تاڵیبان داوای ئاگربەست لە ئەمریکا دەکات

میدیا جیهانیەکان بڵاویان کردەوە، کە ڕێکخراوی تاڵیبان پێشنیاری ئاگربەستی کاتی خستووەتە بەردەستی نوێنەری ئەمریکا لە ئەفغانستان.

کەسێکی نزیک لە تاڵیبان بۆ ئاژانسی"  AFP" ڕایگەیاندووە: تاڵیبان بۆ ئاگربەستێکی ٧ و ١٠ ڕۆژە ئامادەیە، ئەم ئاگربەستەش لەنێوان ئەمریکاو حکومەتی ئەفغانستان دەبێت.

بەپێی ئەو ئاژانسە، پەیامی تاڵیبان ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە گەیشتووەتە دەست زەلمای خەلیلزاد کە نوێنەری ئەمریکایە لە ئەفغانستان.

چاوپێکەوتنەکانی نێوان ئەمریکاو تاڵیبان نزیکەی ساڵیکە بەردەوامە، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکاش لە کۆتایی مانگی ١١ی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، کە چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ تاڵیبان دووبارە دەستیپێکردووەتەوە.

وەستانی چاوپێکەوتنەکانی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا دوای ئەوە هات، کە تاڵیبان هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەیەکی نزیک لە بارەگایەکی ئەمریکا لە باگرامێ لە باکوری شاری کابۆڵ-ی پایتەختی ئەفغانستان.

جێگای ئاماژەیە، لەسەرەتای چوونی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان تا ئێستا ٢٤٠٠ سەربازی ئەمریکا لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.

ب.ش