سیناتۆر ساڤۆلدێلی هۆشداری دایە فەرەنسا: نابێت کوردەکان بەتەنها جێبهێڵین
سیناتۆری فەرەنسی ساڤۆلدێلی بۆ تیشک خستنەسەر هێرشەکان دژی ڕۆژئاوا، نامەیەکی بۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جان نویل بارو نووسی و وتی: "مۆدێلی ڕۆژئاوا دەرفەتێکە بۆ بنیاتنانی سوریا".
سیناتۆری فەرەنسی ساڤۆلدێلی بۆ تیشک خستنەسەر هێرشەکان دژی ڕۆژئاوا، نامەیەکی بۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جان نویل بارو نووسی و وتی: "مۆدێلی ڕۆژئاوا دەرفەتێکە بۆ بنیاتنانی سوریا".
ناڕەزایەتییەکان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەنێو ڕای گشتی نێونەتەوەییدا بەردەوامە. سیناتۆری فەرەنسی پاسکال ساڤۆلدێلی بۆ تیشک خستنەسەر هێرشەکان دژی ڕۆژئاوا، نامەیەکی بۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جان نویل بارو نووسی. دووپاتی کردەوە مۆدێلی بەڕێوەبردنی فراوان و دیموکراتیکی ڕۆژئاوا دەبێت لە بنیاتنەوەی سوریادا ببێتە نموونە و بانگەوازی لە فەرەنسا کرد کە هاوپەیمانە کوردەکانی بە تەنها جێنەهێڵێت.
ڕۆژئاوا دەرفەتێکە بۆ بنیاتنانی سوریا
سیناتۆر ساڤۆلدێلی ڕایگەیاند، ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هیوایەکە بۆ گەلانی سوریا، وتی: "ئەم هیوایە لە ساڵی ٢٠١١ دەستی پێ کرد و ئێستە لوتکەی شەپۆلێکە کە ئەنجامەکەی نادیارە. وەک بەشێک لەم شۆڕشە، کوردانی سوریا زیاتر لە دە ساڵە پشتگیری پرۆژەیەکی سیاسی دەکەن کە پشت دەبەستێت بە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و هەموو کۆمەڵگە پێکەوە بە ئاشتییانە تێیدا دەژین. ئەمڕۆ ئەم مۆدێلە، دەرفەتێکە بۆ بنیاتنانی سوریای نوێی بەرفراوان و دیموکراتیک لەسەر بناغەی دادپەروەری و یەکسانی و مافی هەموو پێکهاتەکان".
هێزە تاریکپەرستەکان هەڕەشە لە ڕۆژئاوا دەکەن
هەروەها تێکۆشانی کوردانی سوریای دژی داعش بەبیری وەزیری دەرەوە هێنایەوە و رایگەیاند: "هێزە کوردییەکان، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٥، کاتێک هێرشە جیهادییەکان بۆ سەر خاکی فەرەنسا دژی گەلی فەرەنسا ئەنجامدران، بوونە هاوپەیمانێکی بەنرخ بۆ فەرەنسا و هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دژی داعش.
بەڵام پاش ئەوەی لە ٨ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ گرووپی ئیسلامیست و توندڕەوی دەستەی تەحریر ئەل شام (هەتەشە) دەسەڵاتی دیمەشقی کۆنتڕۆڵ کرد، بەتایبەت هێزە چەکدارە پاشڤەڕۆ و تاریکپەرستەکان کە تورکیا پشتگیریان دەکات، لە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ناوچە کوردنشینەکان هێرشیان دژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) دەست پێ کرد. بەتایبەت لە دەیرەزۆر و منبج چەند هەرێمێکیان کۆنتڕۆڵ کرد. بەقسەی زۆرێک لە شایەتحاڵەکانی هەرێمەکە، خەڵکی سڤیل لەوێ دەکوژرێن".
نابێت فەرەنسا کوردەکان بەتەنها جێبهێڵێت
سیناتۆر ساڤۆلدێلی داوای لە وەزیری دەرەوە جان نویل بارو ڕایگەیاند دەبێت فەرەنسا دژی هێرشی دەوڵەتی تورک و گرووپە چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا بوەستێتەوە، دەڵێت: "ئایا فەرەنسا بۆ پشتگیری لە هاوپەیمانە کوردەکانی و مۆدێلی بەڕێوەبردنیان، وە ڕێخۆشکردن بۆ بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسی بنیاتنانەوەی سوریادا، وە بەتایبەت بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی بیانییەکان کە دابەشبوون و گرژییەکان زیاتر دەکەن کە سەرچاوەکەی تورکیایە، هەڵوێستی لە چ ئاستێکدا دەبێت؟ لەم سەردەمەدا کە مرۆڤ ناتوانێت مەترسی کارەساتێکی مرۆیی نوێ پشتگوێ بخات، نابێت فەرەنسا هاوپەیمانە کوردەکانی بەتەنها جێبهێڵێت".