تولای حاتەم ئۆغۆللاری: تاوەکو ئێستا هەنگاو و ئیرادەیەکی هێژای بانگەوازەکەمان نەبینیووە

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری ئاماژەی بەوەدا سەرەڕای ئەوەی دوو مانگ بەسەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ تێپەڕیوە، هێشتا ئەوان "هەنگاو و ئیرادەیەکی هێژای بانگەوازەکە"یان نەبینیووە.

هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری، لە کۆبوونەوەی هەفتەی پارتەکەی لە پەرلەماندا پێشهاتەکانی لە ڕۆژەڤدا هەڵسەنگاند. تولای حاتەم ئۆغۆللاری ئاماژەی بە پێشهاتەکان لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوین کرد و دەڵێت ئاڵۆزییەکان بەهۆی بازرگانییەوە ڕوودەدەن، دەگۆڕێن بۆ "شەڕی بازرگانی" و ئەمەش مەترسییەکی جدی دەهێنێت بۆ سەر هەرێمەکە.

'شەڕێکی بەرفراوان بەرۆکی ئێران دەگرێت'

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ئاماژەی بەوەدا زەمینەی شەڕوپێکدانی زۆر مەزن لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ئامادەکاری بۆ دەکرێت و گوتی: "لە ناوەندی ئەم وێنەیە ئێرانیش هەیە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت شەڕ بەرەو ئێران بەرفراوان دەبێت. ئێران کە لە عێراق و یەمەن و سوریادا کاریگەرە، بە دڵنیاییەوە دەبێت گوێ لە داواکارییەکانی گەلان بگرێت. ئێران بە نکۆڵیکردن لە کوردان و بەلوچەکان و ژن ناتوانێت هیچ ئەنجامێک بەدەست بهێنێت."

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ئاماژەی بەوەشدا لە سووریا گەل و باوەڕییەکان حسابیان بۆ ناکرێت و لە دەستووری نوێدا نە کورد، عەلەوی و ژنان بوونیان نییە. هەروەها بانگەوازی لە حکومەتی تورکیا و هەموو حکومەتەکان کرد بۆ کۆتایی هێنان بە کۆمەڵکووژی هەڵوێست وەربگرن.

'ژنان و کچانی ئێزدی لە لایەن چەتەکانەوە ڕفێنران و لە ئەنقەرە فرۆشران'

لە بەردەوامییدا قسەکانییدا تولای حاتەم ئۆغۆللاری سەرنجی خستەسەر بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی" ڕێبەر ئاپۆ و گوتی: "ئەم بانگەوازە مێژووییە، بانگەوازێکە بۆ ژیانێکی دیموکراتیک و دادپەروەرانەی ٨٥ میلیۆن هاووڵاتی. هەروەها ئەم بانگەوازە بانگەوازی بانگهشێتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بوو. بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی، پێویستی بە گۆڕانکاری دیموکراتیکی هەیە. ئاشتی، بە دیموکراسی دەبێت. لەم پڕۆسەیەدا هەنگاوی گرنگ هەیە دەبێت بنرێت. یەکێک لەوانە ئەوەیە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت و دەسەڵاتەوە. ئەوەی دیکەش دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان. ئەگەر دەستمان لە ژێر بەرد دانێین، دەتوانین لەم وڵاتەدا گۆڕانکارییەکی مەزن بە دی بێنین. ژنانی هێژا، ئاشتی بۆ ئێمە زۆر گرنگە. یەکێک لە ڕۆژەڤە سەرەکییەکانمانە.

ئێمە ژنان، لە دژی زیهنیەتی پیاوسالاری شەڕ دەکەین، پێداگری لە ئاشتی دەکەین. توندوتیژی، دەستدرێژی، هەژاری، بێکاری و ڕەنجخۆری شەڕ لەگەڵ خۆییدا دەیهێنێت کاریگەرییەکی زۆر لەسەر ئێمەی ژنان دادەنێت. ژنان و کچانی منداڵی ئێزدی لە لایەن چەتەکانەوە ڕفێنران. لە ناوەڕاستی ئەنقەرە فرۆشران. لە سەدەی ٢١دا منداڵانی کچ و ژنان لە بازاڕەکان دەفرۆشرێن. لە دژی ئەمەش ئێمەی ژنان دەبێت بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" تاوەکو کۆتایی تێکۆشان بکەین.

٦مانگ بەسەر پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراتیکدا تێدەپەڕێت کە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکرد و لە ٢٧ی شوباتدا بە بانگەوازە مێژووییەکەی بەرێز ئۆجالان گەیشتە لوتکە. لەم ٦مانگەدا گەشتمان کرد لە ئاسیاوە بۆ ئۆقیانووسیە، لە ئەورووپاوە بۆ هەموو گۆشەیەکی جیهان سەفەرمان کرد و شاندەکانمان وڵاتانی جیاوازیان ئاگادارکردەوە. شاندەکانمان ڕوونکردنەوە و گفتوگۆیان لەسەر ئەم پرۆسەیە کرد. هەروەها سەردانی هەر چوار گۆشەی تورکیامان کرد و چاومان بە نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس کەوت و قسەمان لەو بارەوە کرد و پرۆسەکەمان بۆ ڕوون کردنەوە. ئێستا بە بەشداری دەیان هەزار خۆبەخش دەرگا بە دەرگا دەڕۆین. ملیۆنان نامە دەنێرین و بۆ ئەو ناوچانە کە نەمانتوانی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەنجام بدەین و کۆبوونەوەی ئۆنلاین بۆیان ساز دەکەین.

لە ئەنجامی هەموو هەوڵدانەکان گەیشتوینەتە ئەو باوەڕەی کە کۆمەڵگا ئاشتی دەوێت. کۆمەڵگا دەیەوێت دەستبەجێ ئاشتی بەرقەرار بێت. هەمووان بە دڵ پشتگیری ئەم پرۆسەیە دەکەن. لەم دواییانەدا بەڕێز ئەردۆغان و شاندەکەمان کۆبوونەوە. ئەم دیدارە ئەرێنی بوو. چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە کە ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە ئامرازێک بۆ خێراکردنی پرۆسەی ئاشتی و دۆزینەوەی چارەسەری. لەبەر ئەو دەرفەتێکی مێژوویی گەورەمان لەبەردەستدایە.

بەڵام دەبێت لە گفتوگۆکانمان ڕوون بین. دوو مانگ تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا هەنگاوێک ئەرێنیمان نەبینیوە کە شایستەی ئەم بانگەوازە بێت. کۆمەڵگا بە ڕوونی قسەی خۆی دەکات و دەپرسێت بۆچی حکومەت هەنگاو نانێت؟ دەپرسێت بۆچی ئەم پڕۆسە یەکلایەنە دەچێتە پێشەوە، ئێمەش داوا لە حکومەت دەکەین؛ لە هەلومەرجێکدا کە گۆشەگیری بەردەوامە و هیچ هەنگاوێکی روون و ئاشکرا نەگیراوەتەبەر و کردەوە دژە دیموکراسیەکان بەردەوامە و دانانی قەیومەکان هێشتا لەبەرنامەی کاردایە، دەبێ چ وەڵامێک بە کۆمەڵگا بدەینەوە؟ بە دروستکردنی هەلومەرجی کارکردن و ئازادی پەیوەندیکردن بۆ بەڕێز ئۆجالان ئەویش بە دەرکردنی ڕێکارێکی یاسایی لە پەرلەمان بۆ دانانی چەک و بە پێشکەشکردنی ڕەشنووسی یاسایی و گۆڕانکاری دیموکراتیک دەکرێت.

لە ئێستادا ئۆپۆزسیۆن پشتیوانی ئەم پرۆسەیە دەکات و چارەسەری بەبنەما دەگرێت. ئەمە بابەتێکی مێژووییە. بۆ یەکەمجار لە تورکیە پاڵپشتییەکی وا هەمە لایەنە بۆ ئاشتی و چارەسەری هەیە. داواکاری من لە پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن و لایەنەکانی تر ئەمەیە: "ئاشتی پرسێکی هەمووانە لە تورکیا. نابێت بە هیچ شێوەیەک لە ئاشتی و چارەسەری بکشینەوە. خاڵێکی تر کە دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە؛ مادام ئێمە باسی چارەسەر و ئاشتی دەکەین، با کەس وا بیر نەکاتەو کە ئێمە کردەوەی قەیومەکانمان لەبیرکردووە. لێرەوە سەبارەت بە شاری وان دەپرسم؛ بۆچی قەیوم باخچەی منداڵان دادەخات؟"