ژمارەی کوژراوانی شەڕی غەززە ٢٢ هەزار و ٣٠٠ کەسی تێپەڕاند

وەزارەتی تەندروستی حەماس لە رۆژی ٨٩هەمینی شەڕی غەززەدا ئاماری نوێی ئاشکرا کرد. بە گوێرەی ئامارەکە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کە ٧ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد، تائێستا ٢٢ هەزار و ٣١٣ کەس کوژراون.

وەزارەتی تەندروستی حەماس-فەلەستین رۆژی چوارشەممە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە کە لەسەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە واتە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ٢٢ هەزار و ٣١٣ کەس کوژراون. راگەیەندرا کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١٢٨ کەس کوژراون. وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو کە بە گشتیی ٥٧ هەزار و ٢٩٦ کەس برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە لە هێرشی فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیلدا بەرپرسێکی باڵای حەماس بە ناوی ساڵح ئەلعەرور کوژرا.

راگەیەندرا کە نوێنەری باڵای حەماس لە بەیروت، ئەلعەرور ٢ی کانونی دووەم لە هێرشی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی ئیسرائیل کوژراوە. لە هێرشەکەدا نوسینگەی حەماس کرایە ئامانج. باس لەوەشدەکرێت لە هێرشەکەدا ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی حەماسیش کوژراون.

هـ . ب