پەژاک: پاراستنی زمانی کوردی بەشێکە لە ئازادییەکانی گەلەکەمان

پەژاک بە بۆنەی ٢١/٢/٢٠٢٥ ڕۆژی جیهانی زمانی دایکەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەم ڕۆژەی لە گەلی کورد و هەموو مرۆڤایەتی پیرۆز کرد و ڕایگەیاند: "تێکۆشان بۆ خوێندن و فێر بوون بە زمانی دایکی، واتا بە تێکۆشانی ئازادیی دەدات."

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بۆنەی  ٢١/٢/٢٠٢٥ ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. پەژاک ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی لە هەموو گەلانی ستەملێکراو بەتایبەت گەلی کورد پیرۆز کرد و داوای لە هەموو گەلی کورد کرد کە بۆ پاراستنی زمانی کوردی تێکۆشانیان بەرز بکەنەوە و ڕایگەیاند: "پێویستە هەموو ماڵ و شوێنێک بۆ پاراستنی زمانی کوردی و فێرگەی زمانی کوردی بکرێتە قوتابخانە. ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگاربوون لە ستەم و چەوساندنەوەی نەتەوەیی و کولتووری."

لە درێژەی راگەیەندراوەکەی پەژاک دا بەناونیشانی "تێکۆشان بۆ پەروەردە بە زمانی دایکی، واتا بە تێکۆشانی ئازادیی دەدات و جوانی پێدەبەخشێت" هاتووە:

"٢١ی شوبات وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی ناسێندراوە. گەلی کورد لە دونیای ئەمڕۆدا بە پاراستنی زمانی زگماکی خۆی کولتووری خۆی پاراستووە، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی جینۆسایدی کولتووری بووەتەوە. شەڕی پاراستنی زمانی کوردی بۆ کورد تەنیا ڕێگایەکە بۆ پاراستنی هەبوون و پووچەڵکردنەوەی جینۆسایدی کولتوورییە.

سیاسەتی هەر چوار حکوومەتی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا بەرامبەر بە کورد و قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایکی، لەسەر بنەمای پارادایمی شۆڤێنیستییە کە لە هەوڵی ئەودایە یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک کولتوور، یەک مێژوو و یەک ئاڵا بسەپێنێت. زیاتر لە سەدەیەکە ئەم ستراتیژە گڵاو و شۆڤێنی و ڕەگەزپەرەستانەیە بەرانبەر گەلی کورد بەکار دەهێنن. گومانی تێدا نییە کە ئەمڕۆ گەلی کورد بۆ پاراستنی زمانی کوردی و پەروەردە کردنی لە تێکۆشانێکی بێوێنە و فیداییانەدایە. زمانی کوردی، هەبوونێکی کولتوورییە، کە لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت تەواوی میراتی مێژوویی بپارێزرێت، بوترێت و بە جیهان بناسێنرێت. دروستبوونی جیهانێکی دیموکراتیک بەبێ مافی خوێندن بە زمانی دایکی مەحاڵە. بۆیە قەدەغە کردنی مافی خوێندن بە زمانی دایکی لەسەر بنەمای سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن دەبێتە هۆی لەناوچوونی یاسای ناوچەیی و جیهانی.

پەرەدان و بڵاوکردنەوەی زمانی کوردی و شێوەزارەکانی بە پەنابردن بۆ سیاسەت و ستراتیژێک کە پرەنسیپ و پێوەرەکانی فرەچەشنی کولتووری لەخۆ بگرن، دەکرێت. بە دڵنیاییەوە بە پەروەردە هەر تاکێک دەتوانێت زانست و شارەزایی تەواوتر بەدەست بهێنێت و ئەمەش بە پەروەردە بە زمانی دایکیەوە دەکرێت. زمانی کوردی یەکێکە لە ڕەهەندە بنەڕەتییەکانی بوون و مانەوەی گەلی کوردە، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە هەموو شێوەیەک نکۆڵی لێدەکرێت و لەلایەن حکومەتە هەژموونگەرە جیهانییەکانەوە هیچ ڕێگریەکی لێ نەکراوە. بە قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایکی، مافی ژیانی ئازادی گەلەکەمانیان پێشێل کراوە. بۆیە تێکۆشانی پەروەردە بە زمانی دایکی تێکۆشانی ئازادیی مانادارتر و جوانتر دەکات.

ئەمڕۆ گەلی کورد بە تێکۆشان و فیداکاریی بێوچانی خۆیەوە لە قۆناغی جینۆسایدی فیزیکی ڕزگاری بووە و کاتی ئەوە هاتووە کە بە ئازادیی ئەکجارەکی کۆتایی بە سیاسەتی جینۆسایدی کولتووری دوژمنان بهێنێت. بە دڵنیاییەوە سەپاندنی "زمانی فەرمی" لەلایەن دەسەڵاتە فاشیستەکانەوە، گەلانی بندەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە دەرفەتی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد بێبەش کردووە. کۆمەڵگای ئازاد ئەو کۆمەڵگایەیە کە بتوانێت لە ڕێگەی هونەر و ئەدەبیاتەوە ناسنامەی کولتووری خۆی پێشبخات و جوانی پێ ببەخشێت. بۆیە سەپاندنی زمانی فەرمی دەوڵەتانی دەسەڵاتدار بەسەر نەتەوە بندەستەکاندا نموونەیەکی ڕوونی جینۆسایدی کولتوورییە. لەم جیهانە دەستکردەی خۆیاندا، هەموو دەوڵەمەندییە کولتوورییەکانی کۆمەڵگاکان لەناو دەبەن و ماف بە زمانی دایکی گەلێک نادات. بۆیە ئەم مافە تەنیا بە تێکۆشانی بەردەوامەوە بەدی دێت.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) سەرەڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی لە هەموو گەلانی بندەست بەتایبەت گەلی کورد، بانگەوازی لە هەموو گەلەکەمان دەکات کە بۆ پاراستنی زمانی کوردی تێکۆشانیان بەرز بکەنەوە و  هەموو ماڵ و شوێنێک بۆ پاراستن و فێربوونی زمانی کوردی بکەنە قوتابخانە. ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگاری لە چەوسانەوەی نەتەوەیی و کولتووری. هەروەها قسەکردن بە زمانی دایکی ئەرکێکی بنەڕەتییە بۆ هەر تاکێک لە پاراستنی زمانی کوردیدا و لەو چوارچێوەدا مافە کولتوورییەکانمان بپارێزرێن و گەشەی پێ بدەین. پاراستنی زمانی کوردی یەکێکە لە ئازادییەکانی گەلەکەمان. بژی کۆمەڵگای ئازاد."