ساڵی رابردوو ٧٧٩ رۆژنامەنووس لە جیهاندا دەستگیرکراون

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ساڵی رابردوو ٧٧٩ ڕۆژنامەنووس لە سەرتاسەری جیهان دەستگیرکراون و هەریەک لە ئێران و تورکیاش لە ریزی وڵاتانی مەترسیدار بۆ رۆژنامەنووسان پۆلێن کراون.

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ١٢١ ڕۆژنامەنووس لە چین و ٦٩ ڕۆژنامەنووس لە میانمار زیندانی کراون، هەروەها لە بیلاروسیاش ٥٥ رۆژنامەنووس دەستبەسەرکراون کە تائێستا ٣٩ کەسیان لە زینداندان.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، تورکیا، ئێران و ئەفغانستانیش لە ریزبەندی مەترسیدارترین وڵاتانن بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئەوە خراوەتەڕوو، کە ساڵی پار لە ئێران ٥٨ رۆژنامەنووس و لە تورکیاش ٤٩ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەو کاتەوەی تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١ هاتووەتە سەر دەسەڵات، توندوتیژی دژی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان بە هۆکاری جیاجیا زیادی کردووە، ڕۆژنامەوانی لەو وڵاتەدا زۆر قورس بووە، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١دا ٢١ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون.

هەروەها سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسیش، کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد، ئەوە خراوەتەڕوو، لە سەرەتای ئەو شەڕەوە ٣٤ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون و ٧٦ رۆژنامەنووسیش بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕایانگەیاندووە، کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە گشتی ٧٧٩ ڕۆژنامەنووس لە سەرتاسەری جیهان دەستگیرکراون و لە ئێستادا ٥٤٧ ڕۆژنامەنووسیان لە ٤٥ ویلاتدا زیندانیکراون.

ئەوە لە کاتێکدایە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش لە پێناو کپکردنی دەنگی ئازاد پشکی شێریان بەرکەوتووە لە دەستگیرکردن و تیرۆرکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان.

 تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠ دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوانیان لە بادینان دەستگیر کرد بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و تا ئێستاش شێروان شێروانی و سێ هاوپیشەی دیکەی لە زیندان ماونەتەوە و هەروەها زیاتر لە ٧٠ ڕۆژە ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لە بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، لەلایەن پەدەکەوە لە پارێزگای دهۆک ڕفێنراوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە و ئامادەش نین هیچ زانیارییەک لەبارەی ڕەوشی سلێمان بۆ کەسوکارەکەی ئاشکرا بکەن.