شاهیدێکی قڕکردنی ئێزیدییەکان: داعش بە هاوکاری پەدەکە و دەوڵەتی تورک هێرشیکرد

شایەتحاڵیکی قڕکردنی ئێزیدییەکان سوعاد مراد، لە کۆنفرانسی پەرلەمانی ئەوروپادا قسەیکرد و وتی: "چەتاکانی داعش بە هاوکاری پەدەکە و دەوڵەتی تورک هێرشی شەنگالیان ئەنجامدا".

سوعاد موراد کە لە هێرشە قڕکارییەکانی ٢٠١٤ی سەر ئێزیدیەکان، لە لایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێندرابوو، دواتر ڕزگاریبوو، لە کۆنفرانسی ژنانی پەڕلەمانی ئەوروپا قسەیکرد.

پانێڵی دەستپێکی کۆنفرانسەکە بە ناونیشانی 'ناساندی قڕکردن و بەرپرسیارە نەتەوەییەکان' دەستپێکرد.

فەلەکناس ئوچە پانێڵەکەی بەڕێوەدەبرد و ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆنفرانسەکەدا گوێبیستی شاهیدەکانی قڕکردنەکان دەبین و چی بەسەر ئێزیدیەکاندا هاتووە لە خۆیانەوە گوێمان لێ دەبێت.

'بە هاوکاری پەدەکە و دەوڵەتی تورک هێرشەکان ئەنجامدرا'

یەکێک لە قوربانییەکانی قڕکردنەکە، کە لە لایەن چەتەکانی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤دا ئەنجامدرا، سوعاد موراد خەڵەف، ئاماژەی بەوەدا کاتێک هێرشەکان دەستپێکرد، هێزەکانی پەدەکە لە شەنگال کشانەوە و وتی: "ئەمانە هەموو پلانکراوبوون" خەڵەف ئەوەی دەرخست پێش قڕکردنە شەنگال فرۆشرابوو، وە بۆ ئەوەیی ئێزیدییەکان نەتوانن پارێزگاری لە خۆیان بکەن پێش ئەوە هەموو چەکانیان لێ وەرگیرابوون. خەڵەف لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت"جگە  لەوانەی ڕفێندراون هەزارن کەسی تریش کوژران، شاهیدی ئەو کارە دڕندانە بووم بەرامبەر بە ژنانی ئێزیدی دەکران، ژنانی ئێزیدی لە بازاڕەکاندا دەفرۆشران، من یەکێک بووم لەو ژنە فرۆشراوانە". هەورەها سوعاد ئاماژەی بەوەدا لە کاتەدا هێزەکانی یەپەژە و هەپەگە بوون بە ڕزگارکەری ئێزیدییەکان. دوای ئەوەی ماوەی ساڵێک لەلایەن داعشەوە دەستبەسەرکرام، هەڵهاتم و پەیوەندیم بە هێزەکانی پاراستی شەنگالەوەکرد. ئەمڕۆ پاراستنی شەنگال لە لایەن ئێزیدیەکانەوە دەکرێت. ناساندنی قڕکردنی ئێزیدییەکان بۆ چەند وڵاتێک گرنگە، بەڵام هەڕەشەیی قڕکردنی ئێزیدییەکان بەردەوامە".

ڕۆژدا ئارسلان وتی: "بۆ ئەوەی ڕێگری لە جینۆسایدی نوێ بکرێت، پێویستە دەوڵەتانی ئەوروپا سەرەتا دان بەو جینۆسایدەدا بنێن و هەنگاو بنێن بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزدی.

'پێویستە ئەو وڵاتانەی پاڵپشتی داعش دەکەن لێپرسینەوەیان لێ بکرێت'

ماریون بۆکەر کە بەڕێوەبەری ڕاوێژکارییە سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و پرسی جێندەر و تاوانەکانی شەڕ دژی ژنان و بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتیە دەڵێت: "ئێستا پێویستمان بە سیاسەتێکی فێمینیستی هەیە".

ماریون بۆکەر باسی لەوەشکرد، داعش و قاعیدە و چەتە هاوشێوەکانی دوژمنی ژنانن و ڕایگەیاند کە پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی جیاوازدا هەیە.

ماریون بۆکەر هەروەها وتی: "ئەو دەوڵەتانەی پشتگیری ئەم چەتانە دەکەن و چەکیان پێدەدەن، دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. دەبێت فایلەکانی جینۆساید لێپێچینەوەیان لێ بکرێت. بۆ ئەوەی دان بە پێگەی شنگالدا بنێن و ئاوەدان بکرێتەوە، پێویستە گوێ لە ئێزدییەکان بگرن".

ماریون بۆکەر ڕایگەیاند، پاش ناساندنی جینۆسایدەکە، پێویستە یەکێتی ئەوروپا و وڵاتان بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێبهێنن و ڕایگەیاند، وەک چۆن بۆ ئۆکرانیا هەنگاو نرا، پێویستە بۆ ئێزدییەکانیش هەنگاوی لەو شێوەش بگرنەبەر.

لە کۆتا دانیشتنی پاشنیوەڕۆدا سیمینارەکانی پەیوەست بە ئاوەدانکردنەوە و دانپێدانانی خۆبەڕێوەبەری شەنگال نمایش دەکرێت. کۆنفرانسەکە ئێوارە کۆتایی دێت.