وردەکاری و ناوەرۆکی گفتوگۆکانی حەوتەمین کۆنگرەی پەژاک خرایەڕوو

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاک) لەسەروبەندی بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی دا حەوتەمین كۆنگرەی خۆی ئەنجامدا و بەڕێوەبەرایەتی نوێ پارتەکە هەڵبژێردران و ناوەرۆکی گفتوگۆکانی ناو کۆنگرەکەش خرایەڕوو.

حەوتەمین کۆنگرەی پەژاک

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بەشداری نوێنەرایەتی سەرجەم دام ودەزگاكانی، كۆنگرەی حەوتەمینی خۆی بە دروشمی" بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی كوردستان ئازاد دەكەین و نەتەوەی دیموكراتیك بۆنیاد دەنێنین " بەسەركەوتوویی بەرێوە برد و لەكۆنگرەدا هاوسەرۆکانی پەژاک گۆڕدران و ئەندامانی مەجلیسی نوێ پەژاکیش هەڵبژێڕدران.

بەگوێرەی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ هەر سێ ساڵ جارێك كۆنگرە دەبەسترێت و كۆنگرە باڵاترین ئۆرگانی بڕیاردانی پەژاکە.

كۆنگرە بەهەڵبژاردنی دەستەی بەرێوەبردن و دیاركردنی بەرنامە و بەئاخاوتنی هاوسەرۆكی پەژاک؛ سیامەند موعینی دەستی پێكرد. موعینی ساڵیادی دامەزراندنی پەژاک و نەورۆزی 2724ی هەتاوی و چوار نیسانی لەگەلی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان و بنەماڵە وكەس و كاری شەهیدان و تێكۆشەرانی ئازادی لەسەرتاسەری ئێران و زیندانیانی سیاسی و هەموو ئەو هەڤاڵانەی بەدرێژایی تەمەنی پەژاک رەنجیانداوە و شەرڤانانی بەرخۆدانڤانی ئازادی و ئەندامانی كۆنگرەی حەوتەم پیرۆز كرد.

سیامەند موعینی ئاماژەی بە قەیران و ئاڵۆزیەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی كرد و ووتی؛ رۆڵ و ئەركی قورس لەسەرشانی پارتەكەمانە. گۆڕانكاریەكان بەپەلە دێنە ئاراوە. پارتەكەمان پێویستی بەخەباتێكی چڕوپڕی ئایدئۆلۆژی و تێكۆشانێكی یەكگرتووی رێكخستنی و بەرێوەبەرایەتیەكی بەهێز و كادێرێكی فكری و سیاسی بەهێزە كە بتوانێت وەڵامدەرەوەی قۆناخەكە بێت، چونكە پەژاک و كادیرانی مێژوو دەنووسنەوە.

موعینی راشیگەیاند؛ دەرفەتی گۆنجاو لەبەردەستە و دەتوانین سەركەوتن بۆ گەلەكەمان مسۆگەر بكەین.

هاوكات هەڤاڵ سیامەند سەبارەت بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی گووتی؛ وەك پەژاک نەمانتوانی لەماوەی ئەو دوو ساڵەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەرێكخستن بوونێكی باش و پێشەنگایەتیەكی سەركەوتوو بكەین و لەو رووشەوە رەخنەدانی خۆمان دەدەین و كۆنگرەی حەوتەمینی پەژاک بە خەسارناسیەكی باش لەسەر كەند و كۆسپەكان پرۆژە و پلانێكی بەهێز بۆ سێ ساڵی داهاتوو لەپێناو خاوەندارێتی لە ئامانجەكانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دادەنێت.

لەكۆتاییشدا سیامەند موعینی ووتی؛ سۆز و بەڵێنی خۆمان بۆ كەس وكاری گیانبەختكردوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دووپات دەكەینەوە، لەپێناو ئامانجەكانی شۆڕشدا گوڕ و تینێكی زیاتر دەدەینە تێكۆشانی خۆمان.

پاشان؛ رێنمایی رێبەر ئاپۆ كە لە مانیفستۆ و هەڵسەنگاندنەكانی رێبەر ئاپۆ ئامادە كرابوو، خوێندرایەوە.

لەبەردەوامی بەرنامەكانی كۆنگرە؛ راپۆرتی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پێشكەشكرا.

لە راپۆرتی دەستەی هاوسەرۆكایەتی دا راوەستە لەسەر كاروخەباتی چوارساڵەی پەژاک كرابوو و پەنجە خرابووە سەر كەم وكوڕیەكان لەماوەی ئەو چوار ساڵەی خەبات و تێكۆشاندا و لەبەرامبەر سەرجەم کەم و کورتیەکانی خەباتی ئەو چوار ساڵە رەخنەدان پێشخرابوو.

لەبەردەوامی گفتگۆ و هەڵسەنگاندنەکانی کۆنگرە یادی گیانبەختكردوانی تێكۆشانی ئازادیخوازی پەژاک کرایەوەو ستایشی رەنج و ماندووبوونی بێ وەچانی هەموو كادیر وخەباتكار و گەلی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان كرا كە بێ پسانەوە لەسەرخستنی ئامانجەكانی كۆنگرەی شەشەمی پەژاکدا بە دڵ و گیان تێكۆشانیان بەرێوە بردوە و سۆز وپەیمان و بەڵێن لەگەڵ رێبەر ئاپۆ و هەموو شەهیدانی ئازادیخوازی گەلی كوردستان دووپات كرایەوە كە تا گەییشتن بە ئازادی و كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیك لەتێكۆشاندا بەردەوام بن و بەڵێن درا كە سەرجەم كەند و كۆسپەكانی سەر رێگای خەبات و تێكۆشان، بەرۆحێكی ئاپۆیی تێپەڕێنن.

پێویستە وەک ئەرکێكی ئەخلاقی، سیاسی، ئینسانی هەر کەسایەتیەکی ئازادیخوازە ببێتە دەنگی ڕێبەر ئاپۆ

لەدرێژەی هەڵسەنگاندن و گفتگۆکانی کۆنگرە تیشک خرایە سەر ئەوەی کە؛ ڕێبەر ئاپۆ بە تێکۆشانی خۆی لاپەڕەیەکی نوێێ بۆ تێکۆشانی ئازادیخوازی کردەوە و لە سەر ئەو ئەساسە، مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و سیستەمی دەوڵەت ـ نەتەوە و کۆنەپەرەستی ناوخۆیی، بە هاوکاری یەکتر، گەلەکۆمەیان دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام دا و ڕفاندیان و لە بواری جەستەییەوە رێبەر ئاپۆیان لە زیندانی ئیمراڵی بەند كرد و بە خەیاڵی ئەوەی کە هزر و فەلسەفەی ئازادی زیندانی بکەن و لە کۆتاییدا لە ناوی ببەن، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمڕالی توانی پاڕادایگمای ئازادی پەرە پێبدات وبە جەماوەری بكات و بە میلیۆنان کەس ببنە دەنگی ئازادی بیری ئازادی ڕێبەر ئاپۆ. بۆیە پێویستە وەک ئەرکێكی ئەخلاقی، سیاسی، ئینسانی هەر کەسایەتیەکی ئازادیخواز ببێتە دەنگی ڕێبەر ئاپۆ و بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە ناو هەڵمەتی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ جێ بگرێت و دەبێت ئەوەش بزانن كە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، بەواتای ئازادی گەلی كورد و ئارامی لە ناوچەکە دێ و تاکو ڕێبەر ئاپۆ بە جەستەیی ئازاد نەبێ، ناوچەکە ئارامی و ئازادی بە خۆیەوە نابینێت.

لەبەردەوامی کۆنگرەکەدا لەسەر قۆناخی هەنووكەیی راوەستە كراو و ئاماژە بەوە درا کە گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیخوازی کورد لە قۆناخێکی هەستیاری مێژووییدا ژیانی سیاسی دەباتە سەر و ئاڵوگۆڕیەکان بەخێرایی تێپەڕ دەبن. بە خوێندنەوەیەکی ریشەیی و ستراتژیک وەك بزوتنەوەیەكی ئازادی بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕەوتی گۆڕانکاری ناوچەکەدا بە شێوازێکی زانستیانە و شۆڕشگێڕانە لە بەرامبەر هەموو کەندوکۆسپەکانی سەردەم و پڕۆژەکانی نەیارانی ئازادی بە کۆنەپەرەستی و خۆفرۆشی و بەكرێگیراویی ناوخۆییەوە بگرە هەتاکوو پیلانەکانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و هەژمۆنگەرایی سیستەمی دەوڵەت - نەتەوە و شێوازەكانی خاپاندن و هەڵخڵەتێنەری مۆدێڕنیتەی کاپیتالیستی و هاوکار و داردەستە نیشتمانفرۆشەکانی، سەرکەوتوانە ئەرکی خۆی ڕاپەڕێنێت.

شەڕی جیهانی سێهەم لە لایەن ئەکتەرانی جیاواز بە ناوەندی کوردستانەوە بەڕێوە دەچێت

مودێرنیتەی سەرمایەداری بە تێڕوانینی نئۆلیبرالیزم و لە دونیای گلوبالدا، چاوچنۆکتر و بێ ئەخلاق تر هەر دەم بۆ وەدەستهێنانی کاپیتاڵی زیاتر و دەستکەوتی سیاسی، ئابوری، ستراتژیک و ژئۆپۆلتیک لە ناوچەکە، هەموو ئاکتۆر و هەژمۆنخوازانی بەشدار، بە هەموو توانایانەوە لە چەوساندنەوە و وێرانکردنی ئەخلاق، سرووشت و کۆمەڵگە، کێبڕکێیەکی بێویژدانانە بەڕێوە دەبەن. گلوبالیزم بە کەڵک وەرگرتن لە دیجیتاڵ مێدیا و هەموو کەرەسەکانی سەردەم دەکەونە ناو مێشک و ژیانی تاک و دەخوازن کاراکتەری مرۆڤایەتی بە نۆرمی خۆیان فۆڕم بدەنەوە و لە چوارچێوەی سیاسەت و بەرژەوەندی کاپیتاڵ کەڵکی لێوەربگرن، بە واتایەکی تر،کولتور و شێوازی ژیانێکی نامۆ بە سەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن.

دەستێوەردان و یارمەتیدانی جڤاک بۆ بە نامۆبوون بە بەها بەنرخەکانی مرۆڤ، یەکێک لە کەرەسە قێزەونەکانی نئۆلیبڕالیزمی سەردەمە، واتە شەڕێکی بەرفراوان لە هەموو گۆڕەپان و بوارێکەوە بەڕێوە دەچێت. شەڕی جیهانی سێهەم لە لایەن ئەکتەرانی جیاواز بە ناوەندی کوردستانەوە بەڕێوە دەچێت، هەژمۆنگەرایی دەوڵەت - نەتەوە، ئاکتەران و هەژمۆنخوازانی گلۆبالیزمی جیهانی لە شەڕێکی بێ ئەماندا لە سەر حیسابی گەلانی ناوچەکە هەموو هۆڤێتی خۆیان تاقی دەکەنەوە.

سەبارەت بە رەوشی ئێستاكەی رژێمی داگیركەری ئێران لەکۆنگرەدا تیشک خرایە سەر ئەوەی کە ئێران وەک ئەکتەرێکی سەرەکی ڕۆڵێکی کاریگەری لە سەر گۆڕانکاریەکان هەیە. ئێرانی ئۆختاپوسی، لە کەڵک وەرگرتن بە مێتۆدی شەڕی پڕۆکسی توانیویەتی تا ڕادەیەک ئامانجەکانی خۆی لە کێبەرکێی ناونەتەوەیی و ناوچەییدا بپێکێت و چالاکانە بەشداری ئەم شەڕە وێرانکەرە ببێت و هەوڵیش دەدات ژیانی سیاسی و هەژمۆنی خۆی لە ناوچەکە بهێڵێتەوە. سیاسەتی ئێران بۆ دەرەوە لە چوارچێوەی شەڕی پرۆکسی و مەشغوڵ کردنی زلهێزانی جیهانی بووە و لە ناوخۆی ئێرانیشدا یەکدەست کردنی دەستەڵات و سەرکوتی بێڕەحمانەی گەل لە ناوخۆی ئێراندا بووە. بەو هۆکارانە و بە کۆمەڵێک هۆکاریتر، دیتمان سەرهەڵدان لە ئێران بەردەوام هەبووە بە دژی دیکتاتۆریەت و بەڕێوەبردنی مافیای حاکمیەت.

پێویستە ئەو شۆڕشە ژن، ژیان، ئازادی وەک ڕێنسانسێکی هزری و فکری ببینرێت

لەهەمانكاتدا لەسەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا تیشك خرایە سەر تێنەگەیشتنی رژێمی ئێران لەناوەڕۆكی ئەو شۆڕشە کە نەیتوانیووە بەشێوەیەكی ئیجابی وەك دەرفەتێك هەڵیسەنگێنێت و باس کرا؛ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئیرادەی گەلانی ئێران بۆ ئازادی نیشان دا و ئەو شۆڕشە گەرچی دەسەڵاتدارانی ئێران بە شێوازی زۆر هۆڤانە لە بەرابەریدا وەستاونەتەوە، بەڵام پێویستە ئەو شۆرشە ژن، ژیان، ئازادی وەک ڕێنسانسێکی هزری و فکری ببینرێت و ستراتژیک نرخاندنی لە سەر بکرێت. دەتوانین بڵێین دەستەڵاتدارانی ئێران تا کۆتا ناتوانن گەلانی ئێران بە کۆت و زنجیر بکێشن و سەرکوتی بکەن، لە کۆتادا بە هۆکاری قەیرانی ئابوری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، دیپڵۆماسی و بە دەیان هۆکاری تر ئێدی هێزی سەرکوتی خەڵکی لەدەست دەدات و کۆتا ژیانی خۆی وەک هەموو دیکتاتۆرانی مێژوو دەبێ و دەكەوێتە زبڵدانی مێژووەوە.

ئێران سیستەمێکی ئایدئۆلۆژیکی، توتالیتەر و دیکتاتۆرە و بەهۆی کاراکتەری ئایدئۆلۆژیکی خۆی لە هەموو فێڵ و تەڵەكەبازی سیاسی - دینی خۆی و لەسەر گۆڕەپانی سیاسیدا بۆ مانەوەی کەڵک وەردەگرێت و دەتوانێت بەروکەشی خۆی بگۆڕێت، بەڵام نیازی نییە کە لە ناوەڕۆک و گەوهەردا لەپێناو دیمۆکراتیزەکردنی وڵات بچوکترین ئاڵوگۆڕی دیموكراتی ئەنجام بدات.

سەبارەت بەیەكگرتوویی گەلی كورد و نەبوونی یەكڕیزی و یەكگرتوویی و دۆخی سیاسی کۆنگرە پەیامی دا کە یەکنەگرتویی کورد هۆکاری مێژوویی هەیە، بەڵام بڵاوکردنی وزەی کورد بە شێوازێکی هەدەفمەند لە لایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەت - نەتەوە و بە یارمەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، هەدەفمەند کارا کراوە و ئەو ناوەندەیان بۆ پاراستنی سیستەمی دەوڵەت - نەتەوە رادەستی بنەماڵەیەک كردوە و وەک ئەرک و میسیۆنی مێژوویی چاویان لێکردوە.خۆفرۆشی و نیشتمانفرۆشی لە مێژوی کوردستاندا وەک خۆرە، وزە و توانای پێشکەوتنی گرتووە و بووەتە ئامورێک بە دەست سیستەمی داگیرکەری کوردستان. ئەو خیانەتە لە لایەن بنەماڵەی بارزانیەوە خەریکە نوڕمالیزە دەکرێت و بە ناوی کورد و کوردستان بە شێوازێکی قەڵب، دەرخواردی کۆمەڵگەی کوردی دەدەنەوە. ئەو بنەماڵەیە لە کاناڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوکاری سیستەمی دەوڵەت - نەتەوە و داگیرکەرانی سەر کوردستان، وەک ئامورێکی بەهێز و کارا بۆ تەسفیەی رۆحی شۆڕشگێڕی تاک و ئەحزابی سیاسی کوردستان، کەڵکی لێوەر دەگیردرێت. بۆیە یەکگرتنی گەلی کورد بە باشترین بژاردە و دەرفەتی زێڕین پێناسە کرا کە دەتوانێ سەرجەم پیلان و مەترسیەکانی سەر گەلی کورد پووچەڵ بکاتەوە و زامنی ئازادی گەلی کورد و کوردستان بێت.

بنەماڵەی بارزانی و حكومەتی هەرێم بەشدارن لەتەسفیەكردن و پاکتاوکردنی پارتەكانی رۆژهەڵات

لەکۆنگرەدا تیشک خرایە سەر ئەو مەترسیانەی کە رووبەڕووی گەلی کورد بووەتەوە و ئاماژە بەوە درا کە داگیرکەرانی کوردستان بە دەستپێشخەری هەر دوو دەوڵەتی داگیركەری ئێران و توركیا بەهاوكاری بنەماڵەی بارزانی هەوڵدەدەن بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان تەسفیە بکەن و کورد بێ پاراستن بهێڵنەوە. پیلانەکان بە گشتی لە سەر بزوتنەوەی ئازادی کوردستان و بەتایبەت لەپێناو لاواز کردن و تەسلیم وەرگرتنی ئێرادەی نەبەز و پۆلاینی پەژاکە کە بە پێ ئەوە پەژاک تێکۆشانی خۆی بەهێزتر دەکات.

بۆیە ئاماژە بەو ئەگەرانەی کرا کە لە ئێستادا هاوپەیمانی تورکیە و ئێران و پیلانی هاوبەشیان بە دژی تەڤگەری ئازادیخوازی کوردستان لەئارادایە. رژێمی ئێران سەرقاڵی ئەوەیە کە پارت و لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوازێکی سیاسی - دیپڵۆماتیک بێکاریگەر بکات و بۆ ئەو پڕۆژەیەش لە پێوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و بەتایبەت بنەماڵەی بارزانی دەیەوێت بیخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

سیاسەتەکانی دەوڵەتی فاشیستی دەوڵەتی تورکیاش ئاماژەی پێدرا کە ئەو رژێم پێداگرە لەسەر قڕکردنی گەلی کورد و ئامانجی تورکیا دژایەتی لەدژی هەموو دەستکەوتی گەلی کورد لەسەرجەم بەشەکانی کوردستانە. بۆیە ڕۆژانە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بە درۆن هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی پەژاک و دەخوازێت خزمەتی راستەوخۆی ئێران بکات و لە بەرامبەردا بۆ لاواز کردنی بزوتنەوەی ئازادی بە شێوازی جیاواز هاوئاهەنگیان هەیە. هاوکاری و دژایەتی تورکیا و ئێران لە سەر پرسی کورد لە مێژووی گەلەکەمان شاراوە نیە و تاقی کراوەتەوە و بە هەموو هێزیانەوە لە دژی هەر جۆرە مافێکی دیموكراتیكن بۆ گەلی کورد.

پەژاک بۆ چارەسەری پرسی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن پڕۆژە و بەرنامەی تایبەتە

لەکۆنگرەدا لەسەر رۆڵ و بەرپرسیاری پەژاک هەڵسەنگاندن کرا کە پێویستە پەژاک بە شێوازێکی گرسەییتر و بەهێزتر خاوەندارێتی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بکات کە سەرچاوەی شۆڕشەکە لە سەر بنەمای هزری رێبەر ئاپۆوە بەرپا بووە. لەو پێناوەدا بۆ ئەوەی نرخ و بەهاکانی شۆڕش پارێزراو بن، پەژاک پێکهێنانی بەرەی دیمۆکراتیکی گەلان و یەکێتی و یەکڕیزی گەلی کورد دەکاتە ئامانجی تێکۆشانی و بەو پێیە ئاستی تێکۆشانی خۆی بەهێزتر دەکات. هاوکات لەپێناو ئازادی کوردستان و دیمۆکراتیزە کردنی ئێران پەرە بە تێکۆشانی رەوای خۆی دەدات.

بۆیە پەژاک پڕۆژە و بەرنامەی تایبەتی بۆ چارەسەری پرسی کورد و دیمۆکراتیزەکردنی ئێران دەبێت و بە پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری و کۆنفیدڕالیزمی دیمۆکراتیک دەیەوێت سەرجەم پرسە کەڵەکە کراوەکانی ناوخۆی ئێران چارەسەر بکات و لە سەر ئەساسی خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک، ئەو گەلانە خۆ بەرێکخستن بکەن. بۆ ئەوەی پارادایمی ئازادی سنورەکان دەرباز بکات. گرنگە تێکۆشان بکرێت کە فکر و فەلسەفەی ئاپۆیی لە بواری ئایدئۆلۆژیکەوە بگاتە هەموو بەشەکانیتری ئێران و نەتەوەکانیتری ئێران بە ئایدئۆلۆژی ئاپۆیی ئاشنا بن و خۆیان لەم چوارچێوەیەدا بەرێکخستن بکەن.

بۆیە لەکۆنگرەدا تیشک خرایە سەر ئەوەی کە؛ ئەم کۆنگرەیە، کۆنگرەی گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕیە و هاوکات دەبێتە هەنگاوێکی بەهێز بۆ خۆگەیاندن بۆ ناو جەماوەری ڕۆژهەڵات و ئێران.

هاوکات لە کۆنگرەدا تیشک خرایە سەر رۆڵ و بەرپرسیاری گەنجان و ئاماژە بەوە درا کە گەنجان داینامۆی بەگەڕخستنی کۆمەڵگەیە و بزوێنەری رۆحی شۆڕشگێڕی و رادیکالیزمە. گەنجان پێویستە بەشێوازێکی بەهێز و جەماوەریانە خۆیان بە رێکخستن بکەنەوە و کەڵک لەو ماتەوزە بەرفراوانەی گەنجانی ڕۆژهەڵات وەربگرن. بۆ ئەوەی گەنجانی رۆژهەڵات كاناڵیزەی خەباتی بزوتنەوەی ئازادی ڕۆژهەڵات بن و لە سەر پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ خەباتەکەیان ببێتە ناوەند و مۆتۆڕی رۆحی شۆڕشگێڕی و تێکۆشان بە دژی دیکتاتۆری و داگیرکاری. بەهێز بونی گەنجان لە رۆژهەڵاتی کوردستان واتای بەهێز بونی هەموو خەباتی بزوتنەوەی ئازادیخوازییە.

لەبەشی دیکەی کۆنگرەدا تیشک خرایە سەر کار و خەباتی میدیایی کە دەبێت لەبواری راگەیاندنیدا، راوەستە لەسەر پێكهێنانی راگەیاندنێكی بەهێز بكرێت و راگەیاندن بەردەوام پێویستی بە خۆ نوژەن کردنەوە هەیە و لەگەڵ ڕەوتی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی کەڵک لە ئامێر و تەکنیکی نوێی سەردەم بگرن.

هەروەها سەبارەت بە کار و خەباتی چاند و هونەریش ئاماژە بەوە درا کە لە بەشی کولتوری چاند و موسیقا وردتر بێتەوە و ناسینێکی بنگەهی و جەوهەری هەبێت لە مێژووی موسیقا و کەلتور و چاندی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێوازێکی زانستیانە بۆ ئەم بوارە پلان و بەرنامەی خۆی برەو پێ دەدات.

لەبەشێكی دیکەی هەڵسەنگاندنەکانی کۆنگرەدا تیشك خرایە سەر هێزی پاراستنی رەوا و ئاماژە بەوە درا؛ ستونێکی بەهێزی حەرەکەتی ئازادی، هێزی پاراستنی رەوایە. ئەو بەشە لە خەباتی ئێمە ئەرکێکی مێژوویی لە سەر شانە و لە هێندێک قۆناخی هەستیار و دیرۆکیدا دەتوانێت ئەرکی سەرشانی خۆی بە شێوازێک بەرێوە ببات کە ببێتە هێز و پشتیوان بۆ بەشەكانی تری رێكخستن. هاوکات پێویستە پاراستنی رەوا، رێکخستنی خۆی بە شێوازی جیاواز لە ناو گەلدا دروست بکات و لە کاتی پێویست ئەم بەشە، چالاکانە ئەرکەکانی خۆی ڕاپەڕێنێت.

لەکۆنگرەدا لەسەر کار و خەباتی پەژاک لەئەوروپاش راوەستە کرا و ئاماژە بەوە درا کە خەباتی ئەوروپا پارچەیەک لە رێکخستنی پەژاکە و ئەوەش زەمینەیەکی نوێ و پشتیوانییەکی کارای ئەو حەرەکەتەیە، بۆیە پێویستە گرنگی بە خەباتی هەندران بدرێت و ببێتە پشتیوان و تەواوكەری خەباتی نێوخۆی وڵات. پەژاک لە هەندران پێویستە بە جیددی راوەستە لە سەر خەباتی پەروەردە بکات و لە سەر بەرێکخستن کردنی جەوانان کار بکات و پەروەردەی تایبەت بە جەوانان لە ئەولەویەتی دابێت. هاوکات هەوڵی رێکخستن کردنی سەرجەم ئەو گەنج و ژنانە بدات کە روویان لەهەندەران کردووە.

هاوسەرۆك و ئەندامانی مەجلیسی پەژاک گۆڕدران

دوای گفتگوویەكی تێروتەسلی و لەسەر بڕیار و راسپاردەكان و ئەرێ كردنی پەیڕەو و پڕۆگرامی كۆنگرەی رابردوو و كۆنگرەی حەوتم، و هەڵبژادنی هاوسەرۆكایەتی نوێ "ئەمیر کەریمی و پەیمان ڤیان" و ئەندامانی مەجلیسی نوێ لە كۆنگرەدا هەڵبژێردران و وتەی کۆتایی کۆنگرە لەلایەن هاوسەرۆکی نوێی پەژاک "پەیمان ڤیان" پێشکەش کرا و کۆنگرەکەی بە کۆنگرەیەكی سەرکەوتوو ناودێر کرد کە لەقۆناخێکی هەستیاری مێژوودا بەڕێوە چوو و کۆنگرەی لەرێبەر ئاپۆ، بنەماڵەی شەهیدان و هەڤاڵان و گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان و سەرجەم گەلانی ئێران و هەڤاڵان پیرۆز کرد و بەڵێنی ئەوەی دا کە بە هەموو هێز و توانایانەوە لەپێناو جێبەجێ کردنی سەرجەم بڕیار و بەرنامەکانی کۆنگرەی حەفتەمی پەژاک تێبکۆشن.

کۆنگرە بە دروشمی "بژی رێبەر ئاپۆ"، "بێ رێبەر ژیان نابێت"، "شەهید نامرن" و "ژن، ژیان، ئازادی" كۆتایی هات.

هـ . ب