ئایشەگوڵ دۆغان: ڕێگەی ئیمراڵی بکەنەوە
وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند دەبێت دەستبەجێ دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام بدرێت، گوتی: "ئیدی ڕێگەی ئیمراڵی بکەنەوە".
وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند دەبێت دەستبەجێ دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام بدرێت، گوتی: "ئیدی ڕێگەی ئیمراڵی بکەنەوە".
وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئایشەگوڵ دۆغان لە ناوەندی گشتی پارتەکەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەست.
ئەوانەی دەڵێن "کورد چی دەوێت؟" با بڕواننە نەورۆز
ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەرگایەکی نوێی کردەوە و ئاهەنگەکانی نەورۆز ئەم دەرفەتە مێژووییەی بەهێزتر کرد، گوتی: " ملیۆنان کەس خاوەنداریان لە ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک کرد و گوتیان "ئێمە لێرەین، ئامادەین". ئەوانەی دەڵێن کورد چی دەوێت؟ با سەیری گۆڕەپانەکانی نەورۆز بکەن. با سەیری گۆڕەپانەکانی نەورۆز بکەن کە لە ١١ی ئادارەوە هەزاران، سەدان هەزار، ملیۆنان کۆبوونەوە و هەڵپەڕکێیان کرد. تکایە سەیری ئەو ئاهەنگانە بکەن. ئەوانەی ئەو پرسیارە دەکەن 'لە پرسی کورددا موخاتەب کێیە؟' "پێویستە سەیری گۆڕەپانەکانی نەورۆز بکەن".
هەڵوێستی ئێمە ڕوونە، لایەنی ئێمە دیارە
ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند نابێت کەس دەم پارتی و دەنگدەرانی دەم پارتی و گەلی کورد و ئەوانەی لەگەڵ گەلی کورد تێکۆشان دەکەن بکاتە دوژمنی خۆی، گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئازادی و یاسا و یەکسانیین. ئێمە تورکیایەکی دیموکراتیک بۆ هەمووان دەخوازین".
زماندرێژیی لەسەر نەورۆز نەکەن!
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کۆبوونەوە و هەڵپەڕکێیەکان لە گۆڕەپانەکانی نەورۆز بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە، بەرئەنجامی تێکۆشانە، گوتی: "گەر ئەم جۆش و ئیرادەیە نەبووایە، لە تورکیا باسی یەکسانی و دیموکراسی و ئازادی و ماف و یاسا و دادپەروەری نەدەکرا. ئەمە بە تێکۆشانی هاوبەش و ئیرادەی گەل پێکهات. بۆیە ئەوانەی زماندرێژی بەرامبەر نەورۆز دەکەن، با دیسانەوە بیربکەنەوە و سەیری گۆڕەپانەکان بکەن".
ڕێککەوتنی شار تاوانبار مەکەن
ئایشەگوڵ دۆغان جەختی کردەوە ڕێککەوتنی شارەکان دیموکراسیی خۆجێی دەهێنێت و نابێت بە هیچ جۆرێک ڕێککەوتنی شار بە تاوان بزانرێت، گوتی: "ڕێککەوتنی شار ستراتیژێکی ڕەوایە و گوزارشت لە دیموکراسی خۆجێی دەکات. هەنگاوێکی گرنگە بۆ دیموکراسیی خۆجێی. ئەوانەی لە ڕێککەوتنی شارەکان دەترسن چۆن دەتوانن دیموکراسی لە تورکیا مسۆگەر بکەن؟".
لە ئامەدەوە ڕێپێوان دەکەین بۆ ئامارا
ئایشەگوڵ دۆغان دەربارەی ڕێپێوانەکەی ئەنجوومەنی گەنجانی دەم پارتی بە درووشمی "بە کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەرەو ئازادی ڕێپێوان دەکەین" کە لەنێوان ١-٤ ی نیسان لە ئامەدەوە ڕێپێوان دەکەن بەرەو ئامارا، سڵاوی لە هەوڵی گەنجان کرد و گوتی: "ئێمە دەزانین ئەگەر پێکەوە و بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی و ئیرادەی گەل بکەین، ئەوا سەردەکەوین".
ڕەنگە پاش جەژن دیداری ئیمراڵی ئەنجام بدرێت
ئایشەگوڵ دۆغان دەربارەی پرسیاری ئایا دەچنە ئیمراڵی، گوتی: " گوتمان پێویستە مەرجەکان مسۆگەر بکرێن بۆ ئەوەی دەنگی بەڕێز ئۆجالان ببیسترێت و قسەکانی بگاتە هەموو شوێنێک، بتوانێت بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان بکات و بۆچوونەکانی خۆی دەرببڕێت و بتوانرێت پەیوەندی لەگەڵیدا دابنرێت. پەیامی نەورۆز زۆر ڕوون بوو. سەدان هەزار کەس داوای ئازادی بەڕێز ئۆجالانیان دەکرد. ئەم بانگەوازەش ڕەنگدانەوەی حەسرەتی کۆمەڵگایە بۆ ئاشتی و دیموکراسی. دەکرێت ئەم ڕێگایە بکرێتەوە. ئێمە دەزانین خاوەندارییەکی وەها بەهێز هەیە. ئێمە دەمانزانی بەڕێز ئۆجالان ناونیشانی چارەسەرە. هەر بۆیە وتمان گۆشەگیری هەڵبگرن. دەمانگوت هەر خولەکێک گۆشەگیری بەردەوام دەبێت، زیاتر کاریگەری لەسەر ژیانی هەموومان دەبێت. ئیدی ڕێگەی ئیمراڵی بکەنەوە. ڕۆژنامەنووس و لایەنی سیاسی و ڕێکخراوی دیموکراتیک هەن کە دەیانەوێت لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان دیدار ئەنجام بدەن. ژنان و گەنجان و بنەماڵە و پارێزەران دەیانەوێت دیدار ئەنجام بدەن. پێویستە هەموو کەسێک بتوانێت دیدار ئەنجام بدات. چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە کە بەڕێز ئۆجالان دەستبەجێ لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرانی کۆببێتەوە. ڕەنگە دوای جەژن شاندی ئیمراڵی دیدار ئەنجام بدات. پێویستە ئیدی ئەم ڕێگەیە بکەنەوە".