هێرشەکانی تورکیا و ئێران دەبنە رۆژەڤی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لاهای

هێرشەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر باشور و ڕۆژاڤای کوردستان، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن تورکیاوە، جینۆسایدی گەلی کورد و شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەبنە رۆژەڤی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) لاهای.

ئەمساڵ لە پەراوێزی كۆنگرەی وڵاتانی ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی- داICC، كە ڕۆژی دووشەممە 2022/12/5 لە شاری لاهای هۆڵەندا دەبەسترێت، كۆمەڵێك چالاكی بە ئامانجی ناساندنی تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کورد لە هەر چواربەشی کوردستان ئەنجام دەدرێن.
لەو بارەوە چالاکوانی بواری جینۆساید عەلی مەحمود، بە ئاژانسەکەمان فوڕات (ANF)ی راگەیاند: ئەوان کە ژمارەیەک چالاکوان و رێکخراوی بواری جینۆسایدی باشوری کوردستانن، ساڵانە ئەم چالاکیانە لە پەراوێزی كۆنگرەی وڵاتانی ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی- داICC، ئەنجام دەدەن.

عەلی مەحمود بەرنامەی کارەکانیانی لە کۆنگرەی ئەمساڵی ICCدا بەم شێوەیە خستەڕوو:

- رۆژی پێنج شەممە (2022/12/8)، سمینارێكی بەرفراوان بەناونیشانی (بەردەوامی جینۆساید لە نەبوونی دادپەروەری لە كوردستان و ناوچەكەدا"، ڕێک دەخرێت و ئەم کەسانە بەم بابەتانە بەشداری تێدا دەکەن:
دادوەر رزگار حەمەدەمین بە بابەتی (لە پرۆسەی جینۆساید لە كوردستانی عێراقدا)
پارێزەر ئەیاد كاكەیی بە بابەتی (تاوانەکانی داعش بەرامبەر بە كەمینەكان)
هێمن نوری، (خورماتوو لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆكتۆبەر-ەوە)
هێمن حەسیب، (بەردەوامی تاوان لە ناوچە جێناکۆکەکان)
جەزا ئەحمەد فارس، (تاوانەكانی داعش لە ناوچە دابڕاوەكان)
خەندە رەشاد، (شۆرشی ژن ژیان ئازادی ژنانی كورد)
عەلی مەحمود محەمەد، تاوانەكانی ئێران و توركیا لە هەرێمی كوردستانی عێراق)

هاوکات لە سمینارەکەدا، دوو کورتە فیلمی بەڵگەیی لەسەر جینۆسایدی گەلی کورد نمایش دەکرێن، بەمشێوەیە:

ـ تاوان و جینۆساید لە چوار پارچەی كوردستان.
ـ گەڕان بە دوای هەناسەدا، فلیمێك لەسەر ئازاری بریندارانی چەكی كیمیاوی لە شاری هەڵەبجە.... ئامادەکردن و دەرهێنانی، عوسمان محەمەد.         فیلمەکان بە زمانی ئینگلیزی ژێرنووسیان بۆ کراوە.
هەروەها دوو پێشانگای تایبەت بە جینۆسایدی گەلی کورد سازدەکرێن کە بریتین لە:
ِپیشانگایەكی شێوەكاری بە بەشداری بەشێك لە هونەرمەندانی شاری هەولێر، کە وێنەكانیان گوزارشتە لە تاوانەكانی جینۆساید و پێشانگاکە لە ئامادەكردنی هێرش مەغدیدە.

پیشەنگایەكی فۆتۆگرافی بە ناونیشانی جینۆساید لە زوومی كامێراكەمەوە لەلایەن باست جەبارەوە ئامادەکراوە.
ئەمەو ژمارەیەك وێنە و بڵاوکراوەی تایبەت بە کۆمەڵکوژی گەلی کورد نیشان دەدرێن.

جێی وتنە، ساڵانە تێچووی تەواوی چالاكییەكان لەسەر حیسابی شەخسی ئامادەکاران دابین دەکرێت.
ئامادەكاری چالاكییەكان بەشێوازی خۆبەخشانە/ سەركەوت عەلی مەحمودە.

هـ.هـ