ئەگەری هەیە زستانی ٢٠١٩-٢٠٢٠ لە ئەوروپا وەک سەرمای سیبیریا بێت

ئۆفیسی کەشناسی بەریتانیا (مەت ئۆفیس – Met Office ) ڕایگەیاند، زستانی ٢٠١٩-٢٠٢٠ لە ئەوروپا لەچاو ساڵانی ڕابردوو زۆر سارد دەبێت.

بە پێی ڵێکۆلینەوەی ئۆفیسەکە، ئەمساڵیش بای (وەحشی ڕۆژهەڵات) کاریگەری لە سەر وڵاتانی ئەوروپا دەبێت کە ساڵی ڕابردوو کاریگەریەکی زۆری لە سەر بەریتانیا و سکۆچیا و ژمارەیەک وڵاتی تر دانابوو.

لە ڵێکۆلینەوەکەدا (مەت ئۆفیس) بە تایبەتی و وەک نمونە باس لە بای (وەحشی ڕۆژهەڵات) دەکات و ڕادەگەیەنێت، ئەگەری ئەوە هەیە مانگی کانوونی دووەم "ڕێبەندان" و شوبات "ڕەشەمێ" وەک سەرمای سیبیریا بێت.

ساڵی ڕابردووش لە زستاندا بایەکی زۆر بەهێز کاریگەری لە سەر زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دروستکرد و لە لەندەن پلەی گەرما گەیشتە ٦ پلەی ژێر سفر و لە سکۆچیاش ١٤ پلە ژێر سفرەوە بوو.

بە هۆی سەرماوە پڕۆژەی بیناسازی بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیران. ئۆفیسی کەشناسی بەریتانیا دەڵێت، بۆ ئەوەی بزانرێت سەرمای ساڵی ٢٠٢٠ لە چ ئاستێکدا دەبێت، پێویستی بە کات هەیە.