لێبوردنی نێودەوڵەتی: لەماوەی ٣مانگدا ٦٦٩ کەس لە عێراق کوژراون

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماری ٣ مانگی ڕابردووی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی عێراقی ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، ٦٦٩کەس کوژراون و  ٢٥ هەزار کەسیش برینداربوونە، هاوکات هێزە ئەمنییەکانیش لە هەوڵدانە بۆ چۆڵکردنی تەحریر لە خۆپیشاندەران.

ئاڵۆزی و خۆپیشاندانەکانی عێراق لە ١-١٠-٢٠١٩ وە لە عێراق بەردەوامیان هەیە و تا ئێستا بە سەدان کەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان کوژراون و بە هەزاران کەسیش برینداربوونە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماری سێ مانگی ڕابردووی لە عێراق ئاشکراکرد و ڕایگەیاند بەهۆی بەکارهێنانی هێز لە دژی خۆپیشاندەران، لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوو تا ئێستا ٦٦٩ کەس کوژراون و نزیکەی ٢٥ هەزار کەسیش برینداربوونە.

بەپێی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئەشکەنجەدان و دەستگیرکردن لە عێراق بەردەوامیان هەیە.

لەلایەکی دیکەشەوە، دوای خۆپیشاندانەکانی دوێنێ ی عێراق بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان، لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان شەڕ ڕوویدا، لە ئەنجامی گولـلەبارانی هێزە ئەمنییەکان ٦ کەس گیانیان لەدەستداو ٥٤ کەسی دیکەش برینداربوون.

حکومەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان لە هەوڵدایە گۆڕەپانی تەحریر بە هێزی ئەمنی گەمارۆ بدات و لەمبارەشەوە هێزێکی زۆری ئەمنی ڕەوانەی شوێنەکە کردووە، ئەمەش ئەگەری پێکدادانی توندتر لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە ئارادایە.