لاڤرۆڤ: سەرنجی وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر شەڕی ئەتۆمیە

سەرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا وڵاتانی رۆژئاوای بەوە تاوانبار کرد کە سەرنجیان لەسەر شەڕی ئەتۆمیە.

سەرگی لاڤرۆڤ بۆ رۆژنامەنوسان قسەی کرد و وتی، " هەموو کەسێک دەزانێت دەزانێت کە جەنگی سێیەمی جیهان بە چەکی ئەتۆم دەبێت. بەڵام پێویستە بزانرێت کە ئەوە خواستی روسیا نییە، بەڵکو خواستی وڵاتانی رۆژئاوایە."

لاڤرۆڤ باسی ئەوەی کرد کە لەدژی مۆسکۆ پلانی شەڕێکی راستەقینە هەیە.

روسیا لە ٢٤ی شوباتدا لەبەرانبەر ئوکراینا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستپێکرد. ٨ رۆژە شەڕەکە بەردەوامە و شاری هەرسۆن ئەمڕۆ کەوتە دەستی هێزە روسیەکان.

لەگەڵ ئەوەی شەڕەکە بەردەوامە، هەردوولا لە رۆژی پێنجشەمەوە لەسەر سنوری بیلاروس دەستیان بە دانوستان کردووە. لە رۆژەڤدا ئاگربەست هەیە.

بەپێی قسەی بەرپرسانی ئوکراینا، ٢ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. نەتەوە یەکگرتووەکان باسی ملیۆنێک ئاوارەی ئوکراینی دەکات.

ڤۆلۆدیمیر زیلنسکی سەرۆکی ئوکراینا پەیامێکی بڵاوکردەوە و وتی، " هێرشی روسیا ڤایرۆسێکی نوێیە. هەفتەیەکە ڤایرۆسەکە هێرش دەکاتە سەرمان."

ف.ق