ئەو داعشانەی دوو پاسەوانی زیندانیان لە رووسیا بە دیلگرتبوو کوژران

کاربەدەستانی رووسیا رایانگەیاند، بەندکراوانی داعش کە زیندانێکی باشووری ئەو وڵاتە دوو کارمەندی زیندانیان بەدیلگرتبوو، کوژراون.

لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی زیندانەکەدا هاتووە، "بە ئۆپراسیۆنێکی تایبەت تاوانباران کوژراون وکارمەندە بەدیلگیراوەکان بە بێ ئەوەی بریندار بن ئازاد کراون".

 بەڕێوەبەرایەتی زیندانەکە چەند کاتژمێر پێشتر رایگەیاندبوو، لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی ژمارە ١ لە هەڕێمی رۆستۆڤ لە سەر سنووری قەفقازیا ٢ پاسەوان لەلایەن سزادراوانەوە بە دیلگیراون.

ئاژانسی تاسی حکومەت لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویکردەوە، لە ناو ئەو کەسانەی دوو پاسەوانەکەیان بە دیل گرتووە ئەندامانی داعش بوونیان هەیە و بە تۆمەتی تێوەگلان لە تیرۆر دادگایی دەکرێن.

بە گوێرە ئەو سەرچاوەیە هێرشبەران بە چەقۆ، دار و تەورێک خۆیان لەناوەندی دەستبەسەرکردن شاردووەتەوە.

وەک ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە هێرشبەران کە ژمارەیان شەس کەس بووە لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان داوای ئۆتۆمبێلێک و رێگەدان بە چوونەدەرەوە لەو ناوەندەیان کردووە، بەڵا بە ئۆپراسیۆنێکی تایبەت هێرشبەران کوژراون و دیلەکانیش ئازادکراون.

روسیا زۆر جار دەکرێتە ئامانجی هێرشەکانی داعش و لە ٢٢ی ئاداری ئەمساڵدا هێرشێکی چەکداری بۆ سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە نزیک مۆسکۆ ١٤٤ کوژراوی لێکەوتەوە و بە سەدان کەسیش برینداربوون. دوای ماوەیەکی کەم چەکدارانی داعش هێرشەکەیان گرتبووە ئەستۆ.

هـ . ب