وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا: بە هەموو هێزمانەوە پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەین

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند؛ بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەرفەتێکی مێژووییه و وتی: "ئێمه ئامادەین به هەموو هێزی خۆمانەوە پشتیوانی لە پرۆسەکه بکەین."

کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش پشتیوانی لە بانگەوازییە مێژووییەکی ڕێبەر ئاپۆ بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" کرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا له بەیاننامەیەکی نووسراودا ڕایگەیاند؛ بە هەموو هێزیانەوە پشتیوانی له بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن.

'بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دەرفەتێکی مێژوویی هاتووتە پێش'

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوانەی کە بەدەیان ساڵە بەردەوامە و بووەتە هۆی ژیان لەدەستدانی بەدەیان هەزار کەس."

'پێویستە مافەکانی گەلی کورد بپارێزرێت'

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەو بانگەوازە هەنگاوی یەکەم بوو و لەسەر ڕۆڵی پەرلەمانی تورکیا ئەمانەش باسکراوە: "ئەمە هەنگاوێکی یەکەمی گرنگە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی، بەڵام پێویستە هەنگاوی زیاتر لەسەر ڕێگای چارەسەری بەردەوام بۆ گەلانی تورکیا بنرێت. لەم هەنگاوانەدا پێویستە لە سەرووی هەموو شتێکەوە ڕێز لە مافی کولتووری و دیموکراتیکی کوردانی تورکیا بگیرێت و مسۆگەری هەبێت. پەرلەمانی تورکیا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە بنیاتنانی ئەم پڕۆسە سیاسییە و جێبەجێکردنی چارەسەریدا."

'ئێمە ئامادەین پشتگیری لە پرۆسەکە بکەین'

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: ئێمە وەک حکومەتی ئەڵمانیا ئامادەین بە هەموو هێزمانەوە پاڵپشتی لە پرۆسەکە بکەین.