هه‌واڵی به‌په‌له‌: نوسینگەی یاسایی سەدە لەبارەی ئیمراڵییەوە راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە

جەبار یاوەر: بەشداریکردن لەو شەڕەی تورکیا داوای دەکات لە بەرژەوەندی عێراق نییە

جەبار یاوەر، شارەزای کاروباری سەربازی و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: ئەو شەڕەی کە تورکیا دەیەوێت لەگەڵ پەکەکە بیکات هیچ بەرژەوەندییەکی عێراقی تێدا نییە و عێراق بەشێک نییە لەو شەڕە.

دەوڵەتی تورک لە ئامادەکاریدایە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێی داگیرکەری و بۆ ئەو مەبەستەش نەک هەر پەدەکە بەڵکوو دەیەوێت حکومەتی عێراقیش لەو هێرشەداگیرکارییەدا هاوکاری بکەن، سەبارەت بەو بابەتە جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە و شارەزای کاروباری سەربازی و ئەمنی بە رۆژنیوزی راگەیاندووە: لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە ئەرکی حکومەتی فیدراڵە سنوور و سیادەی عێراق بپارێزێت، بەڵام نەیتوانیوە ئەو سنوورانە کۆنتڕۆڵ بکات، چونکە هێزەکانی سنووری، بنکە و بارەگای سنووریان نییە و نەیتوانیووە هێزەکانی بگەیەنێتە سنووری عێراق-تورکیا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دوای گفتوگۆکانی نێوان عێراق و شاندەکانی تورکیا، تا ئێستا هیچ نیشانەیەک دەرنەکەوتووە کە عێراق بچێتە شەڕێکەوە کە بەرژەوەندیی ئەوی تیا نییە، چونکە بەشێک نییە لەو شەڕە، بەڵکو شەڕی نێوان تورکیا و هێزەکانی پەکەکەیە، بۆیە سوودی بۆ عێراق نییە بچێتە ئەو شەڕەوە لە کاتێکدا چەندین کێشەی ناوخۆیی هەیە".

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی: ئەو ئۆپەراسیۆنەی، کە باس دەکرێت پێم وانییە ئەنجام بدرێت، چونکە خۆی ڕۆژانە ئۆپەراسیۆن بوونی هەیە و بە بەردەوامی لە ساڵەکانی ٩٠ـوە تا ئێستا چەندین ئۆپەراسیۆن هەبووە، بە تایبەتی ئەم ئۆپەراسیۆنەی، کە پێی دەگوترێت چنگی قوفڵ لە ٢٠١٩ بەردەوامە بە هێزی ئاسمانی و زەمینی، هەروەها هەلومەرجەکانی ناو تورکیا لە بەرژەوەندی ئاکەپەدا نییە، دیارە سیاسەتی ئاکەپەش هەڵە بووە لە سەرەتاوە، لەوانەیە باروودۆخی ئێستای ئاکەپە، حکومەتی تورکیا یارمەتیدەر نەبێت، کە ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدات.

جەختیشی کردەوە، کورد "دەبێت لایەنی ئاشتیی بێت، ئەو کێشەیەی هەیە دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت نەک بە شەڕ".

هـ . ب