بە دیمەن

شاندی پەرلەمانی بەریتانیا و یەکێتی ئەورووپا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریان

شاندی پەرلەمانی بەریتانیا و یەکێتی ئەورووپا پاش دیدارەکانیان لە باشووری کوردستان سەردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان کرد و لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجومەنی سوریانیەکان و هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەسەدە، ئیلهام ئەحمەد کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی پەرلەمانی بەریتانیا و یەکێتی ئەورووپا لە کوردستان بەردەوامە. شاندە ١٤ کەسییەکە کە لۆردیشی تێدایە، دوێنێ دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری باشووری کوردستان و مەسعود بارزانی پەدەکە، سەردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان کرد.

هەڵسەنگاندنی بانگەوازییە مێژوویەکەی ڕێبەر ئاپۆ

مەسعوود بارزانی لەکۆبوونەوەی لەگەڵ شاندەکە لە سەلاحەدین، لەبارەی ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە دژی گەلی کورد کراون زانیاری داوەتە شاندەکە. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" کراوە و ڕاگەیەندراوە کە نابێت هیچ لایەنێک لە پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەریدا پەنا بۆ شەڕ ببات.

کوبوونەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی سووریانییەکان

شاندەکە دوای کۆبوونەوەکانی لە باشووری کوردستان سەردانی ڕۆژئاوایان کرد و سەرەتا لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجومەنی سوریانییەکان لە ڕۆژئاوا کۆبوونەوە و لەلایەن مادرا گاڤرییەوە پێشوازیان لێکرا.

باسکردن لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک

مادرا گاڤرییە لەسەر دۆخی مەسیحییەکان و سوریانیەکانی ناوچەکە زانیاری پێشکەش کرد و نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەر پێکهاتەی مەسیحییەکان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە ئاوارەی و کۆچکردن هێشتا بەردەوامە.

هەروەها مادرا گاڤرییە سەرنجی دایەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وتی: "دەوڵەتی تورک بەردەوام ئاوی ڕووباری خابور دەبڕێت و ئەمەش بووەتە هۆی وشکبوونەوەی ڕووبارەکە و زیانێکی زۆر بە سوریانیەکان دەگات.

کۆبوونەوە لەگەڵ مەسەدە

دواتر شاندەکە لە شاری قامیشلۆ لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئیدارەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەسەدە کۆبووەوە و سەبارەت بە دوایین پێشهاتە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی ناوچەکە زانیاری ورد پێشکەشکرا.

ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند کە گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان بەردەوامە و لەو بارەوە لەسەر پرسی یەکڕیزی لایەنەکان کۆبوونەوەی گرنگ بەڕێوەدەچێت. ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ١٨ی نیسان کۆنفرانسێک بەڕێوەدەچێت و دوای ئەم کۆنفرانسە کۆمیتەیەک بۆ چاودێری کردنی پرۆسەی داڕشتنەوەی دەستووری نوێی سووریا پێکدەهێنرێت و بەشداری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای له پڕۆسەکەدا بە گرنگ بینی.

'تورکیا بووەتە هۆی قەیرانی مرۆیی'

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەیشی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردەوە و ڕایگەیاند بڕینی بە ئەنقەست سەرچاوەکانی ئاو بەتایبەتی لە کانتۆنی حەسەکە بووەتە هۆی قەیرانی وشکەساڵی لە ناوچەکە و ئاوی خواردنەوە زۆر کەمی کردووە و ڕایگەیاند؛ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکەدا قەیرانی مرۆیی بەدوای خۆیدا هێناوە.

 ئیلهام ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا ڕەخنەی لە حکومەتی دیمەشق کرد و ڕایگەیاند کە ئەم حکومەتە بە تەواوی پشت بە ئایدۆلۆژی ئیسلامی و سەلەفی دەبەستێت و بۆیە ناتوانی نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بکات.

ئیلهام ئەحمەد لە کۆتاییدا سەرنجی خستەسەر گرنگی ئامادەکردنی دەستوورێکی  ڕوون و هەمەلایەنە کە ببێتە بنەمای هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک و ڕایگەیاند ئەگەر ئەو بنامایانە ڕەچاو نەکرێت کێشە لە سیستەمی هەڵبژاردنەکاندا بەردەوام دەبێت.

کۆبوونەوەی شاندەکە بەردەوام دەبێت

شاندەکە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانیدا لە ڕۆژئاوا، لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک کۆدەبێتەوە.