قەیرانی (ئێس-٤٠٠): ناتۆ و ئەنکەرە تا ئێستا رێکنەکەوتوون
جێنس ستۆلتەنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند ئەوان تا ئێستا لە بارەی دۆسیەی سیستمی پاراستنی (ئێس-٤٠٠)-ی روسی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا نەگەیشتوونەتە هیچ رێکەوتنێک.
جێنس ستۆلتەنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند ئەوان تا ئێستا لە بارەی دۆسیەی سیستمی پاراستنی (ئێس-٤٠٠)-ی روسی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا نەگەیشتوونەتە هیچ رێکەوتنێک.
ستۆلتەنبێرگ لە چوارچێوەی قسەکانیدا لە مونتەدای ئابوری جیهانیی داڤۆسدا رایگەیاند، ئەوان تا ئێستا لە گەڵ تورکیا لە بارەی سیستمی بەرگریی روسی نەگەیشتوونەتە هیچ رێکەوتنێک.
سکرتێری گشتی ناتۆ وتی:" بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەوەی لەدەستمان دێت دەیکەین."
لەم چوارچێوەیەشدا مەولود چاویش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیاش رایگەیاند، بە هۆی ئەو "هەڕەشانە"ی لەسەریان هەیە، ئەوان سیستمی (ئێس-٤٠٠)یان بە پێویست زانیوە و وتیشی، ئەم بڕیارەیان هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر هاوپەیمانی ناتۆ دروست ناکات.
قەیرانی (ئێس-٤٠٠) بە تایبەت لە نێوان ئەنکەرە و واشنتون ببووە بابەتی گۆتوبێژ و نەگەیشتبوونە هیچ رێکەوتنێک لەسەری. دوای کڕینی ئەو سیستمە لە لایەن تورکیاوە کە ئەمریکا بە پلەی یەکەم لە دژی ئەو سیستمەیە، واشنتون ناوی تورکیای لە لیستی فرۆشتنی فڕۆکەی (F-35) دەرکردبوو. هاوکات ئیدارەی واشنتون چەندین جار هەرەشەی سەپاندنی سزای توند بەسەر تورکیا کردبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی لەگەل رژێمی ئەنکەرە تێک نەدابوو.
دەوڵەتی تورک بڕیاری داوە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ئەم سیستمە روسییە، بخاتە چوارچێوەی ئۆپڕاسیۆنەکانیدا.
ز.ش