ترامپ دۆخی نائاسایی لەبەرامبەر ئێران بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردەوە

سەرۆکی ئەمریکا بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک، ئاماژەی بەوەدا، دۆخی نائاسایی وڵاتەکەی لە بەرامبەر ئێران بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کردووەتەوە.

بەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی ڕاگەیەندراوێکی لەسەر واژۆی درێژکردنەوەی دۆخی نائاسایی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێران بۆ ساڵێکی دیکە بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ترامپ هاتووە: پەیوەندیی ئەمریکا و ئێران هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە، بۆیە دۆخی نائاسایی نەتەوەیی ڕاگەیەندراو لە ١٤ی ١١ی ١٩٧٩ و ڕێوشوێنە دابینکراوەکانی پێویستە دوای ١٤ی ١١ی ٢٠١٩ بۆ ساڵێکی دیکەش بەردەوام بێت.

جێگای ئاماژەیە کە دوای داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تارانی پایتەختی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ لەلایەن لایەنگرانی خومەینی ڕێبەری پێشووی ئێرانەوە، جیمی کارتر سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا لە فەرمانێکدا کە ڕۆژی ٤ی ١١ی ١٩٧٩ واژۆی لەسەر کرد، دۆخی نائاسایی لە بەرامبەر ئێران ڕاگەیاند، ئەم فەرمانە دەستی سەرۆکی ئەمریکا ئاوەڵا دەکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی داراییەکانی ئێران و ڕێگەی پێدەدات کە گەمارۆ بخاتە سەر ئەو وڵاتە.

ف.ق