ئەمریکا داوای لە ئەورووپا کرد سەبارەت بە ئێران بڕیاری گرنگ بدات

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە ئەورووپا کرد بە زووترین کات سەبارەت بە "سزادانی ئێران" بڕیاری گرنگ بدات، ئەمەش پێش کۆبوونەوەی نوێنەرانی ئەمریکا و ئێرانە لە ڕۆما.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "ئەوروپا دەبێت سەبارەت بە دووبارە سزادانی ئێران لە ماوەیەکی کورتدا بڕیاری گرنگ بدات. چونکە ئێران بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەکی ڕوون هەنگاو نانێت."

مارکۆ ڕوبیۆ پێشتر پێشنیاری کردبوو کە ئەگەر تاران ئامانجە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات، ئەوا لە بەرامبەردا سزاکان کەم دەکەنەوە و وتی: "هەموومان چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆمی ڕاپۆرتێک کە تێیدا ئاماژە بەوە بکات کە ئێران بە پێی ڕێککەوتنەکە ناجووڵێت و نزیکتر دەبێتەوە لە بەدەستهێنانی چەکی مەترسیدار ڕابگەیەنێت."

سەرۆکی ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆمی، سەردانی تارانی کرد و ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کاتێکی کەم ماوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.

وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل و بەتایبەتی ئەمەریکا مەزەندە دەکەن کە ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست دەهێنێت. هەروەها تاران ئەو قسانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، تەنیا وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی دوور لە سەربازیی بەکاردەهێنێت.