لە ئۆسلۆ بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوا چالاکییەک ئەنجامدرا

لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ بەمەبەستی پشتیوانی لە رۆژئاوا چالاکییەک سازکرا و تیایدا هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار کران.

چالاکییەکە لەلایەن ناوەندی کۆمەڵەی دیموکراتیکی کورد لە ئۆسلۆ (نەجەدەکە-ئۆسلۆ) و هاوپشتی لە گەڵ کوردستانەوە سازکرا.

ژمارەیەکی زۆر لە کوردستانیان و ئینترناسیۆناڵیستەکان بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد کە لە بەردەم وێستگەی ئۆسلۆ سێنتراڵ بەڕێوەچوو.

دوای خولەکێک بێدەنگی بۆ رێگرتن لە یادی شەهیدان، هاوسەرۆکی نەجەدەکە-ئۆسلۆ ئەندام ئاسۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە تاوانە دژە مرۆڤایەتیەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە رۆژئاوا کرد. ئەندام ئاسۆ داوای لە حکومەتی نەرویژ و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کرد کە لە بەرامبەر هێرشەکان بێدەنگ نەبن و پشتیوانی لە رۆژئاوا بکەن.

'رۆژئاوا مۆدێلێکی بێهاوتایە بۆ سوریا'

دواتر پەرلەمانتاری پارتی ژینگەی سەوز راسمۆس هانسۆن قسەی کرد و ئەوەی خستەڕوو کە رۆژئاوا لە ناو هەلومەرجی شەڕدا لە سوریا مۆدێلێکی نمونەییە و وتی، "لەماوەی دە ساڵ شەر و کاولکاریدا رۆژئاوا وەک مۆدێلێکی بەڕێوەبەریی دیموکراتیک و ئازادی دامەزراوە. بەڵام وڵاتانی دراوسێ و هەروەها روسیا، ئێران و ئێستاش ئیسرائیل هەوڵ دەدەن لە سوریا گێژاوێک ساز بکەن. دەبێت هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک کە هاوپەیمانی ناتۆیە دەستبەجێ رابگیرێن و بەر بە پیلانە ئیمپریالیستیەکانی ئەردۆغان بگیرێت".

هانسۆن داوای لە حکومەتی نەرویژ کرد کە گەلی رۆژئاوا لە بەرامبەر هێرشەکان بپارێزێت و لەو پرسەدا بە شێوەی بەرپرسیارانە مامەڵە بکات.

بەشداربووان ئاڵاکانی یەپەگە و یەپەژەیان شەکاندەوە و دروشمەکانی "بژی بەرخودانی رۆژئاوا"، "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە رۆژئاوا بچۆرە دەر" و "بژی کوردستان"یان وتەوە. گردبوونەوە ناڕەزایەتیەکە دوای وتارەکان کۆتایی هات.