نەتەوەیەکگرتووەکان: ئارەش سادقی و زیندانیانی نەخۆش ئازاد بکەن

بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان رایانگەیاند، نیگەرانی دۆخی ئارەش سادقی پارێزەری مافەکانی مرۆڤن کە لە ئێران لە زینداندایە و داوایان کرد ئارەش سادقی و زیندانیانی نەخۆش ئازاد بکرێن.

ئارەش سادقی کە بە هۆی چالاکییەکانی لە بواری مافەکانی مرۆڤ چەندین جار دەستگیرکراوە، لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ەوە بە هۆکارێکی نادیار جارێکی تر دەستگیرکرایەوە. سادقی لە ناوەندێکی گرتنی وەزارەتی ئیتڵاعات راگیراوە، کە وەک هۆڵی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین دەناسرێت. راگەیەندرا کە هەشت کاتژمێر لێپرسینەوە لە سادقی کراوە و بەرپرسانی ئەمنی گوشاری زۆریان خستووەتەسەر.

ئارەش سادقی کە شێرپەنجەی ئێسکی هەیە، لە مانگی تشرینی یەکەمەوە کە دەستگیرکراوە تا ئێستا ئەو دەرمان و چارەسەرانەی پێنادرێت کە بۆ نەخۆشیەکەی پێویستی پێیانە.

سادقی یەکەمجار ساڵی ٢٠٠٩ دەستگیرکرابوو و لەو کاتەوە چەندین جار دەستگیر و زیندانی کراوە. لە ساڵی ٢٠١٣دا بە تۆمەتی دروستکردنی مەترسی لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی سزای ١٩ ساڵ زیدانی بەسەردا سەپێنرابوو. بەر لە ئێستا کاتێک گیرابوو، ئارەش سادقی بە هۆی دەستگیرکردنی بە بێهۆکاری هاوسەرەکەی و هەلومەرجی خراپی زیندان دەستی بە مانگرتن کردبوو.

سادقی دوای ئەوەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ و شەش مانگ لە زینداندا مایەوە، لە ئایاری ٢٠٢١ دا لە زیندانی رەجائی شەهری کەرەج ئازاد کرابوو.

بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکانداوایان کرد کە بەتایبەتی سادقی و زیندانیانی دیکە کە نەخۆشی قورسیان هەیە ئازاد بکرێن.

پسپۆڕانی نەتەوەیەکگرتووەکان رایانگەیاند، "زۆر بانگەشەمان بەدەست گەیشتووە کە لە ناوەندەکانی گرتن و دەستبەسەرکردن لە ئێران ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ ئەنجام دەدرێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بانگەشانە و هەروەها دۆخی ئەو زیندانیانەی لە رووی پزیشکییەوە لە دۆخێکی سەختدان و بێبەش دەکرێن لە وەرگرتنی چارەسەر، ئێمە نیگەران دەبین لە دۆخی زیندانیانی نەخۆش".

هـ . ب