لە دژی هێرشە نەژادپەرستیەکان لە جنێڤ و بێرن کورد هاتنە سەر شەقام

لە دژی هێرشە نەژادپەرستیەکان لە بەلژیکا کە لە دژی بنەماڵە کوردەکان ئەنجامدرا، لە شارەکانی جنێڤ و بێرنی سویسرا کوردستانیان رژانە گۆڕەپانەکان.

لەسەر بانگەوازی بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) و ژنانی گەنجی تێکۆشەر (تێکۆژن) لە وێستگەی شەمەندەفەری ناوەندی جنێڤ کوردستانیان کۆبوونەوە و سەبارەت بە هێرشە نەژادپەرستیەکەی بەلژیکا لێدوانی رۆژنامەوانیان دا.

ئەندامی تەجەشە بۆتان جزیر لە راگەیەندراوێکدا وتی، "وەک چۆن لە ژێر زەمینەکانی جزیر بنەماڵەکانی گەلەکەمان سوتێندران، هێرشەکەی بەلجیکاش هەوڵدانێکە بۆ سووتاندنی بنەماڵەکانمان. ئەو هێرشە نامەردانەیە بە توندی شەرمەزار دەکەین. داوا لە گەنجانی خۆمان دەکەین کە خاوەنداری لە بنەماڵەکان بکەن".

دوای لێدوانی رۆژنامەوانی، چالاکیەکە بە رێپێوانێک کۆتایی هات.

بێرن

لە شاری بێرنیش لەسەر بانگەوازی چالاکی بەپەلە، کوردستانیان رژانە شەقامەکان و هێرشە نەژادپەرستیەکەیان شەرمەزار کرد.

راگەیەندراوەکە لە بانهۆفپلاتز درا و ئەوە خرایەڕوو، "لە بەرامبەر ئەو هێرشەدا وەک گەنجانی کورد ئێمە بێدەنگ نابین. لەسەر ئەو بنەمایە، ئێمە داوا لە گەنجانی کوردستانی دەکەین کە بڕژێنە شەقامەکان".

بریارە سبەینێ کوردستانیان کە چەندین ناوەندی سویسرا برژێنە شەقامەکان.

لەشاری لوڤنی بەلژیکا گروپە نەژادپەرستە تورکەکان هێرشیان کردە سەر ئەو بنەماڵە کوردانەی لە ئاهەنگی نەورۆز دەگەڕانەوە و دوای پەلاماردانەی ئۆتۆمبێلەکانیان و سوتاندنی ئاڵا و هێماکانی کوردستانیان هەوڵیاندا ئەو بنەماڵانەی کە ژمارەیان نزیکەی ٤٠ کەس دەبوو و لە ماڵێکدا پەنایان گرتبوو بسوتێنن، بەڵام لەلایەن پۆلیسی بەلجیکاوە رێگرییان لێکرا.

دوای ئەوەی کوردستانیان لەو رووداوە ئاگادارکرانەوە روویان کردە شوێنی هێرشەکە ئەو کەسانەیان رزگارکرد کە لە خانووەکەدابوون، هاوکات ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە هێرشەکە دەربڕی و داوایان کرد دەستبەجێ هێرشکارە نەژادپەرستەکان دەستگیربکرێن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا وێنەی بەشێک لە نەژادپەرستە تورکەکان کە بەشداربوون لە هێرشەکەدا بڵاوکراوەتەوە.

هـ . ب