دادگای گەلانی ڕۆژئاوا دەوڵەتی تورکی بە تاوانبار لەقەڵەمدا
لە دانیشتنی دادگای گەلانی ڕۆژئاوادا، شاندی دادگا ڕایگەیاند کە ئەوان تاوانەکانی جەنگی دەوڵەتی تورک، تاوانە دژە مرۆڤایەتییەکان، هێرشەکانی قڕکردن و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیان سەلماندووە.
لە دانیشتنی دادگای گەلانی ڕۆژئاوادا، شاندی دادگا ڕایگەیاند کە ئەوان تاوانەکانی جەنگی دەوڵەتی تورک، تاوانە دژە مرۆڤایەتییەکان، هێرشەکانی قڕکردن و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیان سەلماندووە.
لە بروکسلی پایتەختی بەلژیکا، بڕیاری دادگای گەلانی ڕۆژئاوا کە ٥-٦ی شوبات لە زانکۆی ئازادی بروکسل ئەنجامدرا، بۆ ڕای گشتی پەرلەمانی ئەوروپا بڵاوکرایەوە.
کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکە لە بینای پەرلەمان لە گۆڕەپانی لوکسەمبۆرگ بەڕێوەچوو. شاندی دادگا و پارێزەر و سیاسەتمەدارانی کورد و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ بەشدرابوون. هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئیلهام ئەحمەد ئامادە بوو.
لە شاندی دادگا، جیانی تۆگنۆنی بڕیارەکەی بەکورتی بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند.
بەشی 'بەڵگە' لە بڕیارە ٨٠ لاپەڕەییەکەدا، نەخشەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هێرشکردنە سەر هەرێمە مەدەنییەکان، هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی، ئەشکەنجەدان، ڕفاندن، ڕەشبگیری، ئاوارەکردنی زۆرەملێ و هێرشی کولتووری و مێژوویی لەخۆگرتبوو.
هەروەها بڕیارەکە تاوانەکانی هێرشکاری، تاوانی جەنگ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و شیکاری یاسایی پەیوەست بە بەرپرسیارێتی لەخۆگرتبوو.
لە بڕیارەکەدا سزانەدانی تاوانە نێونەتەوەییەکان، هەڵسەنگاندن دەربارەی ناڕەزایەتی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و پێشنیار هەبوون.
بڕیارەکەی دادگا، سەرۆککۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، وەزیری بەرگری هولوسی ئاکار، ڕاوێژکاری ئەوکاتی میت هاکان فیدان، وەزیری فەرماندەیی گشتی ئەوکات یاشار گولەر، فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەوکات ئومیت دوندار، تاوانبار دەکات.
تاوانەکانی هێرشکردن و دەستدرێژی
چەند بەشێکی بڕیارەکەی شاندی دادگا بەم جۆرەیە:
"شاندەکە بڕیاری داوە کە ئەو دەستێوەردانانە سەربازییانەی تورکیا لە هەرێمی ڕۆژئاوا لە باکوری سوریا ئەنجامیانداوە، بەپێی بڕیارنامەی ٣٣١٤ی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوانی هێرش و دەستدرێژییە.
تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تا ئێستا ٣ ئۆپەراسیۆنی سەربازی گەورەی دژی ڕۆژئاوا ئەنجامداوە (قەڵغانی فورات، چڵە زەیتون، کانیی ئاشتی)، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەشدا ڕەوشێکی داگیرکاریی درێژخایەن لە هەرێمەکانی عەفرین، تەل عەبیاد، سەرێکانی و ئەلباب سەریهەڵداوە. ئەم پراکتیکە سەربازییانە مافی سەروەریی سوریای پێشێل کردووە و هەڕەشەیە لەسەر ئاشتی نێونەتەوەیی.
تاوانەکانی جەنگ
شاندەکە دووپاتی کردەوە، تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی بەپێی مادەی هەشتەمی پەیڕەوی ناوخۆی ڕۆما تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە.
ئەم تاوانانە بەم شێوەیەن: بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان، ژێرخانی ئاو و ئامانجە مەدەنییەکانی تر.
بەکارهێنانی چەکی کیمیایی: بەڵگە هەیە لەسەر بەکارهێنانی فسفۆری سپی لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە تەل عەبیاد و سەرێکانی.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دیاری کراوە کە گروپە چەکدارەکان کە تورکیا پشتیوانیان لێ دەکات، بەشێوەی هەڕەمەکی تاوانی کوشتنیان لەدژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامداوە.
ئەشکەنجە و ڕەفتاری خراپ: ڕووداوەکانی ڕفاندن و ئەشکەنجە و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ تۆمارکراون.
تاوانی دژی مرۆڤایەتی
شاندەکە ڕایانگەیاند کە تورکیا گۆڕانی دیمۆگرافی لە ڕۆژئاوا ئەنجام دەدات و بەشێوەیەکی سیستەماتیک مافی مرۆڤ پێشێل دەکات.
دوای داگیرکردنی عەفرین زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کورد لە هەرێمەکە دەرکران. زەوی و موڵکی کورد لە هەرێمە داگیرکراوەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە دەستی بەسەردا گیراوە.
سزانەدان و پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان
شاندەکە ئاماژە بەوە دەکات لێپرسینەوە لە تورکیا نەکراوە بەرامبەر تاوانانەی دژی یاسا نێونەتەوەییەکان ئەنجامی داوە، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی وەک پێویست کاردانەوەیان بەرامبەر ئەو تاوانانە نیشان نەداوە. تورکیا ئاستەنگی یاسایی دروست کردووە بۆ ئەوەی لەبەردەم دادگا نێونەتەوەییەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکرێت. سیستەمی دادوەری لە تورکیا تاوانبارانی ئەم تاوانە دەپارێزێت و سزایان دەدات. کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هیچ هەوڵێکی کاریگەرانەی نەبووە لە دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ.
پێشنیارەکانی دادگا
شاندی دادگای گەلی ڕۆژئاوا پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئەم هەنگاوانە بنرێت؛ پێویستە فشارە نێونەتەوەییەکان زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی تورکیا کۆتایی بە داگیرکارییەکانی لە ڕۆژئاوا بهێنێت و لە هەرێمەکە بکشێتەوە. پێویستە هەوڵ بدرێت بەرپرسانی باڵای تورکیا لەبەردەم دادگای تاوانە نێونەتەوەییەکان دادگایی بکرێن. دەبێت سزا ئابوری و سیاسییەکان دژ بە تورکیا زیاد بکرێن. پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا کۆمیسیۆنێکی تایبەت دابمەرزرێنن، تاوەکو بە شێوەیەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرت لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژئاوا بکەن.
ئەنجام
ئەم ئەنجامە، بانگەوازێکە بۆ سەروەریی یاسای نێونەتەوەیی. چالاکییەکانی تورکیا هەڕەشەیە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی، دەبێت دەستبەجێ هەنگاوبنرێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان.