نەتەوە یەکگرتووەکان: پێویستە دەستبەجێ کوشتنی خەڵکی سڤیل لە سوریا بوەستێنرێت

کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر تورک دەربارەی کۆمەڵکوژی سەر عەلەوییەکان لە سوریا گوتی: " پێویستە دەستبەجێ کوشتنی خەڵکی سڤیل لە سوریا بوەستێنرێت"، ئەڵمانیش لەم بارەیەوە ڕاگەیاندراوی بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆیتەرز ڤۆڵکەر تورک دەربارەی کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان لە سوریا گوتی: " پێویستە دەستبەجێ کوشتنی خەڵکی سڤیل لە سوریا بوەستێنرێت".

ڤۆڵکەر تورک هەروەها دەڵێت: "ڕاپۆرتی مەترسیدار دەربارەی کوشتنی خەڵکی سڤیل هەن لەنێویاندا منداڵ و کەسانی شەڕنەکەر".

هەروەها جەختی کردووەتەوە ئەم کوشتنانە بەبێ دادگاییکردن بەڕێوەدەچێت، پێویستە لێکۆڵینەوەی ڕوون و بێلایەنانە بکرێت و لێپرسینەوە لە بەرپرسیاران بکرێت.

ئەڵمانیا: ڕێگە لە هێرشەکان بگرن

حکومەتی ئەڵمانیا کوشتنی زیاتر لە ١٠٠٠ کەس کە زۆرینەیان سڤیلن، وەک "شۆک" پێناسە کرد.

لە ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە: "حکومەتی کاتی دەبێت ڕێگە لە هێرشەکان بگرێت. لێکۆڵینەوە بکات و لێپرسینەوە لە بەرپرسیاران بکات".

هەروەها بانگەواز لە هەمووان دەکات کۆتایی بە توندوتیژی بهێنن.