میلار ڕایگەیاند کە مۆدێلێکی هاوشێوەی ڕێککەوتنی هەینی پیرۆز (پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ سوپای کۆماریخوازی ئێرلەندا) کە لە نێوان بەریتانیا و ئێرلەندا واژۆ کراوە، دەتوانێت ببێتە مۆدێل و ڕێنمایی بۆ پرسی کورد و تورکیا.
دارێن میلار، بە ئاماژەدان بەوەی کە کوردستان لە هەندێک ڕووەوە لە ڕووی جوگرافی و کولتوورییەوە، هاوشێوەی وێڵزە، وتی: "گوڵە نێرگز کە جێگەیەکی گرنگی لە کوردستان هەیە، گوڵی نەتەوەیی وێڵزە. هیوادارم لە داهاتوودا بتوانین لە کوردستانێکی ئازاددا لەگەڵ یەکتر کۆببینەوە". میلار لەبەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە پارتی پارێزگاران دان بە مافی "تاک و پێکهاتەکان لە چارەنووسی خۆیاندا" دەنێت و ڕایگەیاند کە پشتیوانی لە داواکارییەکانی گەلی کورد بۆ سەربەخۆیی خۆیان دەکەن.
'ئێمە هەنگاوی ئاشتی عەبدوڵا ئۆجالان بە شێوەیەکی ئەرێنی هەڵدەسەنگێنین'
میلار بە ئاماژەدان بە گرنگی بانگەوازەکەی رێبەر ئاپۆ بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" وتی: "بەو پێیەی پەکەکە لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانەوە وەک 'رێکخراوێکی تیرۆریستی' ناسێنراوە، ئەمەش وا دەکات بە شێوەیەکی فەرمی قسە لەگەڵ لایەنەکان ئاستەنگ بکرێت. بەڵام هەنگاوەکەی ئۆجالان ئەو هێزەی هەیە کە ڕێگا بۆ ئاشتی بکاتەوە. ئاشتی، لە دەرەوەی تێکۆشانی چەکداری، دەتوانێت ببێتە بژاردەیەکی مانادار هەم بۆ کورد و هەم بۆ تورکیا. ئێمە پشتگیری لەم بانگەوازە دەکەین."
'مۆدێلی سوپای کۆماریخوازی ئێرلەندا دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک بۆ چارەسەری'
میلار ڕێککەوتنی هەینی پیرۆزی وەبیرهێنایەوە کە لە نێوان بەریتانیا و ئێرلەندا واژۆ کرا و ڕایگەیاند: "ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ئەنجامی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ شین فین و سوپای کۆماریخوازی ئێرلەندا واژۆ کرا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان لایەنە جیاوازەکان زۆر کاریگەر بوو."
میلار لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە مۆدێلێکی هاوشێوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە شەڕی تورکیا و کورددا دەتوانێت نوێنەرایەتی "چارەسەرییەکی ئەرێنی" بکات و وتی: "بە بۆچوونی من چەمکی دەوڵەت نەتەوە لەگەڵ واقیعی فرە ئایینی و فرە نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناگونجێت. سیستەمە فرەلایەنەکان کە مافی گەلانی کەمینە لەبەرچاو بگرن دەتوانن ئاشتی و چارەسەری هەمیشەیی بنیات بنێن."