شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، ئەمڕۆ کاتژمێر ١٥:٠٠ بە کاتی ئەوروپا و کاتژمێر ١٧:٠٠ بە کاتی ناوخۆ لە ئەستەنبوڵ بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە.
بۆ ئەم لێدوانە مێژووییە، شاشەی گەورەی LED لە ئامەد، وان، و قامیشلۆ دادەنرێت و پەیامەکە ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت. لە ئەوروپاش شاشەیەکی گەورە لە ناوەندە کۆمەڵایەتییە دیموکراتیکەکانی کورد دادەنرێت.
کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد- ئەوروپا (کەجەدەکە-ئەوروپا) سەبارەت بەم پەیامە مێژووییە پەیامێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە:
"ئێمە بە قۆناغێکی مێژوویی هەستیار لە تێکۆشانی مرۆڤایەتیمان بۆ ئازادی تێدەپەڕین . سەرەرای هەلومەرجی گۆشەگیریی سەخت، ڕێبەر ئاپۆ بە ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕیی گەورە بۆ ئاشتی دژی شەڕ و دیموکراسی دژی دیکتاتۆریەت بۆ داهاتووی گەلانی کوردستان، تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێشخەری پرۆسەیەکی مێژوویی دەکات. گەل بە جۆشێکی مەزنەوە چاوەڕێی ئەو پەیامە مێژووییە دەکات بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادی و ئاشتی کە بوونەتە هۆکاری شەڕ و ڕانت خۆری.
لە پرۆسەیەکی وەها گرنگدا کە بە قۆناغێکی مێژووییدا تێدەپەڕین، پێویستە هەموو گەلەکەمان بە وریاییەوە سەرەنج و پشتگیری لە لێدوانی ئەو شاندە بکات کە دەچێتە ئیمرالی و لە کاتژمێر ١٥:٠٠ بە کاتی ئەوروپا بڵاو دەکرێتەوە. هەموو گەلەکەمان، بە تایبەت ژنانی پێشەنگی تێکۆشانمان، پێویستە بە سەیرکردنی پەیامە مێژووییەکە بە شێوەی جەماوەری لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان کۆ ببنەوە و مانا بەو پەیامە مێژووییە بدەن.
وەرچەرخانێکی گرنگ لەسەر ڕێگای ئازادی دێتە پێشەوە
پێویستە ئەو پەیامەی کە بڵاو دەبێتەوە وەک سەرەتایەکی جددی بۆ بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی رێبەرایەتیمان، لە ئەنجامی تێکۆشانێکی گەورەی ٢٦ ساڵەی دژ بە سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی سەپێنراو، قبوڵ و پشتیوانی بکەین.
ئێمە لەو باوەڕەداین پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ وەرچەرخانێکی گرنگ لەسەر ڕێگای ئازادیی ژنان، گەلان و ستەملێکراوان دەست پێدەکات. بەم باوەڕ و ئیرادەیەوە ئەمڕۆ دەبێت هەموو سەرنجەکانمان لەسەر پەیامەکە چڕ بکەینەوە.
هەروەها گەلەکەمان کە لە ئەوروپا، ئوسترالیا و کەنەدا، پێویستە لە هەر شوێنێک کە هەن، لە هەموو ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان، بە کۆمەڵ و بە جۆش و خرۆشەوە لە کاتژمێر ١٥:٠٠ بە کاتی ئەوروپا، کۆ ببنەوە بۆ سەیری پەیامە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ و لەم بارەوە بانگەوازی بکرێت.
بۆیە داوا لە هەموو کۆمەڵە و ناوەندە کۆمەڵایەتیەکان دەکەین کە بە دانانی شاشەی گەورە لە گۆڕەپانەکاندا، وڵامی پەیامە مێژووییەکە بدەنەوە."