مایلین ساولۆی: عەبدوڵا ئۆجالان پێشەنگێکی راستەقینەیە

دەرهەێنەری فەرەنسی مایلین ساولۆی کە چەند فیلمێکی لەسەر بزوتنەوەی ئازادیی کورد بەرهەمهێناوە، باس لەوەدەکات کە تێکۆشانی ژنانی کورد گرنگیەکی گەورەی هەیە و وتی، "ئۆجالان هەم لە رووی تیۆریک و هەم لە رووی پراتیکەوە پێشەنگێکی راستەقینەی تێکۆشانی ژنانە".

مایلین ساولۆی دەرهێنەری فەرەنسی لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لەوەکرد، کە موزیکی کوردی و تێکۆشانی ژنان ئەویان لە بزوتنەوەی ئازادیی کورد نزیک کردووەتەوە و وتی، "موزیک لە ناو کورددا راگر و پارێزەری راستەقینەی مێژووە. هەموو مێژوو کە قەدەغەکراوە لە رێگەی موزیکەوە گێڕدراوەتەوە و گواستراوەتەوەلە نێوان موزیک و بەرخوداندا گرێدراوبوون و پەیوەندییەکی پتەو سازکراوە".

هەر لەو رووەوە باسی لەوەکرد، کە لە نێوان ١٩٩٨-٢٠٠٠ یەکەم فیلمی خۆی لەسەر موزیکی کوردی سازکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی باکووری کوردستان و تورکیای کردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ئەو کاتەی لە باکووری کوردستان بووە، بوونی رێکخستنێکی سیاسی بەهێز کە ژنان تیایدا رۆڵی کارایان هەبووە و لەپێناو مافەکانیان تێکۆشانیان کردووە سەرنجی راکێشاوە.

هەر لەو رووەوە دەڵێت: "ئەو کاتە لە ئەمریکای لاتین دەژیام و چەندین فیلمم لەسەر گەریلاکانی کۆلۆمبیا دروست کرد، دۆخی ژنان لەوێ ئاڵۆز، ناڕوون و کەمتر یەکسانخوازانە بوو. لە باکووری کوردستان رێکخستنێک کە ژنان لە چەقی ئەو رێکخستنەدا بوون یەکجار سەرنجی منی بۆلای خۆی راکێشا. دوای ئەوەی کە یەکەم فیلمی خۆمم لە سەر موزیکی کوردی سازکرد، کە دیسان لەوەشدا راگر و پارێزەری مێژووی ئەو موزیکە ژنان بوون، زیاتر کاریگەری لەسەردانام و پاشان بە شێوەی سروشتی من خۆم لە ناو کار و خەباتی ئەو تێکۆشانەدا بینەوە".

ئەو دەرهێنەرە فەرەنسیە بەناوی "شەڕی کچان" فیلمێکی لەسەر ژنە گەریلاکانی پەکەکە و رۆڵی ژنان لە شۆڕش بەرهەمهێناوە و ساڵی ٢٠١٥ەش سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردووە و ئاماژە بەوەدەکات رۆڵی ژنان لە بەرخودانی کۆبانێ کە سەرنجی جیهانی راکێشا، ئەوەی خستەڕوو کە لە چەق و ناوەندی شۆڕشی رۆژئاوادا ژنان بوونیان هەیە و تێکۆشانی ژنانی کورد بۆ تەواوی ناوچەکە نمونەیە".

دوایین سەردانی ساوڵۆی بۆ رۆژئاوا ساڵی رابردوو بووە و لەوبارەوە وتی، ماوەی مانگێک مامەوە و کارگەکانی بەرهەمهێنانی فیلمی بەسەرکردووەتەوە و لەو ماوەدا نزیکەی سێ هەفتە بە بەردەوامی تورکیا بۆردومانی رۆژئاوی کوردستانی کردووە و وێستگەکانی کارەبای کردووەتە ئامانج و هێڵەکانی ئینتەرنێتی پچڕاندووە و شوێنە مەدەنیەکانی کردووەتە ئامانج. فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانی کەسانی مەدەنی و ژنانیان کوشتووە. هەربۆیە جەخت دەکاتەوە، کە تورکیا بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی هێرش دەکات، بەڵام تەنیا کەسانی مەدەنی دەکوژێت. لە راستیدا تورکیا بۆ هێرشەکانی پەکەکە وەک بیانوو دەهێنێتەوە، بەڵام ئەوەی مەترسیی گەورەیە تورکیایە نەک پەکەکە".

جەختیشی کردەوە، کە دەوڵەتی تورک دوای داگیرکردنی عەفرین، سەرێکانی و چەندین ناوچەی دیکە وەک ئیدلب جیهادیە توندڕەوەکانی ئەو ناوچانە جێگیرکردووە. "لە هێرشەکەی سەر زیندانی حەسەکەشدا هەوڵدرا کە جیهادیە زیندانیکراوەکان ئازاد بکەن و لە رێگەی پڕچەککردنیانەوە ئاسایشی ناوچەکە تێکبدەن بۆ ئەوەی هەموان واتێبگەیەنن کە یەپەگە و هێزە کوردیەکان مەترسین بۆ سەر ئەوان، بەڵام لە راستیدا ئەوەی مەترسی گەورەیە لەسەر خەڵکی مەدەنی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا خودی تورکیایە. ئەوەش روونە. ئەگەر ناوچەکە داگیربکرێت تورکیا دەتوانێت هەموو جیهادییە توندڕەوەکان ئازاد بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، " لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەوێ دەکەم. تورکیا هەموو رۆژێک کەسانی مەدەنی دەکاتە ئامانج. کاتێک لە ئوکرانیا روسیا هێرش دەکاتە سەر مەدەنیەکان، ئەمە دەبێتە ئابڕووچوون و سکانداڵ. بەڵام ئایا کاتێک تورکیا هێرش دەکاتە سەر مەدەنیەکان ئەمە ئابڕووچوون نییە، ئەوە دەبێتە خۆپاراستن؟!".

عەبدوڵا ئۆجالان پێشەنگ و سەرکردەی راستەقینەیە

مایلین ساولۆی دەرهێنەری فەرەنسی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە عەبدوڵا ئۆجالان لەپێناو ئەوەی ژنان مافەکانیان بەدەستبهێنن رەنج و هەوڵی زۆریداوە و وتی، "عەبدوڵا ئۆجالان باسی لەوەکردووەم کە رزگاری گەلی کورد و ژنان پێکەوە بەستراوەتەوە. بە بڕوای من ئۆجالان لە رۆڵی ژنان و گرنگیەکەی لە شۆڕشدا و لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی نوێ پێشەنگی راستەقینەیە.

ماوەیەکی زۆر نەک هەر پەکەکە، بەڵکوو هەموو رێکخستنە خۆڕاگرەکانی دیکەی وەک گەریلاکانی کۆڵۆمبیاس وەک تیرۆریست ناودێر دەکرێن. ئەو چەمکە بەهۆی توڕەیی و بێزاری بەرامبەر بە قۆناغی بەرخودان و نکۆڵیکردن لە رەوایەتی تێکۆشان بەکاردەهێندرێت.

ساولۆی کە لە ئێستادا ئامادەکاری بۆ فیلمێکی دیکە دەکات کە بارەی پەیوەندی موزیک و شۆڕشی رۆژئاوا، لەبارەی ئەو فیلمەوە لە کۆتایی ئەم چاوپێکەوتنەیدا وتی، "چیرۆکی فیلمە تازەکەم زۆر جیاوازە".

هـ . ب