رۆژئاوای کوردستان بووەتە بابەتی گۆتۆبێژی شارەوانی و زانکۆکانی ئیتالیا

دوای ئەو هەموو پشتیوانییەی لە ٦٧ شار و ناوچەی وڵاتی ئیتاڵیا بۆ رۆژئاوای کوردستان پیشان دران، بابەتی رۆژئاوا بووەتە جێی گۆتۆبێژی شارەوانی و زانکۆکانی ئەو وڵاتە و لەم بارەیەوە چەندین بڕیار دران و پەیام بڵاو کرانەوە.

لە ٩ی تشرینی یەکەمەوە کە هێرشە داگیرکەرییەکان دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردوون تا ئێستا لە ٦٧ شار و ناوچەی ئیتالیا بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان چالاکی و خۆپیشاندان و رێپێوان و گردبوونەوە ئەنجام دراون.

لە دژی ئەو هێرشانە، ئەنجومەنی شارەوانییەکانی ٦ شار و ٥ ناوچە لەم بارەیەوە دانیشتنی تایبەتیان هەبووەو بڕیاریان لەو بارەیەوە داوە. هەورها دەستە ئەکادیمییەکانی هەر یەک لە زانکۆکانی پیساو فیرەنزەو تۆرینتۆ دانیشتنیان لەسەر بارۆدۆخی رۆژئاوای کوردستان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئەنجام داوەو بابەتەکەیان گۆتۆبێژ کردووە.

لەم چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی شارەوانییەکانی کارارا و پارما و پیسا و لیڤەرنۆ و لیگە و مانتۆڤ و ناوچەکانی فۆڵنیجا و ڤیکییۆ و فرانساتی و کاستێلنۆڤۆ و فابریکۆ داوایان لە حکومەتی وڵاتەکەیان کردووە کە ئیدی چەک بە تورکیا نەفرۆشێت و پەیوەندییە بازرگانی و دیپلۆماسییەکانی لە گەڵ تورکیا بوەستێنێت.

ئەنجومەنی شارەوانییەکان هەروها بڕیاریان داوە کە یارمەتی مرۆیی بنێرن بۆ رۆژئاواو لە هەمان کات داوایان لە کۆنسەی ئەمنیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە هێزێکی ئاشتی رەوانەی هەڕمەکە بکات.

زانکۆکانیش بۆ رۆژئاوا کەوتوونەتە جموجوڵ

زانکۆی فیرەنزە لە کۆبونەوەی دەستەی ئاکادیمیدا کە لە ١٧ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو، بانگێکی ئاڕاستەی رێکخراوە پەروەردەییە نێودەوڵەتییەکان کرد کە پشتیوانی لە زانکۆکانی رۆژئاوای کوردستان بکەن.

 زانکۆی پیسا-ش لە ٢٨ی ئەم مانگەدا بە بەشداری سەرۆکی زانکۆکە، پەیامێکی ئاڕاستەی یەکێتی ئەوروپا کر و داوای لێکرد یارمەتی مرۆیی بنێرن بۆ ناوچەکە.

بە هەمان شێویە زانکۆی پۆلیتەکنیکی تۆرینۆش لە ٨ی ئەم مانگەدا لە دانیشتنێکیدا داوای کرد کە شاندێک سەردانی زانکۆکانی رۆژئاوای کوردستان بکات.

ز.ش