فه‌ڕه‌نسا: دەکرێت ئه‌ندامه‌ بیانییه‌كانی داعش له‌ عێراق دادگه‌یی بكرێن

وه‌زیری دادی فه‌ڕه‌نسا نیکۆل بێلوبێت ڕایگه‌یاند،، بۆ دادگه‌ییکردنی ئه‌ندامه‌ بیانییه‌كانی داعش گفتوگۆ لەسەر بیرۆکەی دروستكردنی دادگه‌ی نێونەتەوەیی دەکەن. گوتیشی، دەکرێت دادگه‌كه‌ لە عێراق دروست بکرێت.

وه‌زیری دادی فه‌ڕه‌نسا نیکۆل بێلوبێت به‌ ڕادیۆی ئاڕ ئێم سی (RMC)ی ڕاگه‌یاند، ده‌رباره‌ی بیرۆکەی دروستكردنی دادگەی نێونەتەوەیی بۆ دادگه‌ییكردنی ئه‌ندامه‌ بیانییه‌كانی داعش له‌گه‌ڵ زۆر هاوپیشەم له‌ ئه‌ورووپا به‌تایبه‌تی وەزیرانی کاروباری ناوخۆ و داد گفتوگۆ ده‌كه‌ین.

ناوبراو گوتی، ئەو گفتوگۆیه‌ زیاتر له‌نێو گرووپی ڤۆندۆم (Vendome) دەکرێت كه‌ تیایدا وەزیرانی دادی فەڕه‌نسا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا هەن. گوتیشی، هێشتا ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌نیا وتوێژه‌. دادگه‌ له‌ هه‌رێمه‌كه‌ دروست ده‌كرێت، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ له‌ عێراق دابمه‌زرێنرێت نه‌ك له‌ سووریا.

وەزیرەکەی فەڕەنسا باسی لەوەش کرد، به‌ربه‌ستی زۆر هه‌ن له‌ به‌رده‌م ئه‌م هه‌نگاوه‌دا. پێویستە دەوڵەتی عێراق قبووڵی بکات. هه‌روه‌ها ده‌بێ سەرەتا هه‌لومه‌رجی قەدەغەکردنی سزای له‌سێداره‌دان دروست بكرێت. نیکۆل بێلوبێت ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، دروستکردنی دادگه‌یه‌كی لەو شێوەیە ماوەیەکی درێژی پێویستە.

دووشەمەی رابردوو لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد به‌ به‌شداری سوێد و ١١ وه‌ڵاتی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا بۆ هه‌مان مه‌به‌ست کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

s.m