لە کەمپی پەنابەران بەهۆی نەگرتنی ڕۆژوو هێرش کرایە سەر پەنابەرێکی کورد

پەنابەرێکی ئێزدی بە ناوی ساڵح خەلەف کە لە کەمپێکی پەنابەراندا دەژی لە هۆڵەندا، بەهۆی ڕۆژوو نەگرتنەوە هێرش کرایە سەری.

پەنابەرێکی ئێزیدی خەڵکی شەنگال بە ناوی ساڵح خەلەف (٥٢ساڵ) کە لە کەمپێکی پەنابەران لە ناوچەی شاری تیلبۆرگی هۆڵەندا دەژی، بە هۆی ئەوەی رۆژوو نەگرتنەوە لە ژوورەکەی خۆیدا هێرش کرایە سەری.

ساڵح خەڵەف لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، کاتژمێر ١:٣٠ی ڕۆژی ٥ی ئادار لە ژوورەکەی خۆیدا هێرش کراوەتە سەری. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گروپەی هێرشیان کردووەتە سەری پێش ئەوەی هێرش بکەنە سەری، پرسیاریان لێکردووە، ئێمە لە مانگی ڕەمەزانداین، بۆچی تۆ بەڕۆژوو نیت، دواتر شەوانە لە پەنجەرەکەوە چوونەتە ژوورەکەی و هێرشیان کردووەتە سەری". خەلەف ڕایگەیاندووە: "سێ کەس لە پەنجەرەوە هاتنە ژوورەکەم و چەقۆیان لە ملم نا و پێیان وتم دەبێ تۆبە کەیت و ببیتە مۆسڵمان. منیش گوتم ئێزدیم و ڕەتمکردەوە ئەم کارە بکەم. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بۆ ماوەی کاتژمێرێک ئەشکەنجەیان دام. پێیان وتم تۆ ئێزدیی و کافریت، موڵک و ماڵی تۆ بۆ ئێمە حەڵاڵە، پارەکەمیان لەگەڵ خۆیان برد."

ساڵح خەڵەف ڕایگەیاند، ئەو پەنابەرە کوردانەی کە هەستیان بە ڕووداوەکە کردبوو، گەیشتنە ژوورەکەی و ڕایگەیاندووە کە هێرشبەرەکان دوای بڵاو بوونەوەی بابەتەکە لە کەمپەکە هەڵاتوون. جێی ئاماژەیە بەرپرسانی کەمپەکە دەستوەردانیان لە رووداوەکە نەکرد. پەنابەرە کوردەکانی ناو کەمپەکەدا بە هەوڵی خۆیان منیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەی تیلبۆرگ.

خەلەف ڕەخنەی لە بەرپرسانی کەمپەکە گرت کە هەوڵی پەردەپۆشکردنی مەسەلەکە دەدەن بەهۆی ئاشنا نەبوونی ئاوارەکان بە ڕێکارە یاساییەکان.

خەلەف بەهاوکاری کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد سکاڵای لەسەر هێرشبەرەکان تۆمار کرد.