رێکخراوەکانی بواری کولتور و زمانی کوردی: نکۆڵیکردن قەبوڵ ناکەین

رێکخراوەکانی بواری کولتور و زمانی کوردی رایانگەیاند، کە ئەوان لە دووەم سەدساڵی کۆماردا سیاسەتەکانی نکۆڵی قەبوڵ ناکەن.

رێکخراو و دامەزراوەکانی زمان و وێژەی کوردی لەبارەی سەدەم ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

راگەیەندراوەکە بە ناونیشانی "کۆماری تورکیا لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا ١٠٠ ساڵ تەمەنی پڕ دەکاتەوە" بەم جۆرەیە:

"لە سەد ساڵی رابردوودا سەرباری ئەوەی کۆمار بە هاوکاری و تێکۆشانی هاوبەشی گەلی کورد، تورک و گەلانی دیکەی ئەم وڵاتە پاڕێزرا و دامەزرا، دوای ئەوەی کۆمارەکە دامەزرا هەموو ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد بە نەبوو دانران و نکۆڵییان لێکرا و تورکایەتی بەسەر گەلی کورددا سەپێندرا. ئەو نکۆڵیکردنە لە کولتور و زمانی کوردی گەیشتە ئەو ئاستەی، بەهۆی قسەکردن بە زمانی کوردی سزای دارایی بەسەر کوردەکاندا سەپێندرا.

گەلی کورد لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە تائێستا رووبەڕووی هەڵوێست و مامەڵەی سەرکوتکارانە و نکۆڵیکارانە بووە و لە سەرەتاوە تاکۆتایی لە بەرامبەر ئەو مامەڵە شووم و دوژمنکارانەدا لەپێناو پاراستنی شکۆ و بەها نەتەوەییەکانی، لە بەرامبەر هەڵوێستی کاربەدەستانی دەوڵەتی ناڕەزایەتی خۆی نیشانداوە، تێکۆشانی بەڕێوەبردووە، خۆڕاگری کردووە، کولتوری کۆنی خۆی و زمانە دەوڵەمەنەدەکەی پاراستووە و تائێستاش ئەو تێکۆشانە بەردەوامە.

وەک هەموو گەل و نەتەوەکان، بۆ ئەوەی گەلی کوردیش پارێزگاری لە کولتور و زمان کۆڵەکەی سەرەکی و بنچینەیی تێکۆشانە. هەموو تێکۆشانە نەتەوەییەکان بە داواکاری ئازادی کولتور زمان دەستیان پێکردووە و بەڕێووەدەچن. داواکاری گەلی کورد کە 'با زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی لە باخچەی ساوایانەوە تا زانکۆ ببێتە زمانی پەروەردە ' داواکارییەکی رەوا و مرۆییە.

لە هەموو پەیماننامە و رێکەوتنەوە نێونەتەوەیی و جیهانییەکاندا ئەو مافە، وەک مافێکی بنجینەیی بۆ هەموو گەل و نەتەوەکان دانی پێدانراوە و ئەو پەیماننامانە گەلی کوردیش دەگرێتەوە. بەو ئەقڵیەت و مامەڵەکردنەی کاربەدەستانی دەوڵەت لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە گەلی کوردیان لە هەموو ماف و ئازادییەکانی بێ بەش کردووە.

پاراستنی کولتور، زمان و بەدەستهێنانی قەوارەی سیاسی بە پارێزگاری و بەرەوپێشبردنی کولتور و زمان دەستەبەر دەبێت. بۆ ئەوەی زمان بپارێزرێت و بەرەوپێشبچێت، دەبێت بکرێتە زمانی پەروەردە. هەربۆیە گەلی کورد لە سەرەتاوە تائێستا پێداگرە لەسەر داواکاری؛'لە باخچەی ساوایانەوە تا زانکۆ پەروەردە بە زمانی دایکی'.  

ملیۆنان منداڵی کورد دەیانەوێت بە زمانی دایکی خۆیان پەروەردە بکرێن، بە زمانی خۆیان بخوێنن، خەونەکانیان بە زمانی کوردی ببینن. ئەو مافە هاوشێوەی سەرجەم منداڵانی جیهان، مافی منداڵانی کوردیشە. ئەوە مافێکی رەوا، بنجینەیی، مرۆیی و گەردونییە کە بۆ منداڵانی کورد هێندەی نان، ئاو و هەوا گرنگ و ژیانییە.

لەگەڵ ئەو داواکارییە سروشتی، مرۆیی و گەردوونییە، کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیا، وەک سەرەتای دامەزراندنی کۆمار، هێشتا لەسەر سیاسەتەکانی سەرکوتکردن و نکۆڵیکردن پێداگرن و نکۆڵیکردن لە هەموو بەهاکانی گەلی کورد بەردەوامە.

ئەوەش بەو واتایەیە، کە هاوشێوەی سەد ساڵی ڕابردووی کۆماری تورکیا، سیاسەتەکانی نکۆڵی و سەرکوتکردن لە سەد ساڵی داھاتوودا لەسەر ملیۆنان منداڵی کورد بەردەوام دەبێت و بە زۆرەملێ خوێندن بە زمانی تورکی بەسەریاندا دەسەپێندرێت و منداڵانی کورد دیسان لە مافی خوێندن بە زمانی کوردی بێبەش دەکرێن.

لە سەد ساڵی ڕابردوودا، هەموو ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد و ھاوڵاتیبوون بە تایبەت زمانی کوردی بە نەبوو دانران و نکۆڵیان لێکرا.

ھاوکات لەگەڵ دووەم سەد ساڵی دامەزراندنی کۆمار، ئێمە وەک ڕێکخراو و دامەزراوەکانی زمانی کوردی بەبیری دەھێنینەوە و دەڵێین: گەلی کورد له دووەم سەد ساڵی کۆماردا، سیاسەت و کردەوەکانی نکۆڵکردن لە بەهاکانی قبوڵ ناکات و بەم ڕاگەیەندراوە داواکاریمان 'با زمانی کوردی بکرێتە زمانی فەرمی و پەروەردە' بە زمانێکی ڕوون و پێداگرانە بە کاربەدەستانی کۆمار ڕادەگەیەنین و دەڵێین: بۆ ژیانێکی هاوبەش و یەکسانی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە، مامەڵە و ھۆشمەندییەکی یەکسانی کاربەدەستانی دەوڵەت پێویستە.

بۆ ئەوەش پێویستە ماددەی ٤٢ی دەستووری ھەمیشەیی هەموار بکرێتەوە یان لە دەستووری ھەمیشەیی لاببردرێت، ئەو تێبینی و ھێڵە سوورانەی کە دەسەڵاتدارانی تورکیا لەسەر ماددەکانی ١٧-٢٩ و ٣٠ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵان ھەیانە، لاببردرێن.

نە کەمتر، نە زیاتر... ئەو ماف و ئازادیانەی پێشکەش بە گەلی تورک دەکرێت، پێشکەش بە گەلی کورد و هەموو ئەو گەلانەی لە تورکیادا دەژین، بکرێن، بۆ ئەوەی گەلی کورد و گەلانی دیکە کە هاوڵاتی تورکیان، وەک هاوڵاتیانی تورک، لە هەموو ماف و ئازادییە سەرەتاییەکان بەتایبەتی مافی خوێندن بە زمانی دایکی، سودمەندبن.

ناوی ئەو ڕێکخراو و دامەزراوانەی واژۆیان لەسەر ڕاگەیەندراوەکە کردووە:

*ئینستیتیوتی کوردی ئامەد

*ئینستیتیوتی کوردی ئیستەنبوڵ

*گۆڤاری کولتوور، زمان، فولکلۆر و هونەری دەستاڕ (دەستاڕ)

*کۆمەڵەی وێژەوانانی کورد

*کۆمەڵەی توێژینەوەی کولتوور و زمانی ئاری (ئاری دەر)

*کۆمەڵەی توێژینەوەی کولتووری و زمانی میزۆپۆتامیا (مەد دەر)

*کۆمەڵەی توێژینەوە کوردییەکان

*کۆمەڵەی توێژینەوەی کولتوور و زمانی ئاڤێستا (ئاڤێستا دەر)

*کۆمەڵەی توێژینەوەی کولتوور، زمان و هونەری ئانکا (ئانکا دەر)

*کۆمەڵەی توێژینەوەی کولتوور و زمانی فورات (فورات دەر)

*کۆمەڵەی توێژینەوەی کولتوور و زمانی بورجا بەلەک

*کۆمەڵەی توێژینەوەی کولتوور و زمانی بۆتان (بۆتان دەر)

*کۆمەڵەی توێژینەوەی کولتوور و زمانی ئارسیسا (ئارسیسا دەر)