لە مۆزەمبیک کەشتییەک نوقمی بن ئاو بوو: نزیکەی ٩٨ کەس ژیانیان لەدەستدا

لە مۆزەمبیک کەشتیەک ماسیگران نوقمی بن ئاو بوو و لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا نزیکەی ٩٨ کەس گیانیان لەدەستدا کە منداڵیشیان تێدایە. هەروەها کەسانێکیش بێسەروشوێن بوون و هەڵمەتی گەڕان بەردەوامە.

مۆزەمبیک

ڕاگەیەندراوە بەهۆی پەتای کۆلێراوە زۆرێک لە خێزانەکان ترساون و سواری کەشتیەک بوون.

بە پێی ئەو زانیاریانە بڵاو بووەتەوە نزیکەی ١٣٠ کەس لە کەشتییە نوقم بووەکەدا بوونە کە زۆربەیان منداڵن. کەشتییەکە لە ڕێگای دوورگەی مۆزەمبیکەوە لە کەناراوەکانی نامپولا نوقمی بن ئاو بووە.

شەوی دووشەممە دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا ٩٨ کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها ڕایانگەیاندووە کە کەشتییەکە بەهۆی باری قورسەوە نوقمی ئاو بووە، لە نێو ئەو کەسانەی ژیانیان لەدەستداوە ٣ منداڵ هەیە.

وەزیری دەوڵەتی نامپولا ڕایگەیاند، زۆربەی سەرنشینەکان بەهۆی ترسی نەخۆشی کۆلێرا(وەبا) ویستوویانە لە ناوچەکە هەڵبێن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی مۆزەمبیک کە هەژارترین وڵاتی جیهانە، لە مانگی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا نزیکەی ١٥ هەزار حاڵەتی نەخۆش بەهۆی پیسبوونی ئاوەوە تۆمارکراوە و ٣٢ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

بەهۆی کانگاکانی غازی سروشتی لە مۆزەمبیک، هاوڵاتیان هیوایەکی زۆریان هەبوو. بەڵام لە ساڵی 2017ــەوە دەرهێنانی غازی سروشتی لە هەرێم ڕاوەستا بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە چەتەکانی داعش.

لە سەرەتای هێرشەکانی داعشەوە تا ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار کەس کوژراون و نزیکەی ملیۆنێک کەس ناچاربوون ڕوو لە ناوچە جیاوازەکان بکەن.