جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە بەرنامەیەکی تایبەتدا لە کەناڵی ستێرک تیڤی قسەی کرد و پێش بەیاننامە چاوەڕوانکراوەکەی ڕێبەر ئاپۆ هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخە کرد. چاوپێکەوتنەکەی جەمیل بایک بەم شێوەیەیە:
دەمەوێت بە پیلانگێری نێونەتەوەیی دەست پێ بکەن. چونکە لە مانگی شوباتداین. گەلی کورد و دۆستانی ئەم مانگە بە مانگێکی ڕەش وەسف دەکەن. ٢٧ساڵ بەسەر پیلانی نێونەتەوەیی دژی ڕێبەر ئاپۆ تێدەپەڕێت. ئەگەر بارودۆخ و چوارچێوەی ئەو سەردەمە لەبەرچاو بگرین، پیلانگێڕیی بە چ ئارمانجێکەوە دەستی پێکرد و چۆن ئەنجامدرا؟
سەرەتا ئەو کەسانەی ئەم پیلانگێڕییەیان لە دژی بزووتنەوەکەمان و گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی ئەنجامدا شەرمەزار دەکەم. وەک دەزانین بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ خالید ئۆراڵ و ڕۆژبین عەرەب دا دروشمێک لە دژی پیلانگێڕی پەرەی پێدرا. 'ئێوە ناتوانن ڕۆژمان تاریک بکەن'. بەم دروشمەوە نزیکەی ٥٠ هەڤاڵ و وڵاتپارێز ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا و لەدەوری ڕێبەر ئاپۆ بوونە بازنەیەک لە ئاگر، بە ڕێزدارییەوە هەموو ئەو شەهیدانە بەبیر دێنمەوە، ئەوان لە مێژووی مرۆڤایەتی و گەلی کورددا بۆ هەمیشە جێگایەکی تایبەتیان هەیە. ئەو شەهیدانە قەد لەبیر ناکرێن. بۆچی و لەسەر چ بنەمایەک ئەو هێندە هەڤاڵ و وڵاتپارێز ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا و خۆیان فیدا کرد؟ چونکە بینیان بەڕاستی لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا وا گەلی کورد و مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بۆەتەوە. ئەم چالاکییە فیداییە بۆ ئەوە ڕاگەیەندرا کە هەموو لایەک لەم مەترسییە تێبگەن و هەموو لایەک هۆشیار بکەنەوە کە ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەر بگرنەبەر و پێشی لێبگرن. بۆیە تێکۆشانیان لە مێژووی بزوتنەوەکەمان و گەلی کوردستان و مرۆڤایەتیدا جێگایەکی تایبەت و شکۆمەندانەی هەیە و قەد لەبیر ناکرێن. ئەگەر خەبات دژی پیلانگێڕی پەرەی سەندووە و گەیشتووەتە ئەم سەردەمە، بە دڵنیاییەوە بە پێشەنگایەتی ئەم هەڤاڵانەوە بووە. ئێستا ئەو پیلانگێڕییەی کە دژی ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێدرا، لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ دژی گەلی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدرا. نەک تەنها وەک پیلانێک دژی کەسێک ڕوویدابێت. پیلانەکە ئەوەندە سنووردار نییە. بەڵکوو پیلانێکی زۆر گەورەتر بوو.
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕەنگە ئەم جۆرە پیلانگێڕییانە زۆر دەگمەن و کەم بن. ئەم پیلانگێڕییە بۆ ڕێبەر ئاپۆ بوو هۆی ئەوە ڕێبەر ئاپۆ باشتر لە هەموو شتێک تێبگا و چارەسەری بۆ بخوڵقێنێ و دژی ئەم پیلانگێڕییە بەرخۆدان بکات. چونکە ئەو هێڵەی کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە بە تەواوی لەسەر ئەم پرەنسیپەیە. وتی، ئەوەی مرۆڤ نەکوژێت بە هێزتری دەکات. وتی من لە بەلەمێکدا بووم و ڕووبەڕووی کەندەڵانان بوومەوە. بۆ ئەوەی لەناو نەچم فڕیم. ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە دەستی بە تێکۆشان کرد. کاتێک ئەو پیلانگێڕییە جیهانییە دەستی پێکرد، لە چ هەلومەرج و دۆخێکدا پەرەی سەند؟ مەبەست لەو پیلانگێڕییە چی بوو؟ مرۆڤ پێویستە بە باشی سەرنجی بخاتە سەر. ڕەنگە تا ئێستا هەڵسەنگاندن و سەرنجی زۆر لەسەر ئەو پیلانگێڕییە هەبووبێت و هەڵسەنگاندنی زۆر کرابێت. بەڵام هێشتا تێرکەر نین. چونکە پیلانێکی زۆر گەورەیە. بۆیە ئەم پیلانگێڕییە گەورەیە پێویستی بە تێکۆشانێکی گەورەی گەلە. بە شێوەیەکی ئاسایی سەیری بکەی ناتوانیت لەبەرامبەریدا هیچ چارەسەریەک دەست پێبکەی. وەک دەزانرێت لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەمدا فەرەنسا و بریتانیا بە پێی ئامانجەکانی سیستەمی سەرمایەداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دابەش و دیزاین کردووە. ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆیان داناوە. بەم ڕێکەوتن و هاوپەیمانییە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان داڕشتووە. کوردیان لەم ناوەدا پارچە پارچە کرد. دیسان عەرەبەکانیان پارچە پارچە کرد. سیستەمی سەرمایەداری لەسەر ئەم دابەشبوونە گەشەی کردووە. بۆیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بە ناوەندی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی. لەم هاوپەیمانی و ڕێککەوتنەدا پرسی کوردیان کردە پرسی شەڕ. نکۆڵی و پاکتاوکاری لە دژی کورد بەرەوپێش چوو. لە کوێ سیستەمی لەناوبردن و نکۆڵیکردن هەبێت، بەرخۆدان و شەڕ هەیە. ئەمەیان بە زانابوون پەرە پێداوە.
بۆیە بە ڕێبەرایەتی ڕێبەر ئاپۆ لە دژی ئەمەدا تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی پەرەی پێدرا. ئەم تێکۆشانە هێدی هێدی کوردستانی گرتەوە و کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانا. ئەم تێکۆشانە لەدژی ئەو سیستەمەی کە بریتانیا و فەرەنسا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەیان پێدابوو بوو بە هەڕەشە. چونکە تێکۆشانێک کە ڕێبەر ئاپۆ بەرەوپێشی دەبرد، لەسەر بنەمای ئازادی و دیموکراتیک بوونی ناوچەکە بوو. بۆیە بە تێپەڕبوونی کات پەیماننامەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبووەوە. هۆکاری دیکە ئەوە بوو کە یەکێتی سۆڤیەت لەو کاتەدا ڕووخا. پارچە بوون و ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت کاریگەری لەسەر جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر بوو. هەمووی هاوسەنگییەکانی تێکدا. ڕاست لەم کاتەدا تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ گەیشتە لوتکە. دۆخێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریهەڵدا. سیستەمی سەرمایەداری هەوڵیدا دەستێوەردانێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات. چونکە ئەگەر دەستوەردان نەکات یەکێتی سۆڤیەت پارچە بووە، بۆیە ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشانی بەرز دەکاتەوە. ئەو تێکۆشانەش تا دێت پەرە دەگرێت و کاریگەرتر دەبێت. ئەو پەیماننامەیەی کە بریتانیا و فەرەنسا لە پێناو سیستەمی سەرمایەداریدا جێگیریان کردووە، ئێستا هێدی هێدی دەبێتە ئامانج. بۆ ئەوەی سیستەمەکەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەی خۆی لەدەست نەدات، سەرەتا دەبێت ئەو پێشهاتانەی دەبنە هۆی پێشکەوتنی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت ڕێگریی لێبکەن. ئیتر لەوکاتەدا دەستێوەردان ڕوویدا، بە واتایەکی تر دەستوەردانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەک کە بە لەسەر هێڵی دیموکراتیک و ئازادی پەرەی سەندبوو، سەرکەوتوو نەبێت و ڕێگری لێبکەن. ئامانجیان لەناوبردنی ڕێبەر ئاپۆ بوو. جا چ سیاسی بێت، ئایدیۆلۆژی، یان فیزیکی. چونکە تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ و ئەو تێکۆشانەی کە بەڕێوەی دەبرد وەک مەترسییەکی گەورە لەسەر خۆیان دەبینی. لەبەر ئەوە ئەوان تەنها بەرژەوەندی خۆیان لەبەرچاو دەگرن. هەروەها ڕێبەر ئاپۆ بەرژەوەندی گەل و ئازادی گەل لەبەر چاو دەگرێت. ئەمەش هەڕەشە بوو بۆ سەریان و دەیانویست ڕێگری لێبکەن. پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لەسەر ئەم بنەمایە ئەنجامدرا. زۆر لایەن و وڵات لەم پیلانەدا بەشدار بوون. هەر لەو کەسانەی پێشەنگایەتیان بۆ سیستەمی سەرمایەداری دەکرد هەتا ئەوانەی لەم سیستەمەدا بوون و ئەوانەی ڕۆڵیان لە سیستەمی داگیرکاری و جینۆسایددا هەبوو، هەموویان دەستیان لەم پیلانگێڕییەدا بوو. چونکە هەموویان بەرژەوەندییەکانیان کەوتە مەترسییەوە. بۆ بەرژەوەندی خۆیان و پاراستنی دەسەڵاتدارییان، پیلانیان گێڕا و هێرشیان کردە سەر ڕێبەر ئاپۆ. لێرەوە دەتوانرێت لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ و ئەو تێکۆشانەی پەرەی پێداوە باشتر تێبگەن. ئەگەر مرۆڤێک ئاسایی بوایە، بێگومان ئەو تێکۆشانەی کە پەرەی پێدەدا، بە هەمان شێوە ئاسایی دەبوو و ئەم هەموو هێزانە یەکیان نەدەگرت و هێرشیان نەدەکردە سەر ڕێبەر ئاپۆ. لە کەسایەتی ئەودا هێرش کرایە سەر بزووتنەوەکەمان و کوردی ئازادیخواز. ئەمە نیشاندەری ڕاستییەکانی ڕێبەر ئاپۆ و ئەو تێکۆشانەیە کە دەستی پێکردووە. هاوکات ڕاستی ئەم پیلانگێڕییە بۆ کۆمەڵگا ڕوون دەکاتەوە.
ئێوە وتتان لە بەرامبەر ئەم پیلانگێڕییەدا شەهیدانێک بە وتنی"کەس ناتوانێ ڕۆژمان تاریک بکات" پێوانیان دیاری کرد و لەسەر ئەو بنەمایە تێکۆشانیان کرد. چۆن دەکرێت ئاستی تێکۆشان هەڵسەنگێنین و بتوانین بڵێین پیلانگێڕیی پووچەڵ کراوەتەوە؟
ڕاستە، مەبەست لەو پیلانگێڕییە چی بوو؟ وەک وتم ئامانج ئەوە بوو کە ڕێبەر ئاپۆ بە تەواوی بێلایەن بکرێت. بزووتنەوەیەک بە ڕێبەرایەتی ڕێبەر ئاپۆ پەرەی سەندبوو هەڵوەشێتەوە. بە درێژایی مێژوو ئەو بزووتنەوەیانەی بە هۆی ڕێبەرەکەیانەوە سەریان هەڵداوە، کاتێک ڕێبەرەکەیان کراوەتە ئامانج، ڕێکخستنەکەیان زیانی پێگەیشتووە. پیلانگێڕان بەو شێوەیە بەراوەردیان کردبوو کە ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ بێلایەن بکەن، بزووتنەوەی ئازادی و دیموکراتیکی کوردستانیش دەڕووخێت. بۆیە هەموو دەرفەت و ئامادەکارییەکیان بەکار هێنا. واتە ئەم کارەیان کرد بۆ ئەوەی بتوانن ئەو هێڵە نەهێڵن کە ڕێبەر ئاپۆ لە پێناو گەلاندا پەرەی پێدابوو. دەوڵەتی تورک لەم دۆخە زۆر سوودمەند بوو. ویستی پەکەکە لەناو ببات و کۆمەڵکوژی کورد بەئەنجام بگەیەنێت. هاوکارانیان و خیانەتکارانی گەلی کوردیش دەیانویست ئەم پیلانگێڕییە بێتە دی تا بتوانن ئەو هێڵەی کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێدابوو لەناوی ببەن. واتە لە ئامانجدا هەموویان گەیشتنە ڕێککەوتن. بۆیە هەموویان بە هاوکاریی یەکەوە و پیلانگێڕییان دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا. وەک وتم نزیکەی ٨٠ کەس لە دژی ئەم پیلانگێڕییە بە شێوەیەکی فیداییانە گیانیان بەخت کرد. ئاگریان لە خۆیان بەردا و ڕووبەڕووی دوژمن بوونەوە. بەم کارە پەیامێکیان بۆ هەموو کەسێکدا. هەروەها لەسەر ئەو بنەمایە تێکۆشان دژی پیلانگێڕی، پاکتاوکردن و جینۆساید بەڕێوەچوو. لە کۆتاییدا ئێوەش دەزانن کە ئێمە هەڵمەتێکی ئازادی نێونەتەوەییمان جێبەجێ کرد. ئەم هەڵمەتە بناغەی پیلانگێڕییەکەی زۆر لاواز کرد، بەجۆرێک کە چیتر نەیانتوانی بەم شێوەیە لە دژی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام بن. هێرش بۆ سەر ڕێبەر ئاپۆ هێرشێکی نێونەتەوەیی بوو. هەروەها دەبوو هەڵمەتێکی نێونەتەوەیی لە دژی پیلانگێڕییەکە دەست پێ بکرێت. بۆیە ئێمە هەڵمەتی "ئازادیی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"مان لەم ئاستەدا لەبەرچاو گرت و بەو پێیە پەرەمان پێدا. ئەمەش وایکرد هێندەی تر ڕێبەر ئاپۆ بناسرێت بە هەموو جیهان. وای کرد ئەو پارادایمەی ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە باشتر بناسرێت. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ڕێبەر ئاپۆ و پارادایمەکەی زیاتر پشتیوانی لێکرا. کەسانێکی زۆر لە سەرانسەری جیهانەوە لەم هەڵمەتەدا بەشدار بوون. هەر لە براوەکانی خەڵاتی نۆبڵەوە تا دەگاتە سیاسەتمەداران، پارێزەران، ڕۆشنبیران، دیموکراتەکان و زۆر کەسانی دیکە بەشدارییان لەم هەڵمەتەدا کرد و خاوەندارییان لە رێبەر ئاپو کرد. هەروەها زۆر پشتیوانیان لە پارادایمەکەی کرد. داوایان لە حکومەتی تورکیا کرد ئیتر پێویستە ڕێبەر ئاپۆ لەبواری جەستەییەوە ئازاد بکات. ئەمەش گوشارێکی یەکجار زۆری لە سەر تورکیا و پیلانگێڕان دروست کرد. لە ئەنجامدا چیتر ناتوانن درێژە بەو سیاسەتە بدەن کە لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا بەسەر بزووتنەوەی پەکەکە و گەلی کورددا دەسەپێنن. لە لایەکی دیکەوە تێکۆشانمان لە کوردستان بەردەوامە. گەریلا و گەل دژی جینۆساید بەرخۆدان دەکەن. هەروەها دژی پیلانگێڕی وەستانەوە. ئەم تێکۆشانە سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردنیشی پووچەڵ کردەوە. بۆیە دەوڵەتی تورک چیتر نەیتوانی درێژە بەو سیاسەتانەی بدات.
هەروەها لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیدا پێشکەوتن و فشارێکی گەورە دروست بوو. هەمووان خاوەندارییان لە ڕێبەر ئاپۆ و پارادایمەکەی کرد. هەر بۆیە پایەکانی پیلانەکە لاواز بوو، تەنانەت دەکرا بڵێین کۆتایی هات. بەڵام هەرچەندە کۆتایی هاتبێت، هێشتا پێداگری دەکەین. حکومەتی تورکیاش لە سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردنی گەلی کورد شکستی هێنا و ناتوانێت درێژە بەو سیاسەتە بدات. بەڵام هەندێک هەن کە هێشتا پێداگری لەسەر دەکەن. ئەنجامی ئەو تێکۆشانەی پەرەمان پێدا چی بوو؟ بووە هۆی ئەوەی کە سیاسەتی حکومەتی تورکیا، کوردانی خائین و پیلانگێڕان وەکوو خۆی نەمێنێت. ئەگەر زیاتر کار و چالاکییەکانمان فراوانتر بکەین، ناچار دەبن دەستبەرداری سیاسەتە دوژمنکارانەکانیان بن. ئێمە گەیشتوینەتە قۆناغێکی وا. واتە خەباتی ئێمە نەیهێشت بە ئامانجەکەیان بگەن. بەڵام هێشتا پێداگری دەکەن. ئەگەر خەبات و تێکۆشان زیاتر پەرە پێبدەین، چیتر ناتوانن پێداگری بکەن. ئێمە لە قۆناغێکی وەهاداین. پێویستە گەلەکەمان ئەم بابەتانە ببینێت و پەرە بە تێکۆشانی بدات.
نوێ دەکرێتەوە ...