قەسەدە ساڵیادی ڕزگارکردنی باغۆزی پیرۆز کرد

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بە درووشمی "لە باغۆز تیرۆرمان تێکشکاند، بۆ بنیاتنانی سوریایەکی فرەڕەنگ و ناناوەندی درێژە بە تێکۆشان دەدەین"، ساڵیادی ڕزگارکردنی شارۆچکەی باغۆزی پیرۆز کرد.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بە ئاهەنگێک ساڵیادی ڕزگارکردنی شارۆچکەی باغۆزی پیرۆز کرد. ئاهەنگەکە لە دەیرەزۆر بە بەشداری فەرماندەکانی قەسەدە و ئەنجوومەنی سەربازیی دەیرەزۆر و شێخ و ڕیش‌سپی عەشیرەتەکان و ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان و شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو.

لە گۆڕەپانەکە وێنەی شەهیدانی قەسەدە و ئاڵا و درووشم هەڵواسران.

فەرماندە لە فەرماندەیی گشتی قەسەدە، لوقمان خەلیل ڕایگەیاند شانازی بەو دەستکەوتانە دەکەن کە لە سایەی قوربانیدانی شەهیدان بەدەست هاتوون و داوای یەکگرتنی نێونەتەوەیی کرد بۆ پتەوکردنی ئاسایشی سوریا و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.

دووپاتی کردەوە، یەکگرتن پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە مەزنەکانی بەردەم گەلی سوریا.

خەلیل جەختی کردەوە، دۆسیەی چەتەکانی داعش هێشتا هەڕەشەیە، بۆ لەناوبردنی تیرۆر و مسۆگەرکردنی ئاسایش و ئاشتی بەردەوام، هاوکاری نێونەتەوەیی ڕاستەقینە پێویستە.

شێخی عەشیرەتی بو جامل، شێخ عەمار ئەلهەداوی قسەی کرد و جەختی کردەوە لەسەر یەکێتی نیشتیمانیی.

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان، فەلەک عوسمان؛ فەرماندە لە ئەنجوومەنی سەربازیی دەیرەزۆر نوری خەلیل قسەیان کرد، جەختیان کردەوە لەسەر پاراستنی دەسکەوتەکان و ئاسایشی هەرێمەکە.

بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ژنانی زنوبیای کانتۆنی دەیرەزۆر خیتام ئەل ساڵەح ساڵیادی رزگارکردنی باغۆزی پیرۆز کرد، گوتی: "لەسایەی یەکگرتنی گەل، سەرکەوتنی مەزن بەدەستهات".

ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.