بۆ پشتیوانى لە کەشتیى ئەکواریس لە ئەوروپا خۆپیشاندن ئەنجامدرا

هەزاران هاووڵاتیى لە چەندین وڵاتى ئەوروپی رژانە سەر شەقامەکان و داوایانکرد، کەشتیى ئەکواریس بۆ هاوکاریى مرۆیى بەردەوام بیت لە هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ رزگارکردنى ئاوارەکان لە کەنارئاوەکانى لیبیا.

لەسەر داواى رێکخراوی سۆس مەدیتەرانە و رێکخراوى پزیشکانى بێسنوور لە ٣٠ شاری ئەوروپی لە شارەکانى وەک پاریس و مارسیلیا، بەرلین و بروکسل و پالیرۆمۆی خۆپیشادانی ناڕەزایەتى ئەنجامدران.

هەزاران هاووڵاتى لە شاری مارسیلیا لە ناوچەى نێوان بەندەری ژۆیتی و ڤیوکس – پۆرت کە کەشتییەکەى تیادا راگیراوە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

سۆپی بیاو هاودامەزرێنەری رێکخراوی سۆس مەدیتەرانە لە چالاکییەکەدا ئامادە بوو و رایگەیاند "خەمساردیى دەوڵەتە ئەوروپییەکان تاوانە. ئەوە قبوڵ ناکرێت کە هاوکاری لە مرۆڤەکان داببڕێت و سەیری خنکاندنیان بکرێت".

لە پاریسی پایتەختى فەرەنساش سەدان کەس بەشداری چالاکییەکە بوون. فرانسیس ڤاڵات سەرۆکی سۆس مەدیتەرانە لە چالاکییەکەدا ئامادە بوو و راوەستاندنى کارەکانى کەشتیى ئەکواریسی بۆ هاوکارییە مرۆییەکان ئیدانە کرد.

بۆ بەردەوامیى هاوکارییە مرۆییەکانى کەشتیى ئەکواریس لە ٢٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ەوە لە ئەوروپا هەڵمەتێکى ئیمزا کۆکردنەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا نزیکەى ٢٠٠ هەزار کەس بەشداریى ئەو کەمپینە بوون.

ر.م