کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستانیانی ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) سەبارەت بەهێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای شەرمەزارکردنی هێرشە قڕکاری و کۆمەڵکوژییەکانی کرد.
لە راگەیەندراوەکەی کەجەدەکە-ئەدا هاتووە، "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی ئەو مەدەنیانەیان کردەئامانج کە دەیانویست بەشداری لە ئێشکگری لە بەنداوی تشریندا بکەن. لە هێرشەکاندا ٣ مەدەنی شەهیدبوون و بە دەیان کەسیش برینداربوون. ئەو گەلانەی رۆژانە لە دژی داگیرکەران خاکەکەیان دەپارێزن، لەلایەن سپای تورک و چەتەکانیەوە دەکرێنە ئامانج.
سوپای تورکی داگیرکەر بە رێگری لە سەفەربەری گەل بۆ بەشداری لە چالاکی ئێشکگری، هەوڵ دەدات پلانەکانی خۆی بۆ داگیرکردنی رۆژئاوا جێبەجێ بکات. بۆ ئەوەش پەنا بۆ هەموو رێبازێکی دڕندانە دەبات، بنەما نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات. خەڵکی مەدەنی لە ژێر هەڕەشەی داگیرکەریدا، لەپێناو پاراستنی خۆیان تێدەکۆشن.
بە هەزاران مەدەنیکە بۆ گەورەکردن و فراوانکردنی ئەو بەرخودانە بە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان بەرەو بەنداوی تشرین بەڕێکەوتبوون، رووبەڕووی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بوونەوە. هاوکات لە زۆرئاڤای دیمەشق دەرگای ماڵی مەدەنییەکان شکێندرا و بە شێوەی توندوتیژانە سەدان کەس دەستبەسەرکران و گەمارۆدان و رەشبگیریی بەردەوامە.
داوا لە گەلەکەمان دەکەین کە بە دروشمی 'رۆژئاوا بپارێزە' لە هەموو شوێنێک هێرشە قڕکارییەکان شەرمەزار بکەن و خاوەنداری لە گەل بکەن".