هونەرمەندی کورد رۆژ ناڕەزایەتی بەرامبەر جەهەپە نیشاندا

هونەرمەندی کورد رۆژ کە نیشتەجێی ئوستراڵیایە، بەهۆی ئەوەی جەهەپە گورانیەکی ئەوی بە ناوی 'دیرەن دیاربەکر' بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهێناوە ناڕەزایەتی دەربڕی.

هونەرمەند رۆژ کە لە شاری سیدنی ئوستراڵیا دەژی خاوەنی گۆرانی 'دیرەن دیاربەکر'ە رایگەیاند کە جەهەپە بە بێ رێگەپێدانی ئەو گۆرانیەکەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئامەد بەکارهێناوە.

هونەرمەند رۆژ لەلێدانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ئاماژەی بە تاڵان، دزی و قڕکردنی کولتوری لە دژی گەلی کورد کرد. رۆژ ئەوەی خستەڕوو، کە ئەو لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە زانیویەتی کە جەهەپە بەبێ مۆڵەت و رێگەپێدانی ئەو گۆرانیەکەی بۆ هەڵبژاردنی خۆجێیی ٢٠٢٤ بەکارهێناوە و بەم جۆرە بەردەوام بوو لە قسەکانی، "من ئەو گۆرانیەم بۆ گێڕانەوەی خۆشەویستی و ئەوینی کورد بۆ رۆڵەکانی کە لە چیا شەڕدەکەن، داناوە. گەلی کوردیش بە خۆشەویستیەکی زۆرەوە خاوەندارییان لەو بەرهەمە کردووە. لەبەر ئەوەی حزبێکی وەک جەهەپە کە یەک لە بەرپرسیارە سەرەکیەکانی قڕکردنی کوردان بوو و هێشتاش هاوکاری قڕکردن دەکات، موزیکەکەم کە وێنای بەرخودان لە دژی ئەو قڕکردنە دەکات، وەک کەرستەیەکی پرۆپاگەندەی خۆی بەکاردەهێنێت، هەربۆیە شەرمەزاری دەکەم".

رۆژ ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوەی جەهەپە دەیکات "هێرشە لە دژی بەهاکانی گەلی کورد" و وتی " بێگومان ئێمە لە دژی ئەو ئەقڵیەتە قڕکەرە بێشەرمانەیە، وەک لە گۆرانیەکەشمدا رامگەیاندووە، خۆڕاگری دکەین".

هونەرمەند رۆژ بەم جۆرە بەردەوام بوو لە قسەکانی، "گەلی کورد بەرخودانی خۆی بە شێوەیەک کە شیاوی مێژووبێت درێژە پێدەدات. ئێمە رۆڵە وڵاتێک پڕ خێر و بەرەکەتین. وەک چۆن بونیادنان و بەرهەمهێنان کاری ئێمەیە، خاوەنداری و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانیش ئەرکی ئێمەیە".

هـ . ب