چالاکوانان کە لە هاوتبەنهوف پلاتزی کیل لە کاتژمێر ١٥:٠٠ دا کۆببوونەوە، بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی ئازادی خولەکێک بە بێدەنگی وەستان. لە گردبوونەوەکەدا لەلایەن بنەماڵەی شەهید ئاندۆک جۆتکار (کۆنستانتین گەدیگ) وتەیەک پێشکەش کرا. ئاندۆک جۆتکار ساڵی ٢٠١٩ لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوا لە سەڕێکانی شەهیدببوو.
دایک و باوکی جۆتکار لە وتەکانیاندا باسیان لەوەکرد، "لە سوریا عەلەوی، دروزی، مەسیحی و کوردەکانیش کە لە رۆژئاوا دەژین، لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە دەکوژرێن. ئەوروپا و دەوڵەتانی جیهان لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژیانەدا بێدەنگن. بەتایبەتی دەوڵەتی ئەڵمانیا بەردەوامە لە فرۆشتنی چەک بە تورکیا و بەم جۆرە دەبێتە هاوبەشی کۆمەڵکوژییەکان. لە دژی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر رۆژئاوا دەبێت وڵاتانی رۆژئاوایی بەتایبەتی ئەڵمانیا بێدەنگی خۆیان بشکێنن، تورکیا دادگایی بکەن و هەموو هاوکاری و فرۆشتنی چەک بە تورکیا رابگرن".
بنەماڵەکە ئەوەیان خستەڕوو کە شەهید ئاندۆک و هاوڕێکانی، بەو چەکانەی بە تورکیا فرۆشراون، کوژراون و داوایان لە هەموو کەسێک کرد کە لە دژی داگیرکەری و کۆمەڵکوژییەکان دەنگ هەڵبرن.
بە درێژایی گردبوونەوەکە دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بژی بەرخودانی رۆژئاوا"، "ژن، ژیان، ئازادی"، "بژی بەرخودانی یەپەگە" و "بژی بەرخودانی یەپەژە" وترانەوە. چالاکیەکە بە پەیامی پشتیوانی و هاوسۆزی بەشداربووان کۆتایی هات.