ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی سودان گەییشتە ٦٠کەس

لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکانی خارتوومی پایتەختی سودان ٦٠ خۆپیشاندەر کوژراون وبەدەیان کەسی تر برینداربوون.

کۆمیتەی پزیشکانی سودان ڕایگەیاند، دوای گەمارۆدانی چادری خۆپیشاندەران لەبەردەم بارەگای سەرەکی سوپای ئەو وڵاتە و ھێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران، ٦٠ کەس کوژران و زیاتر لە ١٤٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر دۆخی سودان سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی سەربازیی ڕاگوزەر لە سودان، بەرپرسیارە ‌لەئاسایش و سەلامەتیی ھاوڵاتییان و داوای ئارامیی لە لایەنەکان کردووە.

ماوەی چەند ھەفتەیەکە ئەنجومەنی سەربازی سودان و ھاوپەیمانی لایەنەکان کە خۆی لە ئەنجومەنێکی مەدەنی دەبینێتەوە دانووستانەکانیان بە ئاڕاستەی بەڕێوەبردنی وڵات دەستپێکردووە و بەپێی ئەو ڕێککەوتنەش کە لەنێوانیاندا واژۆکراوە، بەڕێوەبردنی وڵات بۆ ماوەی سێ ساڵ بەشێوەی ڕاگوزەر و ھاوبەش بەردەوام دەبێت و دواتر ھەڵبژاردن دەکرێت.

دوای پەرەسەندنی گرژییەکان ئەنجومەنی ڕاگوزەری سەربازیی سەرجەم ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەنجومەنی مەدەنی ھەڵوەشاندەوە و جەختی لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختە کردەوە بەچاودێریی وڵاتان لە ماوەی کەمتر لە ٩ مانگدا.

ک-ش