لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن نزیکەی دوو هەزار کەسایەتی، چالاکوانی سیاسی، مەدەنی، رۆشنبیری، رۆژنامەنووس، نوسەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان واژۆکراوە و ئاراستەی ناوەند و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان کراوە، هێرشە قڕکاری و داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و رۆژئاوای کوردستان بە توندوتی شەرمەزارکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا داواکراوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە فەرمی بناسرێت و رێگری لەو پەلامارانەی دەوڵەتی تورک بکرێت و کار بۆ ئەويس بکرێت کە دەوڵەتی تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکان بکشێتەوە.
هەروەها داواشیان کردووە بە بەشداری دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی مافی ژنان و منداڵان و ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان هەڵسەنگاندن بۆ ڕەهەندەکانی کارەسات و تاوانەکانی ئێستای دەوڵەتی تورک و میلیشیا هاوپەیمانەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا بکرێت.
دەقی راگەیەندراو و بانگەوازی ئەو چالاکوان و کەسایەتیانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەم جۆرەیە:
"بۆ ڕای گشتی جیهانیان، ئازادیخوازان و مرۆڤە بەویژدانەکان
ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، کۆنوانسیونە یاساییەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە،
لێژنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، سازمانی نێودەوڵەتی ماڤی مرۆڤ
سازمانی پزیشکانی بێ سنوور
وەزارەتەکانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ،
وەزارەتەکانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان...
لە ماوەی ڕابردوودا ڕژێمی فاشیستی تورکیا بە شێوەیەکی بەرفراوان هێرش و دەستدرێژیەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژاڤا) و هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق چڕتر کردووەتەوە. ئەم دەستدرێژییانە کە لە سایەی بایکۆتی میدیا و بێدەنگی ڕای گشتی جیهانیدا ڕوودەدەن، بەهۆی ڕێککەوتنە نهێنییەکانی نێوان زلهێزەکانی ناوچەکە پشتگوێ خراوە. لە کاتێکدا ململانێکانی غەززە و باشووری لوبنان سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، دەوڵەتی تورکیا لەم دەرفەتە بۆ تێکدانی پێکهاتەی سیاسی ڕۆژاڤا کەڵک وەردەگرێت کە لەسەر بنەمای ئیرادەی خەڵکی ئەو ناوچەیە پێکهاتووە. ئەمە هەمان سیناریۆیە کە دەمێک ساڵە بە بیانووی جۆراوجۆر دژ بە هەرێمی کوردستان لە باشووریش جێبەجێ دەکرێت.
سیاسەتەکانی تورکیە لە ناوچەکەدا، بە ڕوانگەیەکی فاشیستی بۆ لە ناوبردنی ئەوی دیکە و دژایەتی لەگەڵ هەرجۆرە سازانی بنیاتنەر لەگەڵ دراوسێ و وڵاتانی دیکە، هەموو سنوورە یاسایی و مرۆڤیەکانی تێپەڕاندووە و لە هیچ چوارچێوەیەکدا ناگونجێت. تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانی وڵاتانی هاوپەیمانی تورکیا لە ناتۆ بێزارن لەم هەڵسوکەوتە ناعەقڵانی و شەڕانگێزانە و داوایان کردووە تورکیا هەلوێستی خۆی لە ناتۆ دیاری بکات و کۆتایی بە هەڵسوکەوتە دووفاقی و دژبەیەکەکەی بهێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، لەم دۆخە نالەبارە، تورکیا لەناکاو باسی "ئاشتی لەگەڵ کورد" و تەنانەت ئەگەری ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان، سەرکردەی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی کردووە.
واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە، لە چین و توێژە جیاوازەکانی هاووڵاتیانی کوردستان، وێڕای پێشوازیکردن لە دەرفەتی نوێ بۆ ئاشتی و ئاشتەوایی و هەروەها متمانە بە سیاسەتمەدارانی کورد لە گۆڕەپانی سیاسی تورکیا، لەگەڵ شەرمەزارکردنی دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤا و داگیرکردنی خاکی ئەم دوو کیانە سیاسییە کە هۆکارە بۆ کارەساتی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژینگەیی داواکارییەکانیان بەم شێوەیە ڕادەگەیەنن:
١. شەرمەزارکردنی توند و گشتگیری دەستدرێژی و داگیرکارییەکانی حکومەتی تورکیا بۆ سەر خاکی دراوسێکانی و پیویستی بەجێهێشتنی ناوچە داگیرکراوەکان
٢. قبووڵکردنی قەبارەی سیاسی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژاڤا وەک نوێنەری یاسایی و سیاسی خەڵکی ئەو هەرێمە.
٣. پێکهێنانی کۆمیسیۆن و دەستەی چاودێری بێلایەن بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی تەواو و بەڵگەدار لەسەر ڕەهەندە جیاوازەکانی دەستدرێژی و داگیرکاری تورکیا.
٤. ئامادەبوون و بەشداریی دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی مافی ژنان و منداڵان و ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەهەندەکانی کارەسات و تاوانەکانی ئێستای تورکیا و میلیشیا هاوپەیمانەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا.
٥.دانپێدانان بە مافی چارەی خۆنووسین بۆ نەتەوەی کورد لە لایەن کۆمەڵگەی جیهانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پشتیوانی هەمەلایەنە لە هەموو شێوازەکانی بەدیهێنانی
ئەم بەیاننامەیە بە هیوای جیهانێکی دوور لە دڕندەیی، شەڕانگێزی و جینۆساید، لەلایەن کۆمەڵێک هاووڵاتی، چالاکانی مەدەنی، سیاسی و ژینگەپارێزی کوردستانی ئێرانەوە واژۆ کراوە."