بە دیمەن

رۆژنامەوانانی کەرکوک: رۆژنامەوانانی کورد بەردەوام لە جەنگی داکۆکی کردنن لە مافی کورد

ڕۆژنامەوانانی شاری کەرکوکی باشووری کوردستان ئاماژەیان بەوەدا رۆژنامەوانانی کورد لە کەرکوک و ناوچەدابڕێندراوەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە و سینگی خۆیان کردۆتە قەڵغان بۆ داکۆکی لە مافی گەلەکەیان.

ساڵ لەمەوبەر لە ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی ڕۆژنامەی کوردستان لە قاھیرەی پایتەختی میسر لە لایەن بنەماڵەی بەدرخانیەکان دەرچوو، بۆیە ٢٢ی نیسان وەکو ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی دیاری کراوە، ڕۆژنامەنووسی کورد بەدرێژایی مێژووی دامەزراندنی رۆژنامەگەریی کوردی دەنگ و ویژدانی نەتەوەکەی بووە، وە بەشێک بووە لە شۆڕش و بەرخودانی کورد لەپێناو ئازادی و سەربەخۆییدا، هەروەها رۆژنامەگەریی کوردی لەسەرتاسەری هەر چوار پارچەی کوردستان هەستی بەرەنگاری کورد و داکۆکیکردنی لە مافی هەبوون و مافی ئازادی تێدایە.

سەبارەت بە رۆژنامەنووسانی کوردی شاری کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، ئەوە لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکیکردن لە ناسنامەی کوردستانی بوونی شارەکەن، چونکە بەردەوام هەڕەشەی پرۆسەی بەعەرەب کردنیان لەسەرە، بەردەوام دەوڵەتی عێراق دژایەتی ناسنامەی کوردانەو و کوردستانی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان دەکات، بۆیە ڕۆژنامەگەری کوردی و کوردستانی لەو ناوچانە جۆرێک لە بەرخودانێکی نەتەوەیی و نشتیمانییە.

لە لیدوانێکی تایبەتی ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) لەگەڵ رۆژنامەنووسانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەبۆنەی ١٢٧هەمین ساڵیادی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی، هەروەها دۆخی رۆژنامەنووسانی کورد بەگشتی و دۆخی رۆژنامەنووسانی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان بەتایبەتی، وە رۆڵی سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەبەردەم ئەرکی پاراستن و داکۆکی کردن لە رۆژنامەنووسانی کورد و کێشەو گرفتەکان، رۆژنامەنووسانی شارەکە بۆ ئاژانسمان دوان.

'رۆژنامەنووسانی کورد بەردەوام لە جەنگی داکۆکی کردنن لە مافی کورد'

فاخیر حەمید رۆژنامەنووسی دیاری شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەبۆنەی ١٢٧هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕۆژنامەگەریی کوردی، باسی رۆڵ و دۆخی رۆژنامەنووسی کوردی لە کوردستان بەگشتی و لە کەرکوک بەتایبەتی کرد، و گووتی: "دەستپێک پیرۆزبایی ١٢٧ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی تەواوی کوردستان ئەکەین، بەڕاستی ڕۆژنامەنووسی کورد ڕۆڵی خۆی بەجدی بینیوە، کارێکی پیشەییانەی چاکی کردووە، ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسانی کورد لە دەزگا و ناوەندەکانی ڕۆژنامەگەری کار دەکەن بە تایبەتی لە شاری کەرکوک، ڕۆژنامەنووسانی کورد لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە لە جەنگێکی بەردەوامداین، چ لە جەنگەکانی دژی چەتەکانی داعش کە بەردەوام بەشدارییان هەبووە لە روماڵی جەنگ و ڕۆڵی دیاریان هەبووە، وە لەئێستادا لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری (٢٠١٧)ەوە، لە جەنگێکی بەردەوامن لە داکۆکی کردن لەسەر دۆزی کورد لە کەرکوک و ناوچانە داڕێندراوەکان، بۆیە ڕۆژنامەنووسانی کورد ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە گەیاندنی ماف و خواست و پێداویستییەکانی جەماوەر و خەڵک لەم ناوچانە".

'بەهۆی ململانەی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵات کاری سەندیگا پەکخراوە'

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا رۆژنامەنووس فاخیر حەمید، ڕەخنەی لە سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان گرت، کە کەمتەرخەمن لە ئاست ئەرکەکانیان بەهۆی زاڵبوونی هەژموونی حزبی و ململانییەی نێوان هەردوو حزبی کوردی دەسەڵات(پەدەکە و یەنەکە)، و ئاشکرای کرد: "ئەوەی کە جێی تێبینی ئێمەیە وەکو رۆژنامەنووسانی کوردو کوردستان، بەداخەوە سەندیگای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان سێ ساڵە کۆنگرەی نەبەستووە بەهۆی ململانەی حزبی هەردوو حزبی دەسەڵات کە ئێستا ئەو سەندیگایە بەڕێوەئەبەن، هەروەها سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە کەرکوک بارەگای سەندیگای نەماوە بۆیە پێویستە پێداچوونەوەی جدی لەسەر ئەم دۆخە بکرێت".

'پێویستە رۆژنامەگەریی کوردی بەرەوەپێش بەرین'

ئەو رۆژنامەنووسەی شاری کەرکوک، جەختی لە گرنگی بەرەوە پێشچوونی ڕۆژنامەگەریی کوردی کرد و ڕایگەیاند: "پێویستە ڕۆژنامەنووسانی کورد لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی تەنها باسی مێژوو نەکەین، بەڵکو پێویستە باسی ئایندەش بکەین کە چۆن بتوانین ڕۆژنامەگەری کوردی بەرەو پێشبەرین، جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کورد بەگشتی بە تایبەتی ڕۆژنامەنووسانی کەرکوک دەکەم، بێ گومان دامەرزانی رۆژنامەگەریی کوردی ڕۆژێکی گرنگە بۆ مێژووی ڕۆژنامەگەریی، کە هەموو تاکێكی کورد و رۆژنامەنووسانی کورد قەرزداری بنەماڵەی بەدرخانەکانن ئەو بنەماڵەیە کە توانیویانە لە مێژوویەکی پرشنگدار ڕۆژنامەگەری کوردی دروست بکەن، وە رۆژنامەنووسانی کورد توانیوانە دەستاودەست رۆژنامەگەریی کوردی بەم ئاڕاستەیە بگەینن".

'بەداخەوە پاڵپشتی و پشتگێری سەندیگا بۆ رۆژنامەنووسانی کورد نەماوە'            

لە کۆتایی قسەکانیدا، فاخیر حەمید، رۆژنامەنووسی دیاری شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، دووبارە ڕەخنەی لە هەردوو حزبی دەسەڵاتی کوردی (پەدەکە و یەنەکە) گرت کە هۆکاربوونە بۆ خراپی دۆخی سەندیگای رۆژنامەنووسانی کورد لە باشوری کوردستان و جەختی کردەوە کە، "ئەوەی جێی تێبینێیە هەردوو حزبی دەسەڵات سێ ساڵە ڕێگرن لە بەستنی کۆنگرەی سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەتوانین بڵێین (پەدەکە و یەنەکە) نەیانتوانیوە ئەو ڕێکخراوە وەکو ڕێکخراو بناسێنن، بەڵکو مۆرکی حزبی هەر بەسەر سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستانەوە زاڵە، دەبوو ئێستا سەندیگای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کۆنگرەی ئەنجام بدایە بەڵام بەداخەوە بەهۆکاری حزبی نەکراوە، ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە هەندێک ناوچە وەکو ناوچە دابڕێندراوەکان پشتگیری و پاڵپشتی زیادی سەندیگای پێویستە بەڵام بەداخەوە پشتگیری و پاڵپشتی رۆژنامەنووسانی کورد نەماوە".

'رۆژنامەنووسانی کورد لە کەرکوک ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە'

فواد عوسمان ئەندامی ئیدارەی سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە شاری کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات دوا و گووتی: "بەبۆنەی ١٢٧هەمین ساڵیادی دامەرزاندنی یەکەمین رۆژنامەی کوردی لەلایەن بەدرخانییەکان، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم رۆژنامەنووسانی کوردستان بەگشتی و شاری کەرکوک بەتایبەتی دەکەین، ڕەوشی رۆژنامەنووسانی کوردستان لە کەرکوک لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ کە سوپای عێراق دەسەڵاتی گرتە دەست لە کەرکوک ئاستەنگی تێکەوت، هیوادارین بتوانین ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو زیاتر خزمەت بە رۆژنامەنووسانی شارەکە بکەین".

'بەهۆی نەمانی پالپشتی دارایی کاری سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان وەستا'

ئەو ئەندامەی ئیدارەی سەندیگای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ووتیشی: "ئێمەی رۆژنامەنووسانی شاری کەرکوک لە ساڵی ٢٠٠٤ یەکەم دەستەی دامەرزرێنەی لقی کەرکوکی سەندیگامان دامەزراند هەروەها تاوەکو ئیستا سێ کۆنفرانسمان ئەنجامداوە و لەو ماوەیەدا کاری باشمان کردووە بۆ پێگەیاندنی رۆژنامەنووسانی کورد لە کەرکوک، لەدوای ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان پاڵپشتی داراییمان نەما و نەمانتوانی هاوکاری دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەین، بەڵام توانیومانە لە ڕێگەی دادگاوە داکۆکی لەو رۆژنامەنووسانە بکەین کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون".

'کەرکوک بۆتە سەربازگەیەک بۆیە کاری رۆژنامەوانی تیدا قورسە'

لە کۆتایی قسەکانیدا، فواد عوسمان باسی لە رۆڵ و دۆخی رۆژنامەنووسانی کوردی کەرکوک کرد و ئاشکرای کرد: "ڕۆژنامەنووسانی کەرکوک وەکو جەنگاوەرێک بەردەوام سینگیان کردۆتە قەڵغان، چونکە کارکردن لە شاری کەرکوک جیاوازە بەراورد بە شارەکانی دیکە، چونکە شاری کەرکوک لە چەند ساڵی ڕابردوو و دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و بەڕێوەبردنی شارەکە لەلایەن سوپاوە، شارەکە بۆتە سەربازگەیەکی گەورەی پڕ لە هێزی چەکدار، رۆژنامەنووسان لەناو جەنجاڵی شارێکی پڕ لە هێزی چەکداری کار دەکەن ئەمەش کارێکی قورسە، هیچ کات رۆژنامەنووسانی کوردی شارەکە کەمتەرخەم نەبوونە لە کارەکانیان و لە داکۆکی کردن لە مافی نەتەوەکەیان".