پەیامی ڕێبەر ئاپۆ بۆ کۆنفرانسەکەی شەنگال: ئیتر فەرمان کۆتایی هات
ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی بۆ کۆنفرانسی ڕۆشنگەریی شەنگال نارد و گوتی: "بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئیتر فەرمان بەسەر ئێزدییەکاندا نایەت، ئیتر فەرمان کۆتایی هات".
ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی بۆ کۆنفرانسی ڕۆشنگەریی شەنگال نارد و گوتی: "بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئیتر فەرمان بەسەر ئێزدییەکاندا نایەت، ئیتر فەرمان کۆتایی هات".
ڕێبەر ئاپۆ کە بە بانگەوازەکەی بووەتە ڕێنوێنی ڕێنێسانسی ئێزدییەکان، پەیامێکی تایبەتی بۆ کۆنفرانسی ڕۆشنگەریی شەنگال نارد.
پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ کۆنفرانسەکە، بەم جۆرەیە:
"پێش هەموو شتێک، بە ناوی هاوڕێیانی ئێرەوە، سڵاوتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانتان دەخوازم.
مێژوو تەنها گێڕانەوەی ڕابردوو نییە؛ ئازارەکان و بەرخۆدان و حەقیقەتیش لە هەناوی خۆیدا هەڵدەگرێت. گەلی ئێزدی، پایەیەکی دێرین و شکۆداری ئەم حەقیقەتەیە. ئێزدییەکان کە خاوەنی باوەڕێکی هەرە دێرینی میزۆپۆتامیان، هەزاران ساڵە لەبەرانبەر فشار و ئاوارەکردنی زۆرەملێ و پەراوێزخستندا، هەبوونی خۆیان پاراستووە.
ئێزدێتی، لە باوەڕ و نەریتێک واوەترە. ژیانی ئاشتییانە لەگەڵ سرووشت و پیرۆزڕاگرتنی ژینگە بەبنەما دەگرێت. هەر بۆیە، سیستەمە زۆردارەکان هەردەم ئێزدییەکانیان وەک مەترسییەک بۆ سەر خۆیان بینیوە. ئێزدییەکان، شوێنەواری ژیانی ئازاد و یەکسانیان تا ئەمڕۆ هێناوە.
ئەو دەمەی ڕووبەڕووی ستەمی مەزن بوونەوە، ئێزدییەکان پاشەکشەیان نەکرد؛ پەنایان بردە بەر چیاکانی کوردستان، گرێدراوبوون بە مێژووی خۆیان و باوەڕی ئازادییەوە. هەوڵدرا باوەڕ و زمانەکەیان قەدەغە بکرێت، بەڵام ئەوان کەلتووی خۆیان پاراست. وەختێک هەوڵی لەناوبردنیان درا، سەرلەنوێ لە خۆڵەمێشی خۆیانەوە لەدایکبوونەوە.
ژنانی ئێزدی پێشەنگی سەرەکیی ئەم تێکۆشانەن. بوونە ئامانجی هێرشی توند، وەلێ هەرگیز سەریان نەوی نەکرد. بە بەرخۆدانیان لە شەنگال، سەرلەنوێ هیوای ژیانێکی شکۆداریان بۆ خۆیان و هەموو گەلان خستە سەر پێ.
تێکۆشانی ئەمڕۆی ئێزدییەکان، بۆ هەموومان ڕێنیشاندەرە. دەنگی ئەوان، دەنگی هەموو ئازادیخوازێکە. بۆیە، پاراستنی گەلی ئێزدی لەسەر بنەمای پاراستنی جەوهەری، خاوەندارییە لە ویژدانی مرۆڤایەتی.
مافی سرووشتی ئێزدییەکانە کە سیستەمێک بۆ خۆیان بنیات بنێن، تا بتوانن بە ئازادی، بە ناسنامە و باوەڕی خۆیانەوە بژین. دەوڵەتە زۆردارەکان و زیهنیەتە نەتەوەپەرستە تەنگەکان، دان بەم مافەدا نانێن. ئەمە، لەسەر بنەمای یەکسانی، خوشک و برایەتیی گەلان، بە سیستەمێک کە بتوانن خۆیان بەڕێوەببەن، ڕێی تێ دەچێت.
پێویستە هەمووان بزانن، گەلی ئێزدی تەنها نییە. سەرباری ئازاری ٧٣ فەرمانەکە، بە بەرخۆدان خۆیان گەیاندە ئەمڕۆ. بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە ئێمە بەرەوپێشی دەبەین، ئیتر فەرمان بەسەر ئەواندا نایەت. ئیتر فەرمان کۆتایی هات. هەبوونی ئەوان، بۆ هەموو کەسێکی کە خوازیاری ئاستی و خوشک و برایەتییە لەم جوگرافیایە، مەسەلەی شەرەف و شکۆیە".
بەشداربووانی کۆنفرانسەکە بە جۆشوخرۆشێکی مەزنەوە پێشوازییان لە پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد.