، هەڕەشەیشی هەیە. بۆچی؟ لەبەرئەوەی کۆتای بە عەقڵێت و سیستەمی قڕکەر دەهێندریت، کە ویستی قڕکردن و پارچەکردنی کوردانە. لەڕووی دیموکراسیشەوە نەبێت، لە پارچەبوونی ئەم سیستەمەدا، گەر کورد لە نێو یەکێتییدا تێکۆشانی باش و کاریگەر بەڕێوەبەرێت، ئەوا دەتوانن هەنگاوی کاریگەر بنێن. لەم ڕووەوە گرنگە. بەڵام دۆخی تورکیا بەم شێوەیە نییە. گەر تورکیا بەڕاستی پرسی کورد چارەسەر نەکات، خۆی دیموکراتیک نەکات، یان ئەوەتا لەگەڵ ئیسرائیلدا شەڕبکات، یان ئەبێت تەسلیمی سیستەمەکەیان ببێت. لە هەرێمەکەدا دەکەوێتە دۆخی هێزێکەوە لە ئاستی دووهەمین، سێهەمین. جگە لەمە ڕێگەیەکی دیکە نییە. ئەمە هاتووە و خۆی دەسەپێنێت. شەڕی سووریا شەڕی ئەمەیە. ئیسرائیل ڕۆشتە ئەمریکا و گوتی، یان بەگوێرەی ئێمە بجوڵێرەوە یان ئەوەیە ناچارین شەڕ بکەین. ئەوانەی تورکیا بەڕێوەدەبەن، خۆشیان دەوێت، سیاسەت دەکەن، ڕۆشنبیر، ژن و گەنجانی تورکیا دەبێت باش ئەم حەقیقەتە ببینین.

دەڵێن 'پەکەکە نییە، پەکەکە شکستی هێناوە، خۆیان تەسلیم دەبن، بێدەسەڵاتن'. ئەگەر ئەمە وابێت بۆچی بە جیهاندا دەگەڕێن و گلەیی لە پەکەکە دەکەن و هاوپەیمانی دژی پەکەکە دروست دەکەن و تۆمەت بۆ پارتی دروست دەکەن؟ ئایا شەڕ لەگەڵ شتێک دەکەیت کە بوونی نییە؟ مرۆڤ دەبێت جدی و یەکگرتوو بێت. نیشتمان هیچ عەیبێکی نییە، ئەوانەی بەم شێوەیە بیر دەکەنەوە خۆیان فریو دەدەن. پارتی تووشی کێشە نەبووە،هەروەها کورد شەڕێکی گەورەی کرد، بەرەنگاری بوو، باجەکەی دا و بەرگەی سەختی و سەختی گرت، بەڵام هێزی ئەوەی هەیە تەنانەت ئەو سەختییەش تێپەڕێنێت. فێری تێکۆشان و زاڵبوون بەسەر سەختییەکان بوون. ئەوان ئەم کارە دەکەن. با نەڵێن ئێمە کوردمان لەناو برد، کورد شکستی هێنا، سەردەکەوین. پێویستە خەباتێکی چالاک و هاوبەش لە دژی ئەو ڕێبازانەی کە چارەسەرەکە تێکدەدەن، بەڕێوەبچێت. ئەگەرنا تورکیا ڕووبەڕووی گەورەترین مەترسی دەبێتەوە. ئەوانەی تورکیایان خۆشدەوێت دەبێت ڕاستییەکان ببینن و بەرپرسیارێتی داهاتوویان بگرنە ئەستۆ.

لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا پێویستە نزیکایەتی هێزە سۆسیالیستەکان و کۆمەڵگەی دیموکراتیک چۆن بێت؟

ئەوەی پێیان دەڵێین گرنگە، ڕێبەر ئاپۆ بە دەستەواژەی 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' پرۆسەکەی پێناسە کرد. ئاشتی بە مانای ڕێککەوتنی دوو لایەن دێت. کۆتایهێنانە بە شەڕ، ڕێککەوتنە. بەڵام بنەمای ئەمە کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. بۆئەوەی بتوانێت بەم شێوەیە ڕێچکە وەرگرێت، پێویستە کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێشکەوێت. گرنتی و ڕەخساندنی ئاشتی، بەدڵنیاییەوە کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. بۆیە لە ڕووی کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە ئەم کارە زۆر گرنگە. هێزەکانی ئازادی و دیموکراسی، بەگشتیش هێزەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەبێت بزانن لەم بابەتەدا خۆیان بەشێوەیەکی ئازاد و ئیرادە ئامێز درووستکەن، بوونی خۆیان نیشان بدەن. بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕوو لە هەموو کەسێکە. بانگەوازی لە دەسەڵاتداری کرد، لە ئۆپۆزسیۆنی کرد، لە هەموو هێزەکانی جیهانی کرد. بەڵام زیاتر ڕووی لە هێزە دیموکراتیکەکانی کوردستان و تورکیا بوو. لە ژن و گەنجان، لە کرێکار و ڕەنجدەران، لە هونەرمەند و ڕۆشنبیران، بانگەوازی لە هێزە سۆسیالیست و دیموکراتیکەکان کرد. ئازادی کوردان و دیموکراتیکبوونی تورکیاش لە لایەن ئەم هێزانەوە دەڕەخسێندرێت. ئەمانە ئەو هێزانەن دەبنە گرەنتی ئازادی و دیموکراسی. بۆیە موخاتەبی بنەڕەتی پرۆسەکە ئەم هێزانەن. هەڵدەستن و دەڵێن ئاکەپە چی دەکات، جەهەپە چی دەکات، بۆچی بەم شێوەیە ناجوڵینەوە و ڕەخنەیان دەکەن. دەبێت واز لەمە بهێنن. سەرنجت لەسەر ئەوانی تربێت، بەمانای ئەوەدێت تۆ چاوەڕوانیت لەوان هەیە.

هێزەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سۆسیالیستەکان داخۆ هیوایان لەسەر دەسەڵاتداری هەڵچنییوە، یان هیوایان بە خۆیانە؟ پێویستە چاوەڕوانییەکانیان لەسەر خۆیان بێت. ئەوکاتەش بەڕاستی دەبێت هێزە چەپ، سۆسیالیست و دیموکراتیکەکان، هێزە ئیکۆلۆژیی و ئازادیخوازی ژن، زۆر باشتر لەم پرۆسەیە تێبگەن. یارییەکی جیاوازی شەڕی تایبەت لە ئارادایە، بە شێوەیەکی نەرم تێگەشتن دەئافرێنن، هەوڵدەدەدەن پرۆسەکە بە پێچەوانەوە نیشان بدەن، پێویستە مرۆڤ ئاگاداری ئەم بابەتەبێت. وەک دەگوترێت، شتێکی ئاسان نییە. تێکۆشانێکی وشک لە ئارادایە. دۆخێکی ئاڵۆز و بەرفراوان لە ئارادایە. یانی هیچ کەسێک لە خۆڕا شتێکمان پێ نابەخشێت، دەبێت مرۆڤ هۆشیاربێت و بە تێکۆشان بەدەستی بهێنێت. تێکۆشانی زیاتر بەرێوەببرێت و بەدەستبهێندرێت. لە قۆناغێکی لەم شێوەیەداین. ئیمکانی سەرکەووتن هەیە، بەڵام بۆ ئەمە پێویستە مرۆڤ خۆی بەڕێکخستن بکات و تێبکۆشێت.

دەبێت مرۆڤ بە هێز و ئیرادەی خۆیەوە ئەمە بکات، خۆی وابەستەی ئەوانی دیکە نەکات. بە هیوا هەڵچنین لەسەر ئەوانی دیکە نابێت. لەو کاتەدا دەبێت کۆمەڵگەی کورد زۆر زیاتر لە هێزە دیموکراتیکەکان و دژە فاشیستەکاندا یەکگرتووبێت، لێکتر کۆببنەوە. باسی ڕێگەی سێهەمین، هێڵی سێهەمین کرا، ئەڵتەرناتیفی سێهەمین. ئەمەش ئەڵتەرناتیفی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. بۆ پەرەدان بەمەش پێویستە لەناوخۆدا یەکێتی بئافرێنن، فکر، بەرنامە و ڕێکخستنی ئەو ئەڵتەرناتیفە بئافرێنن. وە لەسەر ئەم بناغەیە وەک هێزی ئەڵتەرناتیفی لە ناو کارکردنی ڕێکخستنی و چالاکییدا بن. جارجار چالاکی دەبێت، پیرۆزبای دەبێت، بەردەوام دەبێت و کەم دەبێتەوە.  هەڵبتە دەبێت تاک بە تاک، ماڵ بە ماڵ، گەڕەک بە گەڕەک، گوند بە گوند بگەڕێن. بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە بوو، ڕەخنە و بانگەوازی لەم شێوەیەی لە گەنجان هەبوو. گوتی، 'خۆتان بە ڕێکخستن بکەن، ڕێکخراوبن'. ئەمە هەموو هێزە دیموکراتیکەکانیش دەگرێتەوە. ئەمە ئافراندنی زەمینەیە بۆ تێکۆشانی دیموکراتیکی. پێویستە پێویستییەکانی ئەمە بڕەخسێندرێت. بۆیە هێشتا بارودۆخی نادڵنیایی هەیە، چاوەڕوانی هەیە، چاوەڕوانی لە لایەنەکانی دەسەڵاتداری هەیە. ئەمە هەڵەیە. دەبێت ئەم هەڵەیە نەهێڵرێت. من دەمەوێت بە تایبەتی ئاماژە بەم بابەتە بکەم. مەبەستم ئەوەیە کەس هیچیان پێ نادات. نە هیچ دەبەخشن بە کورد، نە هیچ دەبەخشن بە هێزە دیموکراتیکییەکانی تورکیا. بەپێچەوانەوە دەیانخنکێنن وسەرکووتیان دەکەن، هەریەکەیان هێندەی تر لاوازی دەکەن و فشاری دەخەنە سەری و بەپێی بەرژەوەندی خۆیان تاڵانی دەکەن.

'هێزە دیموکراتیکەکان موخاتەبی سەرەکی پرۆسەکەن'

ئەوەی دەسەڵاتداری  و دەوڵەت دەیکات ئەمەیە. هیچیان لێ چاوەڕوان ناکرێت. لەو کاتەدا هەموو هێزە دیموکراتیکییەکان لە تورکیا، کۆمەڵگەی کورد، ژنان، گەنجانی کورد، هەموو ڕێکخراوەکانی ناو کۆمەڵگەی دیموکراتیک، موخاتەبی سەرەکی ئەم بانگەوازەن. ئەوان بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی بانگەوازەکە، بۆیە ئەوان هێزی سەرەکین کە دەتوانن چارەسەرێک بئافرێنن. پاشان بۆ بەهێزکردنی خۆت، پێویستە خۆیان بەڕێکخستن بکەن، خۆیان بەڕێکخستن بکەن، خۆیان بەڕێکخستن بکەن. پێویستە لەسەر بنەمای پراکتیکی دیموکراتیکی خۆیان بەڕێکخستن بکەن و پەرە بەتێکۆشانیان بدەن و ئیرادەی خۆیان نیشان بدەن. لەسەر ئەم بنەمایە داوا لەو بازنانە دەکەم کە بە دروستی لە پرۆسەکە تێبگەن و بلۆکی دیموکراسی و ئازادی پێکبهێنن و ببنە خوڵقێنەری سەرکەوتنی پرۆسەکە.

دیکۆمێنتاری پەکەکە بڵاوکرایەوە. ئەوەندەی دەبیندرێت کارێکی دڵخوازانەیە. دەتوانرێت لەسەر ئەم چی بگوترێت؟

دیکۆمێنتارییە لەسەر مێژووی کورد و تێکۆشانی ئازادی، بەڵی دیکۆمێنتارییە لەسەر مێژووی پەکەکە و حەقیقەتی ڕێبەر ئاپۆ. دووبەش بڵاوکراوەتەوە، سەرنجڕاکێشە. کارێکی گرنگە، کارێکی پڕ لەزانیارییە. گرنگە بۆ پرۆسەکە و دابڕاو نییە. هەموو کەسێک گفتوگۆی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە دەکات. پەکەکە چییە، حەقیقەتی ڕێبەر ئاپۆ چییە، دیکۆمێنتارییەکە هەڵگری ناوەڕۆکێکی گرنگە. بۆیە لە بری ئەوەی قسەڵۆکی نەرێنی و هەتا ئەرێنیش بکرێت، پێویستە ڕاستی حەقیقەت ببینرێت و تێیبگەین، بە گوێرەی ئەمە هەڵوێستی دژبەری یان پشتگیری نیشان بدات. دیکۆمێنتارییەکە لەم چوارچێوەیەدا ئاستێک نیشان دەدات. گرنگە. کارێکی بەرفراوان و مێژووییە. لە ڕووی کاتمەندیشییەوە کارێکە دەتوانێت هاوکاری پرۆسەکە بکات. رەنجێکی مەزن دراوە. ڕاگەیاندرا کە زۆرینەی بەڵگەی تێکۆشانەکانی پەکەکە بڵاودەکرێتەوە. ئەمەش زۆر سەرنجڕاکێش دەبێت. لە ڕوانگەی پرۆسەکەوە مانادار دەیبینین. دەستخۆشی لەوانە دەکەین کە کارەکەیان کردووە، لەبەر سەرکەووتوویان لە کارەکەدا سڵاویان لێ دەکەین. لەوباوەڕەداین کاری سەرکەووتووتری لەم شیوەیە بکەن. بە سوودوەرگرتن لە بەرهەم و هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەر ئاپۆ، لەوباوەڕەداین گەلەکەمان و بەتایبەت گەنجان و دۆستانمان سود لەم دیکۆمێنتارییە وەربگرن. داوایان لێ دەکەین بە سەرنجەوە تەماشای بکەن."