لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا لە تاجیکستان ١٧کەس کوژران

لە تاجیکستان لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا لە دژی هێزەکانی پاراستنی سنوور ١٥ ئەندامی گروپێکی چەکدار و پۆلیسێک و سەربازێک کوژران.

بە پێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوخۆی تاجیکستان هێرشەکە لە لایەن گروپێکی چەکداری نەناسراوەوە لە سەر سنووری ئوزبەکستان ئەنجام دراوەو ئاشکرای کرد کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا ١٥ کەس لە ئەندامانی 'گروپە چەکدارەکە' و پۆلیسێک و سەربازێکیشیان کوژراون.

ئەو شوێنەی هێرشەکەی لێ ئەنجام دراوە، ٥٠ کیلۆمەتر دوورە لە دووشەمەی پایتەختەوە. لە بەیاننامەکەدا ئاشکراش کراوە کە ٤ ئەندامی گروپە هێرشبەرەکە گیراون و ٤ ئۆتۆمبیلیشیان لەناو براون.

تاجیکستان کە وڵاتێکی هەژارنشینە و زۆرینە دانیشتوانی سوننەن، لە ساڵەکانی ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٧ لە ناوخۆی ئەو وڵاتە شەڕێکی خوێناوی روویداو لە ئەنجامدا نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس گیانیان لەدەست دابوو.

بەپێی زانیارییەکانی ناوەندە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە، تا ئێستا نزیکەی ٢بۆ ٤ هەزار کەس بەشداری گروپەکانی داعش و ئەلقاعیدە بوون.

ز.ش