تەرمی موستەفا مەسعود تەکیک بەخاک سپێردرا

تەرمی هاوسەرۆکی دەم پارتی ئێلح، موستەفا مەسعود تەکیک کە لە ئەنجامی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد، لەلایەن هەزاران کەسەوە لە تەنیشت گۆڕی خوشکەکەی ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا بەخاک سپێردرا.

تەرمی هاوسەرۆکی دەم پارتی ئێلح، موستەفا مەسعود تەکیک کە لە ئەنجامی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد،  لە ئێلح بەخاک سپێردرا. تەرمی تەکیک پاش ڕێوڕەسمی ئایینی بەرەو زێدی خۆی گەڕێندرایەوە، لە فڕۆکەخانەی ئێلح لەلایەن هاوسەرۆکانی دەبەپە چیدەم کلیچگون ئوچار و کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری، پەرلەمانتارانی دەم پارتی، ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی، تەژەئا، پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسیی ئێلح و لەلایەن هەزاران کەسەوە بەخاک سپێردرا.

جەماوەر بە کاروانێکی سەدان ئۆتۆمبیلی گەیشتنە گەڕەکی تلمەرجە، لەپشتی تەرمی تەکیکەوە دەستیان بە ڕێپێوان کرد.

جەماوەر بە درووشمی "شەهید نامرن" بەرەو گەڕەکی تلمەرجە ڕێپێوانیان کرد و تەرمی تەکیکیان لە تەنیشتی گۆڕی خوشکەکەی ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا بەخاکسپارد، کە ٢٣ ی ئابی ٢٠٢٤ لە سلێمانی لە هێرشی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک شەهیدکرا.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئێلح سۆنگول کۆرماز پاش بەخاکسپاردنەکە قسەی کرد و سەرەخۆشی لە گەلی شارەکە کرد.

٣٥ ساڵ تێکۆشان

هاوسەرۆکی دەبەپە کەسکین بایندەر ئاماژەی بە ٣٥ ساڵ تێکۆشانی تەکیک کرد و ڕایگەیاند ئاشتییەکی شکۆدار دەکەنە دیاری تەکیک و بنەماڵەکەی. گوتی: "لەدەستدانێکی بە ئازارە، لە تێکۆشانی ٣٥ ساڵەی خۆیدا دەیگوت "ئازادی دێت، ئاشتی شکۆدار دێتەدی". بەڵێن دەدەین ئاشتییەکی شکۆدار بڕەخسێنین".

"ئاشتییەکی شکۆدار بنیات دەنێین"

هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری، گوتی: "شەهیدکردنی هاوڕێ گوڵستان دڵی ئەوی سوتاند. ئازارمان بە ڕووییەوە دەبینی. هاوڕێیەتی مرۆڤێکی وەها بۆ ئێمە شەرەفە. ماڵئاوا هەڤاڵ موستەفا. ئێمە ئاشتییەکی شکۆدار بنیات دەنێین".

"میراتی تێکۆشانی جێهێشت"

براکەی ئەحمەد تەکیک گوتی: "ئێمە وڵاتپارێزیمان لە باوکمانەوە وەرگرت، گوڵستان و موستەفا بە ئاگاییەوە بەشداری تێکۆشان بوون. موستەفا لە تێکۆشانی سەندیکایی و حزبیشدا بەشداربوو. بەرخۆدانی وەک میرات جێهێشت".

پاشان پەیامی هاوڕێیانی تێکۆشانی گوڵستان تارا لەلایەن هاوسەرۆکی دەبەپەی ئێلح ڕەسول چەتین خوێنرایەوە. دواتر گوڵ لەسەر گۆڕی موستەفا مەسعود تەکیک و گوڵستان تارا دانرا.