یەکێتی دوای کۆبوونەوەکان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە
نووسینگەی ڕاگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. ڕاگەیەندرا کە سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی پشتگیریەکی بەهێز لە پرۆسەی چارەسەری دەکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. ڕاگەیەندرا کە سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی پشتگیریەکی بەهێز لە پرۆسەی چارەسەری دەکات.
کاتژمێر ١٠:٠٠ شاندی ئیمراڵی لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبونەوە.
دوای کۆبوونەوەکان، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکدا هاتووە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە دەباشان بەخێرهاتنی شاندی ئیمراڵی کرد بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر.
هەروەها لە بەیاننامەکدا ئاماژە بەوەشکراوە له کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەکتەب سیاسی ئاماده بوو، شاندی ئیمرالی سڵاو و ڕێزی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانیان گەیاندە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و بڕیار، سیاسه ت و بژاردەکانی خۆیان سەبارەت بە ڕووداوه سیاسییەکانی ناوچەکه و پرسی ئاشتی له تورکیا و گفتوگۆکانیان له گەڵ بەڕێز ئۆجالان باس کرد. هەروەها سەرۆک بافڵ وێڕای بەخێرهاتنی گەرمی شاندەکە، بەڕوونی بۆچوونەکانی خۆی و ستراتیژی یەکێتی سەبارەت بە قۆناغی نوێی ئاشتی لە تورکیا هێنایە زمان و ڕایگەیاند، پاڵپشتی و پشتگیری هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە دەیانەوێت مافی گەلی کورد لە تورکیا بپارێزن و هەروەها وەک یەکێتی بۆ سەرکەوتنی ئەو هەوڵە مێژووییەی کە سەرۆک مام جەلال لە ساڵی ١٩٩٣ بناغەی دانابوو، لە هاوکاریدا دەبین.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە:" له میانه ی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند، هەتا پرسی کورد چارەسەر نەکرێت، ئاشتی و ئارامی له ناوچەکەدا بەرقەرار نابێت و وه ک پێشتر ڕامانگەیاندووە پرسی کورد به چەک و شەڕ چارەسەڕ ناکرێت و ناگاتە ئەنجام. چونکە تاکە ڕێگەی چارەسەری گفتوگۆ و دیالۆگی ڕاستەقینەیە. هیوادارین هەموو لایەنەکان هەوڵێکی تایبەت و دڵسۆزانە بدەن بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە مێژووییە، لەسەر بنەمایە باوەڕمان بە پێکەوە ژیان، خوشک و برایەتی، ئاشتی و ئارامی هەیە. بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، هیوادارین زمانی دیالۆگ لەسەروی هەمووانەوە بێت و دەستی خوشک و برایەتی بخەنە ناو دەستی یەکترەوە، هیوادارین بۆ خوشک و برایەتی تورک و کورد و سەرکەوتنی ئەو هەوڵە نیشتمانییە، نیازێکی جددی لەکاردا هەبێت."