لە کەرکوک، ٥ چەتەی داعش کوژران و ٧ چەتە دەستگیرکران

ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند پیلانێكی مه‌ترسیداری چەتەکانی داعش له‌ كه‌ركوك شكستی پێ هێنراوە، حەوت چەتە دەستگیرکران و پێنجی دیکەش کوژران.

لە ئۆپراسیۆنێكدا لە سنوری پارێزگای کەرکوک لە باشوری کوردستان، پێنج تیرۆریست كوژراون و ئەمیرێکی چەتەکانی داعش و شەش تیرۆرستی تریش بە هاوكاری ئاسایشی سلێمانی و دەزگای ئاسایشی نشتیمانی عێراق دەستگیركران.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاشکرای کرد: "لە ناوچەی زەغیتون لە كەركوك بە فڕۆكەی ئێف ١٦ بۆردومانی چەند پێگەیەكی تیرۆریستانی داعشیان كردووە و دوای بۆردومانەكە تەرمی پێنج تیرۆریست دۆزراونەتەوە".

هەروەها فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق ، ئاشکراشی کردووە، هەر لەو ئۆپراسیۆنەدا چوار جۆری چەك و پشتێنی بۆمبڕێژكراو و شەش بۆمب و چەند جۆرێكی تری تەقەمەنی دەستیان بەسەرداگیراوە و ئۆپراسیۆنەكانیشیان بۆ لەناوبردنی پاشماوەكانی چەتەکانی داعش بەردەوام دەبێت و چڕتریشی دەكەنەوە.

لەلای خۆیەوە، دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عیراق لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ڕایگەیاند: "حەوت تیرۆرست لە ناوچەکانی دەوروبەری كەركوك بە هاوكاری ئاسایشی سلێمانی دەستگیركراون كە یەكێكیان ئەمیری داعش بووە لە هەرێمی كوردستان بە ناوی ئازاد شاخی".

جێگای باسە، لە ڕاگەیاندراوەکەی دەزگای ئاسایشی نشتیمانی عێراق ئاماژە بەوەش کراوە، پیلانێكی "مەترسیداری تیرۆریستی" چەتەکانی داعشیان لە پارێزگای کەرکوک شكستپێهێنا، کە بەنیازبوون کردەوەی تیرۆرستی ئه‌نجامبده‌ن و لیستێكی ناوی كه‌سایه‌تیی و پێگه‌ی ئه‌منیان ئاماده‌كردبوو به‌ مه‌به‌ستی به‌ ئامانجكردنیان.