بە دیمەن

ناچۆ سانچز ئامۆر: بانگەوازییەکەی ئۆجالان هەنگاوێکی گەورەیە

ناچۆ سانچز ئامۆر، ڕاپۆرتدەری تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا، بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆی بە "هەنگاوێکی زۆر گەورە" وەسفکرد و ڕایگەیاند، "ئێستا پرۆسەیەک دەستیپێکردووە و دەبێتە پرۆسەیەکی درێژخایەن، بەڵام هەنگاوی یەکەم هەنگاوێکی گەورەیە."

ناچۆ سانچز ئامۆر، ڕاپۆرتدەری پەرلەمانی ئەوروپا سەبارەت بە تورکیا، بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆی بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" هەڵسەنگاند.

دەبێت چارەسەرێک لە چوارچێوەی دەستووردا هەبێت

سانچز ئامۆر لە وەڵامی پرسیارەکەی ئەرەم کانسۆیدا وتی: "ئەوەی ڕوودەدات بێ گومان هەواڵێکی خۆشە. ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی وڵات جارێکی دیکە بچێتە ناو پرۆسەیەکی نوێ و لە ئەنجامدا چارەسەرێکی ئاشتیانە بنیات بنرێت. پێش هەموو شتێک دەمەوێت بڵێم کە ئەم پرۆسەیە دەبێت ببێتە چارەسەرێک لە چوارچێوەی دەستووری تورکیا."

پرۆسەیەکی درێژخایەن دەبێت

سانچز ئامۆر ئاماژەی بە بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و وتی: "بۆ نموونە لە ئیسپانیا هیچ کاتێک بانگەوازێکمان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوێک نەبینیوە. بۆیە ئەم بانگەوازییە بە هەنگاوێکی زۆر گەورە دەبینم. دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە بە هەڵوەشانەوەی پەکەکە هەنگاوێکی زۆر گەورەیە بۆ چارەسەری."

دەبێت دەستخۆشی لێبکرێت

لە کۆتایی قسەکانیدا ناچۆ سانچز ئامۆر ئاماژەی بە گرنگی بانگەوازییە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد و وتی: "بە بۆچوونی من بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەو زیندانەی کە ئۆجالان تێیدا ڕاگیراوە و ئەو ڕاستییەی کە لە مەسەلەی تاکەکەسی خۆی تێپەڕیوە و بەیاننامەیەکی لەو شێوەیەی راگەیاند، پێشهاتێکی زۆر گەورە و ئەرێنییە. هەروەها هەنگاوێکی گەورە و جێگەی دەستخۆشییە. چونکە لە ژێر ئەو ڕەوشە ڕەهای زیندانەدا، هەڵگرتنی هەنگاو و ڕوانگەیەکی لەو شێوەیە بەرامبەر بە کۆمەڵگا کارێکی ئاسان نییە. ئۆجالان لە بەنگەوازییەکەیدا ئەم پرسەی بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام گەیاندووە، بۆیە بەڕاسی ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە."