پ. پەیچ: دەستی رژێمی ئەردۆغان گەیشتووەتە زانکۆکەی من

پرۆفیسۆر نۆرمان پەیچ رێگری سەرۆکایەتی زانکۆی هامبورگ لە بەردەم کۆنفڕانسی 'ئێمە جیهانی خۆمان دەوێت' شەرمەزار کرد و وتی، "دەستی رژێمی ئەردۆغان گەیشتووەتە ئەو زانکۆیەی من چەندین ساڵە کاری تێدادەکەم".

کۆنفڕانسەکان لە ژێر ناوی 'وەستانەوە بەرامبەر بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری' تائێستا لە ساڵانی ٢٠١٢، ٢٠١٥و ٢٠١٧ سازکراون و لە ناوی جیهانی زانستیی ئەڵترناتیڤدا دەنگیان دایەوە. کۆنفڕانسی چوارەم بڕیاربوو لە ٧-٩ی نیسانی ٢٠٢٣ سازبکرایە. کۆنفڕانسەکە بڕیاربووبە دروشمی 'ئێمە جیهانی خۆمان دەوێت' لە هۆڵی کۆنفڕانسەکانی زانکۆی هامبورگ بەڕێوەبچووبایە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە بە هەوڵی رێکخراوی پاراستنی دەستووری هەمیشەیی کە رێکخراوێکی هەواڵگری ناوخۆیی ئەڵمانیایە، سەرۆکایەتی زانکۆی هامبور رێگری لەبەردەم کۆنفڕانسەکە سازکرد. بە بڕیاری سەرۆکی زانکۆکە پ.د. هاوک هیکەرەن بەڕێووەچوونی کۆنفڕانسەکە لە کامپی زانکۆکەکە قەدەغە کرا.

بڕیارەکە گورزێک لە زانستی ئازادە

کۆمیتەی گشتیی خوێندکارانی زانکۆی هامبورگ (ئاستا)، تۆڕی گەڕانی ئاڵترناتیڤ و دەستپێشخەری 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، ئاشتی بۆ کوردستان' کۆنفڕانسەکەیان ساز دەکرد. یەک لەو کەسانەی لە کۆنفڕانسەکەدا قسەی دەکرد مامۆستای زانستی نێونەتەوەیی نۆرمان پەیچ بوو. پ. نۆرمان پەیچ کە لە نێوان ١٩٨٢ و ٢٠٠٥ لە زانکۆی هامبورگ لە بەشی زانستە سیاسیەکان مامۆستای یاسای جەماوەری بوو، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فرات (ANF) کرو ئەو بڕیارەی سەرۆکایەتی زانکۆکەی بە توندی شەرمەزار کرد.

پ. پەیچ بڕیاری سەرۆکایەتی زانکۆکەکی لەبارەی ئاستەنگکردنی کۆنفڕانسەکە وەک 'گورزێک لە زانستی ئازاد' پێناسە کرد و وتی، "لە رووی زانستی ئازادەوە بڕیارەکە بە دڕندانە دەبینم. لەبەر ئەوەی لە ئەنجامی ئەو بڕیارە رێگری لەوەکرا زانایان کۆببنەوە و بە شێوەیەکی ئازادانە گفتوگۆ لەسەر کێشەکانی جیهان بکەن".

پ.پەیچ بە بیریهێناوە کە بەر لەئێستا ئەو لە دوو کۆنفڕانسدا وتەی پێسکەش کردووەو وتی، "لەم کۆنفڕانسەدا بە پێچەوانەی بانگەشەکانی هەواڵگری و سەرۆکایەتی زانکۆ بە هیچ شێوەیەک پرۆپاگەندە بۆ پەکەکە نەکراوە. لە کۆنفڕانسەکاندا شێوە و شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهان لە سەرووی هەموویانەوە پرسی کورد تاوتوێ کراون.دیارە ئەو ئاستەی کۆنفڕانسەکە پێیگەیشتووە و ئەو گفتوگۆیانەی دەکرێن هەندێکی ترساندووە و لەبەر ئەوەش گوشاریان خستووەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی زانکۆکە".

با ئیتر روانین لە کوردان وەک گومانلێکراو بەس بێت

پ. پەیچ ئەوەی خستەڕوو کە بڕیاری رێگریی لە بەرێوەچوونی کۆنفڕانسەکە لە سەر داواکاری دەوڵەتی تورک کراوە و وتی، "دیارە دەستی درێژی رژێمەکەی ئەردۆغان گەیشتووەتە ئەو زانکۆیەی چەندین ساڵ کارم تێدا کردووە. هەست بە شەرمەزاری دەکەم بەهۆی ئەوەی بەڕێوەبەری زانکۆکە داواکاری رژێمی ئەردۆغانی جێبەجێ کردووە. هیوادارم سەرۆکایەتی زانکۆکە دەست لەو بڕیارەی خۆی هەڵبگرێت و دەرگاکانی بەڕووی کۆنفڕانسەکەدا بکاتەوە".

پ.نۆرمان پەیچ هەروەها داوای لە دەوڵەت و رێکخراوە زانستیەکانی ئەڵمانیا کرد کە ئیتر با بەس بێت کە بە چاوی گومانلێکراوییەوە لە رێکخراوە کوردییەکان بڕوانن. پ. پەیچ باسی لەوەشکرد: "کوردان دەیانەوێت کێشەکانی خۆیان بە شێوەی زانستی بخەنە بەر باس و چارەسەرییان بۆ بدۆزنەوە، بەڵام ئێوە رێگرییان لێدەکەن. ئەوە پەڵەیەکی شەرمەزارییە بە ناوچاوانی جیهانی زانستەوە".

هـ . ب